شاعیر: مەحوی کتێب: غەزەل سەرناو: شمشادە ئەمە یا قەدە شمشادە ئەمە، یا قەدە، یا سەروی ڕەوانە یا عەرعەرە یا نەخلی مرادی دڵ و جانە! داخۆ ئەمە ئەگریجەیە پەخشاوە بە سەردا یا سونبولە کردوویە سەبا زوڵفی بە شانە! ئاهووی خوتەنە جیلوە دەکاتن لە خەتادا یا چاوی ڕەشی فیتنەگەری سورمەکەشانە! دڵ هایمە دائیم کە ئەمە قەترەیە داخۆ یا جوزئێکی بێ جوزئە موسەمما بە دەهانە! ئەم مەی سیفەتی خوون خۆرە وا ناوک و سوورە یاقووتی لەبە، یا گوڵە، یا قووتی ڕەوانە! ناڵاندم و فەرمووی کە ئەم ئاوازە حەزینە یا مەحوییە، بولبولەکەی فەسڵی خەزانە ++++++++++++++++++++++