شاعیر: مەحوی کتێب: غەزەل سەرناو: بە سورمە بۆیە دولبەر خەنجەری موژگانی دا پەرداخ بە سورمە بۆیە دولبەر خەنجەری موژگانی دا پەرداخ دڵی هەڵناگرێ ببیێ لە کوشتە دەنگی ئۆف و ئاخ بە تیرێ کوشتمی، هەڵیاوەسیم، سووتاندمی، ڕۆیی دوعا بۆ حیفزی کەن، کێ دیویە جانانە وا گوستاخ گوڵ و لالەیی کەژ و کۆ، کۆهکەن دێنێتەوە فکرم کە خوونی ناحەقی ئەو مەوج ئەدا ئیستەش لە کێو و شاخ لە بەر قاپی خەراباتا، کە یا ڕەب دایمە ئاوا بێ، مەگەر خاکێ بە سەر دا کەم، بکەم گاهێ دەماغێ چاخ خەرابی عیشقی تۆ وا بێ سەر و سامان و دەروێشە سەری بێ‌تاجە، کولبەی بێ‌دەرە، دیواری بێ‌ساچاخ نەگەینە کەعبەی ئامالە هەموو ئەسبابی ئامادە کە دەستە: بێ‌عەسا، پێ: خاوسە، یەک قەتعە ڕێ: قومڵاخ لە ڕەشکی سەیدی فیتراکی چ شیرین شەهسەوارێکە کە مەحوی! هەر وەکوو دێوانە، عەنقا کەوتە شاخ و داخ ++++++++++++++++++++++