شاعیر: مەحوی کتێب: غەزەل سەرناو: دڵی بردم بە شۆخی دڵی بردم بە شۆخی دولبەرێکی تازە سەر لە نوێ موبارەک بێ لە دڵ سەودایەکی کەی کەوتە سەر لە نوێ کەچ ئەبرۆ، دیدە ئاهو، شۆڕشین خوو، فیتنەجۆ، تورکێ... خورۆش و شۆر و شینی خستە ناو ئەهلی نەزەر لە نوێ بە ناز و عیشوە پاک ئەرواحی پاکانی موسەخخەر کرد بە غەمزە خاترانی دایە بەر تیری نەزەر لە نوێ سەبا کردوویە وەعدەی گەردی کۆیی، مەگری ئەی دیدە! بە ئوممێدم جەواهێر سوورمە بۆ نووری بەسەر لە نوێ لەبی لەعلی شیفا بەخشی برینی دڵ دەکا مەرهەم ئیشارەی چاوی دەکولێنێتەوە داغی جگەر لە نوێ بە شێوەی شکڵی شیرینی، وەکوو کاکۆڵی موشکینی پەشێوی کردووە ئەحواڵی مەحوی دەربەدەر لە نوێ ++++++++++++++++++++++