شاعیر: مەحوی کتێب: غەزەل سەرناو: لە چاوی بەد خودا حیفزی بکا لە چاوی بەد خودا حیفزی بکا ئەو شۆخە سەرمەستە سەریش ئەبڕێ، سەریشی لێ دەدا، هەی هەی چ سەربەستە! بنازم بەم سەراپا نازە، بازی غەمزە تێ بەردا ئەگەر سیمرغی بەر بێ هەم بووە یەک مورغی پەڕ بەستە ئەسیری چاهی غەم بێ، خانە با دەربەستە بێ مەجنوون لە خەیمەی نازدا عوشرەت دەکا لەیلا، چ دەربەستە! بە فکرێکە کە ئەم خوونڕێژە شیری بەستە پشت ئەمڕۆ، لە ئەستۆ دانی کێیە؟ کێ دەکا ئاخۆ کەمەر بەستە؟ ! بەرەڵدا کردنی نەفست زەرەرخێزە و فەسادئەنگێز بە ڕەحمەت بن قەدیمی ئێمە فەرموویانە: «خەر بەستە...» قسێکی پڕ لە تەئسیری بە فرزەندی دەوت پیرێ: عەزیزم تازە گەیوی تۆ، ئەمن باری سەفەر بەستە لە بەر قاپی خەراباتا منی دی، عیشوەیێکی کرد وتی: مەحوی لە بادەت چی، ئەتۆ خوێنی جگەر بەستە ++++++++++++++++++++++