شاعیر: حاجی قادر کتێب: مەسنەوی سەرناو: خۆ دەزانن سولالەیی ئەکراد خۆ دەزانن سولالەیی ئەکراد لێرەوە بگرە تا دەگاتە قوباد هەموو عالیم، هەموو شێخ و میرن زیرەک و ژیر و ئەهلی تەدبیرن وەسەتی پانی پازدە ڕۆژ ڕێیە پڕ لە ڕەشماڵ و خانە و دێیە بە درێژی لە قاف کە ڕابوردن تا بە شیراز و ئیسفەهان کوردن شەهسەوارن، پیادەیان ئازان بەردی نیشان و کوڵکی مەیدان دان و بەخشینان لە لا باوە خوونی مەیدانیان لە کن ئاوە بە شەجاعەت هەموو وەکوو ڕۆستەم بە سەخاوەت هەموو وەکوو حاتەم لە وەفا سموەئیل و ئیسماعیل عەهد و پەیمانیان چیای قەندیل گوردی شانامە پاکیان کوردە کافی ئەم سافە کافی ئەو وردە لە شەڕا زۆر دەفعە قەوماوە ڕۆمییانیان چلۆن جەواب داوە حاجی دەمرێ لە داخ و هاوارە کوردی بێچارە دەبنە ئاوارە ++++++++++++++++++++++