شاعیر: مەحوی کتێب: غەزەل سەرناو: ئەی ئەو کەسە کە مەستی غرووری بە هاتی کار ئەی ئەو کەسە کە مەستی غرووری بە هاتی کار! بەو دەستی زۆرە بدڕە پەڕۆیەک لە کاری «چار» هەر چەندە خەرتەلی، لە پڕێ چەرخی پەنجەباز دەتکا بە بازی پەنجەی «میقادۆ»ی شکار یا ماری سەر خەزێنە! بترسە کە گەژدومێ بەو نووکە چزوە پڕ بە دەمت کا لە ژەهری مار زەڕڕە تریشقەیێکە کە کێوێ دەدا بە باد ئەشباح ئەوەندە زۆرە بە کەس نایەتە شومار پەس «ئەورۆپالی»! بەس بگەزن لێو، ئەمە چیە ژاپۆنیەک موحاسەرە دا چار دەوری چار چاری قەدەر بزانە نیە، چەندە چاری وا بێ چارە ما کە بوو بە دو پەنچەی قەزا دوچار لەم کارووباری چارە یەکێ چارە گرژ ئەکا وا تێ گەیشتووە کە هەر ئەسبابە دێ بە کار پڕ سیبریا، بە بێ مەدەدی زاتی کیبریا، ئەسبابت ئەر هەیە، نیە شایانی ئیعتیبار هەرچی هەیە موسەببیبە، باقێکە فانییە بەندەی یەکێ بە، بەس ببەرە عەبدی سەد هەزار مەحوی چ کەس مەناسە، بناسە خودا و بەس زیکری یەکێ کە، مارە، مەکە باسی چار و مار لەم چارە پیسە، میللەتی پاکی موحەممەدی دەر قەلعە بێ خودا! بە حەقی جاهی هەر دوو چار ++++++++++++++++++++++