شاعیر: مەحوی کتێب: غەزەل سەرناو: بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم، چ بکەم! بە شەمعێکی وەها چاری شەوێکی وا نەکەم، چ بکەم! لە خەزنەی دڵمدا هەرچی هەیە، هەر داغی سەودایە دەسا ئەم نەقدە دەردی عیشقی پێ سەودا نەکەم، چ بکەم! لەگەڵ دەستی مەلا ڕێ ناکەوێ زونناری زوڵفی یار وەکوو «شێخ» ئیختیاری مەزهەبی تەرسا نەکەم، چ بکەم! لە ڕێی ئەو شۆخە دا خۆم کردە خاک و پێی نەنا پێما دەسا خاکی هەموو عالەم بە سەر خۆما نەکەم، چ بکەم! دەمێکە شاری پڕشۆری مەحەببەت مات و خامۆشە بە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەکەم، چ بکەم! لە چاوانم نەما بۆ گریە، نۆبەی سەجدە بەر دەریە سیاساڵم نەبارە، نوێژی ئیستیسقا نەکەم، چ بکەم! لە سەر تۆم دوشمنە دنیا، قەزییەم مانع الجمعە کە تەرکی تۆ نەکەم، تەرکی هەموو دنیا نەکەم، چ بکەم! بەجێ ماوم لە یاران، نابەجێ ماوم. ئەجەل، زوو بە! بە مردن لەم قسووری ژینە ئیستیعفا نەکەم، چ بکەم! ئەوا لەیلا بە ڕۆژی حەشر ئەدا وادەی لیقا مەحوی! هەتا قامی قیامەت، ئاه و واوەیلا نەکەم، چ بکەم! ++++++++++++++++++++++