شاعیر: مەحوی کتێب: غەزەل سەرناو: لە تاو ئەعدا عەدوو بەر نیوە لە تاو ئەعدا عەدوو بەر نیوە دوژمن ئیلتیجا بارێ لە چنگی گیانەڵاوی فیرقەتا ماوم ئەجەل چارێ بەڵا هەر وەک کولە دابارییە سەر مەزرەعەی ئومێد مەگەر ئەو تیپی موژگانە بکەن وەک عەینەمەل چارێ ئەسیری زوڵفە دڵ، ئەی بازی غەمزە، غیرەتێ، حەیفە زەلیل، ئەم عەندەلیبە کەوتووە بەر دەستی قەل، چارێ! نە پێیەک هەڵگرێ شوێنی، نە دەستێ گەییە داوێنی، خودا! دەرحەق بە ئەحواڵی منی بێ پا و پەل، چارێ! عیلاجی دەردی عاشق بۆتە خاسەی ئەو دەم و لێوە شیفای ئەمرازی سەودا خاسیەت چەشمەی عەسەل چارێ مەگەر قەتعی نەفەس چاری بکا، وەرنا نییە هەرگیز لە پێوەندی کەمەندی پڕ غەمی تۆلی ئەمەل چارێ لەگەڵ ئەم عیلمە مەحوی داغداری جەهلە تۆ تەوفیق تەبیبی بۆ مەریزی دەردی عیلمی بێ عەمەل چارێ! ++++++++++++++++++++++