شاعیر: مەحوی کتێب: غەزەل سەرناو: لەم بەحری فیتنە لەم بەحری فیتنە بەڵکی نەجاتت بدا خودا داوێنی «یاخودا» بگرە، بەردە «ناخودا» بێکەس منم، کەسێ لە زوبانم بگا نییە هەمدەم خودانەناسن و دەم پڕ لە «یا خودا» عەهد و وەفایە سوخرەیی بەدعەهدی و جەفا هەر ما بە دادی ئەهلی وەفا دا بگا خودا هەر ئەو کەسە کە خەیری دوعای خێری دیوە لێم دائیم دوعامە شەڕڕی لە من لا بدا خودا لوتفێ بە حاڵی من کە، وتم؛ ئەو وتی بە قار: تۆ شێخی با خودا و ئەمن شۆخی ناخودا غەیری ئەمە کە سوێندی درۆی پێ بخۆن و بەس قوربانی ناوی، ناوی لە ناوا نەما خودا تا زوڵمەتی وجوودە تەریکی لە نووری عیشق سێبەر نەما، هەتاوە، کە مەحوی نەما، خودا ++++++++++++++++++++++