شاعیر: حاجی قادر کتێب: مەسنەوی سەرناو: تا ڕێک نەکەون قەبیلی ئەکراد تا ڕێک نەکەون قەبیلی ئەکراد هەروا دەبنە خەرابەئاباد ئەنواعی میلەل لە گەورە تا چووک خەمڵیوە مەمالیکی وەکوو بووک یەک بەرگن و یەک زوبان و یەک ڕەنگ بێ غەیبەت و عەیب و عار و بێدەنگ دنیا بە تڕان دەخۆن و دەیدەن هەر چۆنێ مەرامیانە دەیکەن هەر کوردن ئەگەر چی پاکی مەردن پاماڵی زەمانە، میسلی گەردن هەر مانەوە بێنەوا و مەزڵووم وەک بوومی خەرابەزار، مەشئووم گەر باعیسی ئەم دەپرسی کامە شەرتێکە کە بۆ هەموو تەمامە ئەو شەرتە بە کوللی ئیتتیفاقە گەر مەرعەش و وانە گەر عێراقە قەسرێکە یەساغی ئەو نیفاقە گەر وا نەبێ بابی هەر بە تاقە سەد شێخ و مەلا و میر و خانی بۆ لەززەتی عەیش و زیندەگانی لەو لاوە ئەوان بە حیلەسازی لەم لاوە ئەمان بە تەقڵەبازی قوڕیان بە هەموو وڵاتەوە دا تا موڵک و ڕەعییە پاکی فەوتا یەکیان ئەمی تۆ دەکەی نەیان کرد غەمیان نەبوو کورد ئەگەر هەموو مرد ++++++++++++++++++++++