شاعیر: حاجی قادر کتێب: مەسنەوی سەرناو: شەهسەواری بەلاغەتی کوردان شەهسەواری بەلاغەتی کوردان یەککەتازی فەساحەتی بابان مستەفایە تەخەللوسی کوردی غەزەلی کردە بەر بوتی کوردی ناوی ساحیبقڕانی خاسسی ئەوە چونکە لەم عەرسە ئەسپی ئەو بەدەوە ئەو کە نۆشی شەرابەکی تاڵی نالی لەو عەرسە دا بووە تالی نالی ئوستادەکی گەلێ چا بوو خدری ئابی حەیاتی مەعنا بوو یەکێ تر بوو موحەممەدی فیکری موویی دەنگاوت بە تیرەکی فیکری یەکێ ڕەنجووری ئەهلی کەرکووکە فیکری بیکری هەموو وەکوو بووکە یەکی تریان ئەمین بەگی دزەیی دز نییە شاعیرێکە جەربەزەیی کەیفی حاجەت نییە بکەم باسی ئەم کتێبەی بخوونی دەیناسی سالیم و مەشوی، شێخ ڕەزا و خەستە شاعیرن هەر چواری بەرجەستە وەک وەفایی کەمە لە شوعرایی خەتی وەک بەیتی چاک و ئەسپایی لە کون و قوژبنی کەلاوەی دەهر چەندی تر هەن میسالی گەنجی گوهەر سەبکی جامین و غیرەتی سەلمان بەیتیان ون بووە وەکوو خۆیان مەلکەقۆڕ و حیماری و کیسەشکەل قِس مِن اسمائِهِم و لا تَسأَل شیعریان جوانە بەس نییە کوردن گەرچی بەدناون و گەلێ وردن بە فیدایان دەکەم سەد ابن یمین چونکە دەربەستی غیرەتی کوردین لە جزیرە یەکێکە شێخ ئەحمەد ساحیبی ناو و مورشیدی ئەرشەد ئەوی جامی گوتوویەتی ئەمەیە لەو قسە و مەدحە مەقسەدی ئەمەیە پیر مردی بدیدەام ز جزیر نیک مردی بدیدەام ز حریر ئەحمەدی خانی ساحیبی مەم و زین شاهبازی فەزای عیللیین خەلەفی ئەو دەبن لە گۆدینگان لە جزیر پێی دەڵێن فەقێ تەیران شاعیری ئێرە گەرچی زۆر ماون ئەم دوو سێیەن کە وا لە پێش چاون چەند ئەوەندەی کە عەرزی ئێوەم کرد شوعەرامان هەیە بە دەستوبرد شاعیری کۆن و تازەیی کوردان کە لە تەعدادی عاجیزە ئینسان ئەوی خۆم دیومە یا نە خۆ ئەسەری ئەمەیە بۆت دەڵێم بە موختەسەری مەعدەنی عیلم و عالیمی عامیل قوتبی دەوران و مورشیدی کامیل هەر لە ئەووەڵ جەنابی مەولانا نەقشبەندی ڕەواقی ئیللەڵڵا غەوسی سانی و حاتەمی مەزهەب عەبدوڕەحمانی خالسی مەشرەب وەکوو بەیتووشی شاعیری عەرەبی تا قیامەت نە کەس بووە و نە دەبی شاعیری جاف و نەزمی ئەترافی مەولەوی و خانە کافییە و شافی ئەوی سەرخێڵی عێلی ئەوزانە لە عەشایر مەلا وەڵەد خانە خۆ مەلا مستەفای بێساران بێ نەزیرە لە نەزمی کوردستان مەلکەمان مەلکەمووتی مەعنایە یەعنی هەر چۆنێ حەز بکا وایە وەک مەلا خدری ڕوودباری نییە شیعری ئابی حەیاتە تاریی نییە حیکمەت و نەزمی میرزا یەعقووب وەک فلاتوونە لەفزەکان وەک کووب یەعنی فیکری لە ئاسمان بەدەرە باعیسی عەیشە، دافیعی کەدەرە حەسەنی باوکی فەقێ ئۆمەر کوڕی ئۆمەر، موحەممەدی سەروەر مەنجەڵی نەزمی گەورە و گچکەن بۆ خەیاڵاتی عەینی سێ کوچکەن شاعیری زەنگەنە نییە حەددی وەکوو شوجعانی ناکرێ عەددی چونکە مەجمووعی تەبعی مەوزوونە سینەیان میسلی ئاینە ڕوونە ئینتیخاب ناکرێ لەبەر چاکی وەک لە شەڕدا سوار و چالاکی دوو وەحیدن موحەممەد و ئەحمەد یەکێ کۆماسییە یەکێ دەربەند هەمەوەندیش کە خزمی خۆمانن شاعیری زۆرە پاکی دەیزانن چونکە تیژی زوبانیان یەکسەر کەوتە نووکی ڕم و دەمی خەنجەر بێ کتێبن، ئەمە لە وان دوورە مەردی ئازا لە ناقیسان دوورە دەشتی کەرکووک و کێوی هەورامان شاعیری زۆرە بێ حەدد و پایان سادە هەر ناویان بکەم ئیملا ئەم کتێبە بچووکە بەش ناکا هەر لە شیرازەوە هەتا بابان پاکی یەک نەزمە پێی دەڵێن گۆران هەر لە مووسڵ هەتا حەدی بابان بەیتیان کردووە وەکوو جافان بەسیە بێ عاری ئەی گەلی خزمان لەم هەموو بەیتی میللەتی خۆمان ئەگەر ئێمە و سنە و سولەیمانین ناوی یەکیان بە چاکی نازانین وەک موحەممەد حەنیفە بەیتی مەتین نییە ئیللا حەساری قوستەنتین بەیتی دمدم کە قەدری نازانن پاکی سیحری حەڵاڵی کوردانن وەکی شانامە گەر بنووسرایە لێت موعەییەن دەبوو چ وەستایە ئەسپی ڕەش بەیتی تا بڵێی چاکە نەزمی یەگجار سوار و چالاکە ئەسپی شەش پێیی قەهرەمانی عەجەم مەحزی کیزبە بە ئیتتیفاقی ئومەم چونکە نووسراوە خەڵکی دەیخوونن لەم هەموو بەیتی ئێمەدا کوورن وەرە ئەمجا لە حەسرەتان مەمرە چوار پەلی ئەسپی سوننییان مەگرە وەکوو بەیتی حەتەم لە دەعوادا نییە، فیردەوسی سەد کلک بادا ئەم فەسیحانە پاکی بێ ناون باعیسی پێت بڵێم نەنووسراون دوو عەلین شاعیرن وەکوو حەسسان بەردەشان و حەریرە مەسکەنیان یەکێ هەمنامی خۆم بە خۆم دیبووم شێخ وەسانی بوو مەردەکی مەعلووم وەکوو من بوو بە زاهیری جاهیل باتینەن شاعیرێکی زۆر کامیل ئەحمەدی کۆر لە شاری سابڵاغە بەیتەکی داغە، بەیتەکی باغە ئەمە مەجمووعی شاعیری غەڕڕان هەروەکوو مەسنەوین لە نێو کوردان هەموویان بێ نەزیر و یەک وەزنن قابیلی بەزم و لایقی ڕەزمن غەیری دمدم لەمان بە نەزمە جودا بێ سەدا تەپڵی نەزمی دەنگ نادا بە ڕەوانی میسالی ئابی ڕەوان ئیرتیجالین هەموو بەبێ دامان کوللی بەیتێکی دووهەزار فەردن مانگەکی پێ دەوێ لەبەر کردن ئەمە هەر کوردە لایقی تەحسین بێ کتێب و موعەللیم و نووسین کامە منداڵ و شێتی لێ بگری هەر کە بیستی بە جارێ دێتە بەری ئێستە مەعلوومی بوو هەموو میللەت ئەی مەلای دەرس و موفتیی ئوممەت ئێمە بێ غیرەتین و بێ عارین ئەوی نەیخوێندووە لەمە عارین قەید و تەزبیب و شەرح و حاشیەکان بوونە سەددی مەعاریفی کوردان حاسڵی ئێمە وەک دەکەم تەخمین کرمی ئاوریشمین و مێش هەنگوین نییە ئارام و ڕاحەتی و خەوتن شەو و ڕۆژێ هەتا دروستی دەکەن کەچی ڕۆمی کە ئێمە دەیناسین وا دەزانێ کە ئێمە نەسناسین یا نە ئێرانییەک کە مەعلوومە دایکی موتعە، باوکی مەوهوومە ئەمە دەیکاتە کاسە دەینۆشێ ئەو کەوای لێ دەکات و دەیپۆشێ ++++++++++++++++++++++