شاعیر: حاجی قادر کتێب: مەسنەوی سەرناو: سلام اللە منی کل یوم سلام الله منی کل یوم لە ئەسحابانی ساحیب غیرەت و دین لە بێ عاری هەموویان کەوتە یادم ڕمووزی ئیتتیفاق و ئیتتیحادم لەبەر دووری لە ئەقران و لە ئەمسال لە کوردانم دەپرسی ضرب الامثال لەبۆ ئەم یەک دوو ئەشعاری ڕەش و ڕووت هەتا پەیدا بوو ڕۆحم گەییە سەر لووت دەفەرمووی ئەم عەزابە بۆچ دەکێشی چ مەلزوومە ئەگەر چاوت نەیێشی قوڕی کوێ کەم بەسەر خۆما لە غوربەت خەوم نایێ لە داخی موڵک و میللەت ئەگەر وەک من خەبەردار بن لە دەوڵەت لە حەیفان خۆ دەخنکێنن بەبێ پەت چوار ملیۆنە کوردستان نفووسی بە قیسسەی ئەهلی تەخمینی کە نووسی هەموویان شێری بێشەن حاتەمی جوود لە شەڕدا کێوی جوودی و بەحری مەمدوود وەلاکین فایدەی چی هەرج و مەرجن لە دەعوادا لەگەڵ یەکتر بە مەرجن لە گوێی گا نووستوون هەرچەندە شێرن وەکوو کەروێشکی چاوڕاماو و کوێرن ئەوی ئەعلایە سەردەستەی شکارە ئەوی ئەدنایە بەستەی زولفی یارە ئەوی ئازایە شەهنامە دەخوێنێ ئەوی مسکێنە گەنم و جۆ دەچێنێ ئەمانە بێ شعوور و گێژ و وێژن موتیعی لۆتی خوێڕی و هەرزەبێژن کوڕێکی وا نەبوو هەستێتە سەر پێ بزانێ خەڵقی چۆن کەوتوونە سەر ڕێ بکا سەیری جەریدە و حاڵی میللەت کتێبی تازە و تەئریخی دەوڵەت بزانێ تا چ قەوماوە لە ئەتراف سەراپا ئاگرە ئەتراف و ئەکناف ئەگەر کارێک نەکەن لەم بەینەدا زوو مەمالیک کاتەکی زانیت لە دەست چوو گەمی سەحرا و دەریا دێتە جەولان بە غەیری پێکوڕەی فەوجی سواران بە تەرخانی بەسەر ناچێ، لەمەوپاش لە هەر لاوە دەتانهاڕن وەکوو ئاش لە ژێر پێدا دەچن حەیف و مخابن گەدا بن ئێوە، دوشمنتان بە شا بن بە غەیری ڕۆمی و ئینگلس و ڕووسی بێ حەددن دەوڵەتان ناویان بنووسی لە جێی خۆیان هەڵستاون بە غیرەت لە دنیا ناوی خۆیان ناوە دەوڵەت سەراپا ساحیبی سککە و سوپاهن وەکوو جەم ساحیبی تەخت و کولاهن لە تەدبیری ئومووری موڵکی خۆیان شەریکن پینەدۆز و شاه و گاوان لە هەر وەقتێ یەکێکی بێتە هاوار لە جوتیار و شوان و ئەهلی بازاڕ لە جۆشین و لە نێشا مێشی هەنگن بە من چی کافرن یا نە فەرەنگن وەکوو بیستوومە بۆ دەفعی مەسائیب ئەمە تەدبیری کورت و فیکری سائیب لە دەشت و دێ و ویلایەت ببنە ئەحباب وەکوو شەخسێکی واحید بن لە هەر باب لە بۆتان تا بەبان و سەرحەدی ڕەی لە ئەولاتر وەها نۆش بێتە سەر دەی ببینە یەک لە تەعلیم و لە نووسین جل و بەرگ و زوبان و ڕەسم و ئایین ++++++++++++++++++++++