شاعیر: حاجی قادر کتێب: غەزەل سەرناو: ئەم خەیمە کە شەمسییەیی شاهەنشەهی ئەرزە ئەم خەیمە کە شەمسییەیی شاهەنشەهی ئەرزە تا چادری نیلووفەری سەر تەپڵەکی بەرزە ئەتنابی وەکوو توولی ئەمەل لاموتەناهی ئەوتادی وەکوو کێوی ئوحود مەرکەزی فەیزە سەقفی وەکوو گەردوونە، شکافی وەکوو ئەنجوم پەردەی وەکوو ئەدواری سەما ئەتڵەسی سەوزە هەروەک ئەلفی جانە ستوونی لە سکوون دا نەک تابیعی غەیرە، موتەحەڕڕیک وەکوو هەمزە ئەوسافی وەکوو خەتتی دو زولفە بە چەپ و ڕاست وەک ماری موتەلسەم کە تەلیسمی سەری کەنزە وەسفی چ بکەم؟ نێوەنی گوڵ، دامەنی سونبول شایستە سەناخوانی بکەم هەروەکوو فەڕزە لای ژووری سەمەن، نێوەنی گوڵ، دامەنی سونبوڵ لەو سوورەت و مەعنایە کە سەد جەننەتی لەغزە فیلجوملە وەکوو خاڵی ڕوخی دڵبەری حاجی دڵ پەستە، دەسا بادی سەبا هەستە مەلەرزە! هەر لێرە هەتا دەشتی بەهەشت ئاینی لاجان ئاهیستە بڕۆ نەک وەکوو دێوانەیی هەرزە تا داخیلی خەڵوەت دەبی ئەمجا بە وەکالەت خاکی قەدەمی ماچ بکە بەم تەرزە کە تەرزە مەئزوونی ئەوەندە وەکوو ئاهم بە نەزاکەت لا دەی سەری زولفی نە وەکوو بیخەیە لەرزە ئەم نەوعە گوڵە هەڵدەکەوێ ساڵێ لە قەڕنێ نەک وەک گوڵی بازاڕییە هەرساڵە کە سەوزە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوە شاهەنشەهە بۆ عەبد و پاشا ئەوە شاهەنشەهە بۆ عەبد و پاشا موعەللەق خەیمەیی ئەفلاکی هەڵدا ئەتۆ مەسنووعی، چیت داوە لە سانیع؟ لە زانینی ئەوە نادانە دانا موعەممایە جیهان ئیسمی موعەمما مەکانی ئیسمە نەک جێگەی موسەمما بە بێ دینی جەماڵی بێ قەرینی خەلایق سەربەسەر ئیمانی هێنا! بە با زولفی کە لەرزی تابەتا بوو، لەگەڵ لەرز و لەگەڵ تا بوونە هەمتا موتاڵای دەوری زولفەینی موسەلسەل ئەوەندەم کردووە لێم بۆ بە سەودا لە دەوری دوڕڕی دندانی بەقیمەت ددانی کەندووە لوئلوویی لالا لە لای من پەشمە ئەم زەخمە هەتا کەی بە زایع ناچێ ئەم سەبرە لە لای خوا زەمانی حاڵە حاجی حاسڵی تۆ دەبێتە دوێنێ ئەمڕۆ میسلی فەردا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەستەیی زولفی نیگارێکم ڕەسەنبازی دەکا بەستەیی زولفی نیگارێکم ڕەسەنبازی دەکا سەففی موژگانی لە تابووری سوپای غازی دەکا سامیری گۆسالەیە توڕڕەی کە تەڕڕاری دەکا ساحیری ئەسڵی هەیە غەمزەی کە غەممازی دەکا هەر وەکوو عیسا لە سەر بەحری هەوا کەوتە سەما هەرچی مووسایی نەبێ چۆن نەفیی ئیعجازی دەکا من فەقێم و غەیری سیپارەم لە باخەڵدا نییە ئەو کەسەی ساحێب قڕانە ئیددعای غازی دەکا ساغی لەم ڕێگایەدا کاری لە دین چی؟ سادقە هەر کەسێکی عاشقە ئەلبەتتە ئەنبازی دەکا دڵ کە دەربەندی حەیا و نەنگ و نام و عارییە ئەو قسووری کردووە دێ ئارەزووی نازی دەکا سەیری لەو تەننازییە قازی بە موفتی ناکرێ سۆفی ئیمانی دەدا حاجی بە گیان ڕازی دەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا لە مەکتەب ئەو مەهەم دێ مەشقی ئەلف و بێ دەکا تا لە مەکتەب ئەو مەهەم دێ مەشقی ئەلف و بێ دەکا چاوەکەم بوویتە دوێت و گریە سورخی تێ دەکا لێی مەپرسە مەسئەلەی نوقتەی دەم و موویی کەمەر مووشکافە، بووعەلی باسی پەری و جین چێ دەکا ئەم هەموو دنیایە خاسسی حوکمی دوو دێوانەیە من لە شارم غایەتی مەجنوون هەوای لادێ دەکا قەسری عومرم داتەپی داری لە سەر بەردی نەما بانیی توولی ئەمەل ئیستێکە دەستی پێ دەکا خواجە خۆی پیرە، وەجاخی کوێرە، ماڵی بێ حیساب پێم بڵێن، ئیشکالمە، ئەم کۆششەی بۆ کێ دەکا؟ شێخی من بەو غایەتە پشتی لە عالەم کردووە سوورەتی خۆشی لە نێو ئاوێنە پشتی تێ دەکا ماچی دەست و پێی ئەمیری دەستگیری حازرە شێتە حاجی ماچی پێو و دەستی دەست و پێ دەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تمنیت من الدّهر ندائی أزمنا نادی تَمنّیتُ منَ الدّهرِ نِدائی أزمِناً نادی گوتی: هەرچی تەمەنناکەی لە دنیا غەیری من نادا لە سایەی زولفی ئەفشانی پەرێشان دێ خەتی مانی لە تەسویری ئەگەر جارێ بە وەستایی قەڵەم دادا خەتی دەورەی ڕوخی داوە وەکوو مۆری سولەیمانی خەیاڵی کردووە زولفی بە حیلە خاتەمی لادا لە ژێر قافی فیراقیدا وەها فەرسوودەیە جیسمم لەگەڵ عەنقا قەرینم من لە ئیسمی بێ موسەممادا خەدەنگی دیققەتی حاجی قەسیمی جەوهەری فەردە کەچی وەسفی دەمی هەر ما لە ژێر پەردەی موعەممادا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ هیلاکی نازتە با غەمزە تەدبیری نەکا دڵ هیلاکی نازتە با غەمزە تەدبیری نەکا هەر دەبێ بمرێ مەگەر خەللاقی تەقدیری نەکا ئەی قیامەت قامەتی تووبا قیامم هەستە تا داعیەی بەرزی لە گوڵشەن سەروی کشمیری نەکا من خەوی ئەو چاوە عەرزی ئیبنوسیرینم دەکرد نوست و فەرمووی: هیچکەسێ تەفسیر و تەعبیری نەکا! من لە سایەی ئەم دەرە ناڕۆم هەتا ڕۆژم نەیێ با بە کەیفی خۆی بکا بەدکار و تەقسیری نەکا! چونکە نرخی ماچی تۆی گۆڕی هەموو دەستەودوعان خەتتی نەوخێزت وەکوو زولفت خودا پیری نەکا! پێی بڵێ بادی سەبا غەم لێرە بێکەس کەوتووە دڵ بوو غەمخواری ئەمانە، لەحزەیێ گیری نەکا! ناحەقیی ئەو دەرحەقم، کەی دەیگرێ میزانی حەق؟ کاتبی ئەعمال ئەگەر بێت و تەڕەفگیری نەکا غەیری دڵ ماوێژە کەس، تیرت لە ڕۆحی من کەوێ تا بە جۆشی خوێنی حاجی سینە کەوگیری نەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەخیلت بم وەرە ساقی (أدر کأسا و ناولها) سەبارەت: پێداچوونەوە: بینایی دیدە دەخیلت بم وەرە ساقی (أدر کأسا و ناولها) غەم و غوسسەی دڵم کەم بوو (ولی افتاد مشکلها) ئومێدی میسکی موشکینم (صبا زان طره بگشاید) کەچی نەمزانی بەم دەردە (چه خون افتاد در دلها) لە هیجرانی ئەتۆ بۆ من (چه امن عیش چون هردم) ئەجەل بانگمان دەکا زووکەن (که بربندید محملها) بڵێ بمرە دەبێ بمری (گرت پیر مغان گوید) کە چونکە خۆی خەبەردارە (ز راه و رسم منزلها) لە بەحری عیشق و بەحری موج و (گردابی چنین هایل) بە هاواری دڵم ناگەن (سبکباران ساحلها) لە ئەووەڵ عیشقی ون کرد و (به بدنامی کشید آخر) چلۆن پەنهان دەبێ سیڕڕێ (کز او سازند محفلها) ئەگەر تو موخلیسی عیشقی (از او غایب مشو حافظ) کە (حاجی) بۆ سەفەر بڕوا (دع الدنیا و أهملها) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەمانە ڕەسمی جارانی نەماوە زەمانە ڕەسمی جارانی نەماوە چراغی نازم و مونشی کوژاوە لە دەوری ئێمە ڕۆمان و جەریدە ئەگەرچی مەقسەدە، زانینی باوە ئەمان قەدری بزانن ئەم کتێبە لە دنیا ئێستەکی هەمتای نەماوە لە ئەییامی حەیاتی شێخی خانی لەسەر نوسخەی خەتی ئەو نووسراوە لە لای ئەربابی خۆی بۆ قەدر و قیمەت خەزێنەی گەوهەرە و کیسەی دراوە لە مەجمووعی دووەل سۆران و بۆتان لە سایەی ئەم کتێبە ناسراوە لە کوردان غەیری حاجی و شێخی خانی ئەساسی نەزمی کوردی دانەناوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە تۆفانی سروشکم کەوتە غەوغا کە تۆفانی سروشکم کەوتە غەوغا بە مەه ماهی گوتی: یا حافظَ الله ئەمن عەنقاترم بۆچی زەبوونم لە لام وەک قافە باری تەنکی ئەسما دەزانن من کە بێ دار و دیارم سەگی مەجنوونم و غەمخواری لەیلا لە دنیا هەر کەسێ مەقسودی عیشقە بکا وەک من بە کوللی تەرکی دنیا کە دایهێنا و هەڵینا چاوی مەستی ڕەوان فیدا دەکەم دڵ چاکی هێنا فەلاتوون تۆ دەڵێی دنیا قەدیمە لە خمخانەت بنێن وەک خۆت لە خم نا ئەدی بۆچی زەمینیش بۆتە گەردوون لە سەیلی ئەشکی توندی بێ موحابا موسڵمانان سوخەن سەربەستە تا کەی؟ لە دەست ئەو کافری بێدینی تەرسا لە هەردوو لاوە زولفی کەوتە گەردەن نە لەم لا دەردەچێ حاجی نە لەو لا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە قسەی بێ سەر و پا تاڵی مەکە لەززەتی خۆت بە قسەی بێ سەر و پا تاڵی مەکە لەززەتی خۆت بێ موبالات مەسووتێنە چرای فیکرەتی خۆت حاڵە نەقدینەیە، موستەقبەل و مازی پەشمە بێ ئەمەل سەرفی مەکە سیم و زەڕی فورسەتی خۆت ئەی سولەیمانی زەمان ئاخیری دەیگێڕییەوە بە حیکایەت وەکوو خۆت سەڵتەنەت و حیشمەتی خۆت من بە پەیغام و بە قاسید موتەسەللی نابم تا کو بانگم نەکەیە بارەگەهی حەزرەتی خۆت وەرە ئەی دڵ بەسییە، بیدە سەگانی دەری یار دڵەکەی کوتکوتی من یا جگەری لەتلەتی خۆت زولفی سەد دەفعە گوتی: خانەخەراب ڕووی مەدەرێ حەیفە بەربادی مەکە شانی من و شەوکەتی خۆت بۆچی یارانی وەتەن دڵ دەشکێنن حاجی {ظاهرا} ناچیەوە تۆ، باسی مەکە غوربەتی خۆت! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەبەڕووتی کە شکا دڵ لە حوزووری مەلەکووت جەبەڕووتی کە شکا دڵ لە حوزووری مەلەکووت هاتە ئەم عالەمی ناسووتە غەریبێکی نەسووت ناهەقە شەکوە لە بێعەهدی و بێپەروایی کەی وەفایێکی ئەدا کردووە؟ سەد دەفعە زمووت بە گوڵ و لالە بەهاری ڕوخی ڕازاوەتەوە غایەتی کوێری وەرە هێچ نەبێ سەیری کە بە لووت وەکوو دەریایە نەسیمی سەحەری سەبزەیی گوڵ پێکەوە مەوج و حوبابی دەهەژا و دەبزووت ئەشعەس و باقلی و حاتەم و گەر حەسسانی دەوڵەتی تۆ بە فەنای نەفسە، سکوونت بە سکووت هەرچی لەو لاوە نەیێ من لەوێ نایناسمەوە ئەوی ناسیوتە مەئموورە بە ئەمری جەبەڕووت نانی خۆی تا کو بە تەندووری گەرم پێوە نەدا ناڕوا حاجی ئەگەر چاوی دەرێنن بە بزووت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ماهی سەرچاوەی حەیاتم کەوتە بەند و داوی شەست ماهی سەرچاوەی حەیاتم کەوتە بەند و داوی شەست پشتی دەستی خۆم لە حەیوانی و لە بێعاری نەگەست کامە لوقمان کەوتە چەنگی پیری، قۆڵی بانەدا کامە ڕۆستەم تووشی بوو، نەیخست و دەست و پێی نەبەست هێندە سوورەت زۆر بووە، مەعنا لە بەینا ون بووە ئێستەکێ بێ سوورەت و مەعنایە عەیبی بتپەرست غەیری چاوی نووستوو و بێداری تۆ نەمدیتووە بێ نەزەرکردن بەسیر و مەردومی هوشیار و مەست زولفی بۆ دەفعی هوجوومی لەشکری سوڵتانی خەت کەوتە خاک و سەرکەشی دانا وەکوو عەهدی «الست»! با وجوودی نەوجەوانی خەتتی سەوزی دەرکەوێ عەهد و پەیمانی نەبوو موو، بۆیە پشتی پێ نەبەست داوەموویێکی بە دونیا و بە مافیها نەدەی حاجی گەر ئەحبابەکی جانی بە جانیت کەوتە دەست! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەماتم حەیاتە، حەیاتم مەمات مەماتم حەیاتە، حەیاتم مەمات کە لێم توند دەبێ ئەو دەمی ئیلتیفات لەبی «نازەنین»ی بە خەتتی «جەلی» لە «ئیران»ەوەی گرتووە تا هیرات «عومر گونبەتی» لەززەتی داتەپی «تەکتەڵوو»ی شکا زینی ئەسپی حەیات تەماعم بۆ دونیا و عوقبا بخۆم ئەمم چوو لە دەست و ئەوم بۆ نەهات لە غوربەت بە شاهی لە بیر ناکرێ زەمانی جوانی و یادی وڵات لە «قوشخانە»وە تا دەمی «ئیچقەڵا» لە «بایزاغە»وە تا مەحەللەی «قەڵات» هەموو خزمی خۆمن دەزانم دەڵێن: لە بێ حورمەتیمان بوو حاجی هەڵات! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم ئاهووە مومکین نییە نەخچیری بە تەدبیر ئەم ئاهووە مومکین نییە نەخچیری بە تەدبیر هەڵناخەڵەتێ باوکەسەگی پیرە لە تەزویر چاهی زەقەنی مەهلەکە ئەی دڵ بە گوریسی ئەو زولفە ئەگەر سیلسیلەیە خۆت مەخە نێو بیر ئەی بادی سەبا من ببە سوودی نییە نامە تەشریحی زەعیفی من و خەم نایەتە تەحریر جەیشی حەبەشی زولفی لەگەڵ خەتتی بەشەڕهات سۆفی دڵی بێچارە لەبەر پێ بووە هەنجیر بەم موهری سولەیمانی زەمان هەروەکوو خورشید دونیا بگرە بێ مەدەدی خەنجەر و شەمشیر بێ دیتن و بێ واسیتە چاتر لە من و تۆ هیچکەس نییە نەیناسێ ئەگەر شێتە ئەگەر ژیر بێ میننەتە گەر خوانی وەلی نیعمەتی حاجی ئەم شێخە چییە، قونچکی پیوازە، سەری سیر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەستگیریت لە عەمەلدا کە نەکا موڕشیدی پیر دەستگیریت لە عەمەلدا کە نەکا موڕشیدی پیر دەستی تۆی گرتووە، پێی بەستوویی، مانەندی ئەسیر ڕیشی وەک شیرە بەشیرت، ئەوە جەللادی ئەجەل قۆڵی ماڵیوەتەوە، دەستی لە تۆ داوەتە شیر ئەو دەمی هاتمە سەر شەکوە لە خزم و کەسی خۆم ڕۆستەم و یوسفی گوڵپیرەهەنم کەوتەوە بیر مار و ماسین دەبنە ئەژدەری سەحرا و نەهەنگ دەست و پای بێسەروپای زاڵمە دەیکەن بە وەزیر چوومە پارێزی، کە موژگان و برۆم دی لە کەمین تیری من بوو بە کەمان، پشتی کەمانم بووە تیر خەفییە نایەتە لای ئێمە لە تاریکی شەوا ڕۆژی ڕووناکە دەترسێ لە عەوام و لە گزیر حاجی وەک دڵ تۆ بە گرییە بە شوێنی مەکەوە ئاسکێکە بە بەزین و بە هەرا نایەتە گیر! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەستی من دامێنی تۆ ئەی خامەیی موشکین نەفەس دەستی من دامێنی تۆ ئەی خامەیی موشکین نەفەس با بنووسین ماجەرای هیجرانی یاری بولهەوەس دەنگی مورغی دڵ دەیێ هەردەم لە داوی زولفی ئەو وەک لە تاری عەنکەبووتا زیڕەیی باڵی مەگەس ئەی خودا چ بکەم؟ ئەجەل لەم لاوە قەسدی جانییە دڵبەریش ناردوویەتی: جان ماڵمە نەیدا بە کەس! تووتی هات و ئیددیعای شەککەرفشانی تۆ بکا هەققی ئەو دوو لێوە گرتی هات و کەوتە نێو قەفەس تۆ دەزانی خۆ هەتیویت سەبر بێ حاجی نییە بۆچی مەنعی لێ دەکەی گەووادی بێدین هەی تەرەس! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وشکە سۆفی بڵێ بە شێخی تەرەس وشکە سۆفی بڵێ بە شێخی تەرەس با بە سەرما نەیێ میسالی هەرەس! عەجەبا شاعیری نەناسیوە شێر و عەنقا دەکاتە موور و مەگەس کەر نەبی! کام پیاوی پێ خەڵەتا، بەنگرێدان و تابڕین و نەفەس فەرقی ناکەس لەگەڵ سەگان ناکەم ها بە عەکسی بخوێنەوە نا کەس حەز دەکەی تێ بگەی لە بێدینی ببە دەروێشی شێخەکان بە هەوەس هەر زەمانێ کە گوێت زرینگاوە پێت دەڵێ: باری خۆت ببەستە جەرەس چەندە پوولێ ئەگەر بهێنی ئەتۆ قەسرت خۆشتر ئەبێ لە ئی هەر کەس بۆچی حاجی نەخوێنێ وەک تووتی ئەم زوبانە هەزاری خستە قەفەس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە شەستی زولف و ڕووی ماهی وەکوو ماهی گرفتارم بە شەستی زولف و ڕووی ماهی وەکوو ماهی گرفتارم گەهێ دڵگەستەیی مارم، گەهێ گیانخەستەیی نارم سەگی دەرگات و مەجنوون و نجوومی ئاسمان یەکسەر مەگەر هەر خۆت بزانی چۆن گەواهن من کە بێدارم بە یادی نەخلی باڵات ئاو لە چاوما بێ قسوور هەردەم دەجۆشێ، غایەتی دوورم، دەزانی من وەفادارم لە بەحر و بێشە و سەحرا، نەهەنگ و زەیغەم و ڕووبار وەکوو سەگ هەڵدەیێن ئێستا لە ئاه و ناڵەیی زارم ئەمەیش جاران نییە قوربان توفەیلی بێمە سەر خوانت خەتت میهمانییە ئەمساڵ نەماوە لەززەتی پارم بە گریانی ڕیا واعیز بەسەرما هات و نەیزانی کە وا من ئاشنام ناگاتە قاپیم مەستی هوشیارم عەراقی بێ نەوا، مەشرەب موخالیف، وەک سەبا هەستە مەقامی ڕاستی حاجی حیجازە گەر دەچێ یارم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جیهان بوویتە جەزیرەی بەحری گریەم جیهان بوویتە جەزیرەی بەحری گریەم بەبێ بوختان ئەتۆ زین و ئەمن مەم لە جینسی ئادەمی وەک تۆ نەزاوە پەری ڕوویەک لە ئادەم تا بە خاتەم ئەمن شێخم، سەرم شاخە، هەناسەم نەسیمە، دیدە کانی، مێزەرم تەم دەڵێن مەعشووقە دێتە سەر سەرینم دەزانم وا نییە وەڵڵاهو ئەعلەم لەبی زەححاکی فەرمووی ماری زولفم جەمی کەللەی کەیە، مووچەی سەری جەم مەڵێ کەززابە سۆفی، ساغە واعیز لە لای من وەک یەکن بێ کەیف و بێ کەم موریدی سادق و شێخی کەرامەت حەریسی قانیعە و عوششاقی بێخەم سەوادی ئەعزەمی قوستەنتەنییە گەلێ بێناوی کردە سەدری ئەعزەم بە دەستوور و بە قانوون و نیزامی خودا وای کرد کە سووری کرد بە ماتەم کوڕانی دوو هەوێن دونیا و عوقبا میسالی داکیانن ئەو لەگەڵ ئەم بە یەک ناچن ڕەقیب و حاجی قادر خودایا ئەو ڕەزیل کە و ئەم موکەڕڕەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دووسەد گوناهی هەیە خەڵق با وجوودی کەریم دووسەد گوناهی هەیە خەڵق با وجوودی کەریم ئەمی کە داویە دەیدا، چ ڕازقێکە، کەریم! مەپرسە دەردی غەریبی و لەززەتی وەتەنم ئەوی لە دەستی دەگریام ئەمێستە بۆی دەگریم سەوادی سێبەری تۆیان هەتا نەکردە میداد نەنووسرا وەرەقی ئەمری کُنْ فَکانی قەدیم لە لای مەعاریجی تۆ تەلغراف و بەرق و شەهاب نەزیری ڕەوتی تەنافبازە فیکری تەبعی عەقیم جودایی باسی مەکە فەسڵی قابەقەوسەینت کەمانی ئەبرویی تۆ بوو لە بەزمی خاسی عەلیم خەڵاتی عیززەتی لەولاک و تاجی ئەڕسەلناک بەسە سەنایی جەلال و کەماڵی خوڵقی عەزیم خولاسە نێوی نوبووەت لە پاش ڕیسالەتی تۆ میسالی مار گەزیدەی مولەققەبە بە سەلیم بە بەر شەفاعەتی خۆتی ئەگەر نەخەی حاجی لیباسی کەعبە لە بەر کا دەبێ بچێتە جەحیم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەکوو ڕۆژ و شەوە فەرقی گودازی شەمع و سووتانم وەکوو ڕۆژ و شەوە فەرقی گودازی شەمع و سووتانم کە ئەو هەر شەو دەسووتێ، من هەموو دەم؛ گەرچی ئینسانم بە تەخمین وەسفی فیردەوس و جەهەننەم بۆچ دەکا واعیز لە سایەی وەسڵ و هیجرانت بە خۆم دیتوومە دەیزانم لە سیڕڕی حیکمەتی چاوت گەیشتم باعیسی ڕووحە تەبەسسوم ماوە تێ ناگەم لە فەهمی ڕەمزی حەیرانم کزەی جەرگم دەخیلت بم فیراقم کرد ئەوا مردم دەسا دەی بێرە لام ساتێ نەماوە تابی هیجرانم ئەبووزەیدی دەکا ڕۆحم لەگەڵ ماچی دەمت ئەمما دەترسێم وەک نیشانم دا بڵێ: هیچە و پەشیمانم کە دوێنێ هاتی فەرمووت بێ و نەهاتم مەسڵەحەت وا بوو ئەمێستە چاوەکەی من چی دەفەرمووی بەندەفەرمانم ئەگەر بەغدا شکا سەددی، نەما داری لە سەر بەردی لە دەجلەی ناگرن حاجی، دیارە جۆشی گریانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەها مەشغووڵی تۆیە جیسم و جانم وەها مەشغووڵی تۆیە جیسم و جانم بە ڕووحکێشانی خۆم زەحمەت بزانم ڕەقیب و سەگ چ لازم تا ئەمن هەم بە ڕۆژێ دەرگەوان، شەو پاسەوانم میسالی ڕۆنی زەیت و مێوی شانە وەها مەعلوومە سووتانی نیهانم پەرێشانی دڵ و جەمعی ڕەقیبە لە سەودای زولفی تۆ، سوود و زیانم بڵێن: قادر! دەڵێم: ناوم حەبیبە بە زیکری ئێوە وا فێرە زوبانم ئەوی شاعیر نەبێ کوێرە وەجاخی لە سایەی شێعرەکان بابی کوڕانم مەڵێن: بێکارە بوو حاجی لە ڕووما ئەمن پیاوم لە نێو شاری ژنانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم سەگانەی کە لەلای ئێمە وەزیر و وکەلان ئەم سەگانەی کە لەلای ئێمە وەزیر و وکەلان بێنە لای تۆ بە خودا نایکەیە گاوان و شوان ئەمە کەرمێزە دەڵێن واریسی شەرعی نەبەوین هەموو عەبدی سەنەمن، باسی مەکە گەورەکەیان هەر ئەدیبێک بووە سا خوا لە دەمی ناوە بڵێ: دەوڵەتی داوە بە کەر، نیعمەتی داوە بە سەگان هەر کەسێکی کەسە، ناکەس نییە، حەرفێکی بەسە وەرە سەر باسی خەت و خاڵی هەتیوی خۆمان ئەی فیدای خاکی دەرت تاجی کەی و مەسنەدەی جەم وەی بە قوربانی سەر و فێسی کەچت تاجی کەیان خۆم بە دارا و بە ئەسکەندەر و خوسرەو نادەم گەر بزانم لە بەر ئەم دەرگەیە دەبمە سەگەوان عاشقانی تۆ هەموو تیری نیگاهێکی بەسە وەرە دەرگانەکەمان زامینی تۆم بمکە نیشان بە ئومێدی ئەسەری حوسنی ڕەزا دەچنە وڵات شێعرەکانم کە سەراپا وەکوو خۆم بێ سەروپان نالی و خاکی بەبە، حاجی و کۆیە بە مەسەل عەینیهی حافز و شیرازە کەلیم و هەمەدان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ڕۆما کەوتە بەر چاوم کەسێکی هائیم و حەیران لە ڕۆما کەوتە بەر چاوم کەسێکی هائیم و حەیران بە هەیئەت تێی گەییم کوردە بە شێوەی ئەهلی کوردستان کە چوومە خدمەتی پرسیم: برادەر خەڵکی کام جێگای؟ لە کام لا هاتوویی؟ گریا، گوتی: بابان! گوتم: بابان؟ دڵم داوە، گوتم: باوکە هەموومان بێکەسین لێرە چ قەوماوە، گەلێ حەیفە، مەگریێ هەروەکوو باران گوتی بۆ غوربەت و ڕووتی نییە ئەفغان و هاوارم لە داخی حاکمی خۆمە، لە شان و شەوکەتی تورکان گەلێکم بیستووە پەستی و بڵندیی دەوڵەتان، ئەمما جیهان نەیدیوە پەستی وا میسالی حاڵی کوردستان لە وەقتی خۆی هەموو شا بوون، سەراپا بێخەم و شا بوون لە جوودا حاتەمی تایی، لە شەڕدا ڕۆستەمی مەیدان لە پێشا خاکی مە لانەی پڵنگ و شێری ئازا بوو ئەمێستا مار و مێروو، گورگ و ڕێوی لێی دەکەن سەیران لە کوێ ما نەعرەتەی تەقڵە و جلیت و ڕمب و ڕمبازی! لە کوێ ما دەنگی زوڕنا و دەهۆڵ و شایی و سەیران! لە هاڕەی شەشپەڕ و نەڕڕەی سوار و بەرقی شەشخانە لە تەققەی ناڵ و شەققەی سم، لە ڕەققەی تۆپز و قەڵغان دەهاتە جونبوش و لەرزین لە ماهی بگرە تا ماهی لە سەحرا چەندە وەحشی بوون لە ترسان چوونە سەر کێوان لە ڕیزی زەبر و زەنگی وان کەسێکی تر نەبوو هەرگیز بە شیر و حیشمەتی کوردە کە ماوە دەوڵەتی ئێران سەرا و ئەیوانیان ئێستا کەلاوەی کوندەبوو و جوغدە ئەگەر مەیدان و دیوانە سەراپا بوویتە جێی دۆمان لە پاشی ئەو هەموو گریان و ناڵە و زارییە پێم گوت: عەزیزم غەم مەخۆ هێندە، لە سایەی ڕەحمەتی ڕەحمان ئەمیرێک ماوە پاشایە. گوتی: کێیە؟ گوتم: شێرە گوتی: لێرە؟ گوتم: لێرە، هەتا تاران و هیندستان بە خۆی شێرە وەکوو ناوی، لە شەڕدا دوژمنئەندازە تەمایان هەر بە ئەو ماوە جەمیعی خاکی کوردستان هەچی جێگەی ئومێدمانە و ئەوی دڵ خۆش دەکا ئەمڕۆ کەسی دی لەو بەدەر نابێتە خەمخۆری گەلی کوردان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەرچەم و فێسی کەچی تۆ ئەی جوان پەرچەم و فێسی کەچی تۆ ئەی جوان تاجی کەیانە و عەلەمی کاویان من لە غەمت ڕێگەیەکم کەوتە بەر خوانی بەهەشتە و سەفەری هەفتخوان بێژەنی چاهی زەقەنی تۆیە دڵ ڕاهی نەجاتی فەلەک و ڕێسمان تیری موژەت بۆ دڵی ئەسفەندیار تیری گەزی ڕۆستەمی مازەندەران فیرقەتی تۆ لەشکری ئێرانییە سەبری منیش لەشکری توورانیان بەسیەتی سا خوێنی سیاوەش نییە جان و دڵت بردووە هەم دینمان حاجییە فیردەوسیی کورد، سا ئەتۆش گوێ وەکوو مەحموود مەدە قەولی بەدان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئومێدی وەسلی تۆم زانی نیشانەی بێنیشانی بوو ئومێدی وەسلی تۆم زانی نیشانەی بێنیشانی بوو ئەوەی ئێمەی فریب دا ئیلتیفاتی سەر زوبانی بوو لەسەر تووری ڕوخت مووسا کە فیرەعونی خەتی لا دا لە سیڕڕی زاری تۆی پرسی جەوابی لەن تەرانی بوو ئەگەر مووسا و دارا بی لە دنیا بەهرەوەر نابی دەزانی مەنسەبی هەردوو شوانی و ئاشەوانی بوو لە سایەی لێو و دندانی لەبەر چاوم نەما شانی ئەگەر لەعلی یەمانی بوو، وەگەر ئەڵماسی کانی بوو مەگەر بیستوویەتی خەتتت لەنێو چاهی زەنەخدانت ئەسیری یووسفە بۆیە نزوولی کاروانی بوو ئەوی تۆ هەتبوو، من نەمبوو قەرار و سەبر و عیززەت بوو ئەوی من هەمبوو، تۆ نەتبوو: وەفا و میهرەبانی بوو زەمانی حاڵ و سەرمایەی بەد و نیکت نەبوو سوودی بە موستەقبەل بڵێ حاجی لە مازی دا زەمانی بوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر لێدانە مەقسوودت بفەرموو ئەگەر لێدانە مەقسوودت بفەرموو وەگەر قەتڵە مەرامت ها دەسا زوو لە ڕێی خووا مەیکە تەحسیلداری ئێمە ڕەقیبی کافر و بێدین و بەدخوو شەو و ڕۆژێ دەبرژێم و دەقرچێم بە سووتن ئیکتیفا ناکەم وەکوو موو گەلاوێژە گەلاوێژی دو چاوت درەوشاوە، سەر و ڕیشم سپی بوو کە خۆیان خستە بەحری ئەشکی خوێنین دڵ و جان بۆ تەوافی خاڵی هیندوو بە قەولی تاجری دەریایی ئەخبار دڵی دێوانە تێ چوو، ڕۆحی دەرچوو ئەگەر دیققەت بکەن حاجی دەزانن لەبەر چی شێخەکان وا بوونە کەندوو! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بووکی دنیا وەک دەڵێن وا بێحەیا و بێفەڕ نەبوو بووکی دنیا وەک دەڵێن وا بێحەیا و بێفەڕ نەبوو هێندە دامەنهەڵکراو و حیز و ماڵانگەڕ نەبوو ڕێی نیشانی ئێمە دا ئەو ڕۆژە ئادەم دەرکرا بۆیەکی ئەم عالەمە بێ شۆڕش و بێ شەڕ نەبوو سۆفی بەم ڕەنگە کە وا گۆشتی براکانی دەخوا حیکمەتە ڕیشی وەکوو جاران درێژ و پڕ نەبوو نیسبەتی ئێمە و ئورووپا قەترە و دەریا نییە بۆچ ئولولعەزمێک بە عەزمی بیعسەتی پێی تەڕ نەبوو؟؟ کێ گەڕی پێ کردبووی تووشی بەڵای خۆتم بکەی ئەو دەمە باسی عەزاب و دۆزەخ و کەوسەر نەبوو ئەی مەهی دوو هەفتە تا شەمس و قەمەر تۆیان نەدی دانەگیرسان ئەو میسالی ئاگر، ئەمیان گڕ نەبوو بەم هەموو تەجریدە وا حاجی دڵی خۆشی نەدی تا لە ئەتوار و قسەی ئەم دەورە کوێر و کەڕ نەبوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا بڵێی فەڕقی هەیە میهری من و ماهی فەلەک تا بڵێی فەڕقی هەیە میهری من و ماهی فەلەک لە سەرا تا بە سورەییا، لە سەما تا بە سەمەک هەر کە لای کردەوە عوقدەی سەری زولفی لادا لە هەموو لاوە سەدای سەللی عەلا گەییە مەلەک گوێ لە واعیز مەکە ئەمشەو تەک و تەنها وەرە لام ڕۆژی مەحشەر بەمە گەر بمخەنە دۆزەخ بە دەرەک کوتکوت و تیکەبەتیکەم بکەن و بمدەنە سەگ جێگەمە لەم دەرە ناڕۆم بە جنێو و بە کوتەک خالیسە سیککەیی ئیخلاسی دڵی موخلیسی من بیخە نێو بۆتە چ حاجەت بەمە بیدەی لە مەحەک ئەی مەهی چاردە سەیری مەهی دوو هەفتە بکە وەک منی دابنێ چاوی من و تۆ ناگەنە یەک لە نقووشی غەزەلم چین و خەتا داماون کێ دەڵێ ئەمتیعەیی کوردە کەڵاش و کەپەنەک؟ ! بۆ تەماشای بەلەک و زەندی سپی و چاوی بەڵەک نیشتووە لەم دەرە عاشق وەکوو حاجی لەکلەک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە گاوان و شوانی کوردەکان یەک لە گاوان و شوانی کوردەکان یەک بەسە بۆ لەشکری سەد کەڕڕە دوو لەک فیدای جوتیارتان بێ حاتەمی تەی بە قوربانی سەپانتان ئالی بەرمەک مریشکی ئێوە سەییادی شەهێنە لە کن عەنقا فڕووجە حاجی لەکلەک شوانی مێگەلی کوردان لە شەڕدا وەکوو قەسسابە، دوشمن نێرگەلی شەک لەبەر حیزەبەخۆیی و ناتەبایی لە ژێری حیزی حیزان بووینە دۆشەک هەتا وەک ئاگری بن کان لەگەڵ یەک ئەگەر تۆفان بێ لەشکرتان بە پووشەک لە گوێی گا نوستوون بۆیێکە ڕێوی لە سەر ئێوە وەها شێرگیرە وەک سەک سەلاحی ئێوە ئێستاکە سیلاحە تەماعی گەورەیی بێ چەک نەکەن نەک کراوە ئینتیجابی وشکەسۆفی لە دیوانی کەری بێ نوقتەیی شەک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر کوردێک قسەی بابی نەزانی ئەگەر کوردێک قسەی بابی نەزانی موحەققەق داکی حیزە، بابی زانی وەرە با بۆت بکەم باسی نیهانی تەفەننون خۆشە گەر چاکی بزانی سەلاحەددین و نوورەددینی کوردی عەزیزانی جزیر و مووش و وانی موهەلهەل، ئەردەشێر و دەیسەمی شێر قوباد و باز و میری ئەردەلانی ئەمانە پاکیان کوردن، نیهایەت لەبەر بێدەفتەری ون بوون و فانی کتێب و دەفتەر و تەئریخ و کاغەز بە کوردی گەر بنووسرایە زوبانی مەلا و شێخ و میر و پادشامان هەتا مەحشەر دەما ناو و نیشانی بە زیددی میر و پاشامان بڕاوە بەسە با بێینە سەر ڕێی میهرەبانی کە دەیگوت شێخی من: من دەستگیرم لەلام وا بوو لەبەر جەهل و جوانی کە پیر بووم تێ گەیشتم دەستی گرتم لە کەسب و کار و تەحسیلی مەعانی بەڵێ شێخ قوتبە ئەمما قوتبی ئاشە بە ئاو و نیعمەتی خەڵقە گەڕانی لە بۆ ژن دێ لە کۆڵان وەک سەگی هار لە ژن هەڵدێ بە میسلی کەر لە خانی بڵێ بەو سەرکزۆڵەی کوزپەرستە بە چاوی کلدراو و ڕیشی پانی کە نەفعێکت نەبێ بۆ دین و دەوڵەت بە من چی نەقشبەندی یا نە مانی کەسێ پیاوە کە دانێ وەک حەماغا لە بۆ ئەبنایی جینسی نان و خوانی وە یاخود وەک ئەمین ئاغا بە هیممەت بکا بۆ قەسری میللەت پاسەبانی بڵێ لەم بەحسە هەر کەس مونکیری تۆن بفەرموو سەهلە ڕێگەی ئیمتیحانی بە ئوممێدی دووسێ دانایە حاجی بە هەرزانی دەدا دوڕڕی گرانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی بێ نەزیر و هەمتا هەر تۆی کە بەرقەراری ئەی بێ نەزیر و هەمتا هەر تۆی کە بەرقەراری بێ دار و بێ دیاری، بێدار و پایەداری بۆ باغی مەردی یاغی سەرمایەکەی خەزانی بۆ مەزرەعەی فەقیران سەرمایەکەی بەهاری تۆ پادشا نیشانی بۆ هەر سەوادی ئەعزەم بێ سەدر و شانشینی، بێ پەردە پەردەداری خەللاقی بێ فتووری، سوڵتانی بێ قسووری ڕەززاقی مار و مووری، ئاودێری دێمەکاری فیرووزە تەختی گەردوون مەسنووعی نەقشی تۆیە یاقووت و لەعلی ڕۆژە، ئەستێرەکان دەراری جێ و مەکانی تۆیە بێ جێ و بێ مەکانی لەیل و نەهاری تۆیە بێ لەیل و بێ نەهاری هەر ئەمری تۆ مەدارە بۆ کارووباری عالەم هەرچەندە بێ وەزیر و بێ سەدر و کاروباری سەحرانەوەردی شەوقت خورشید و ماهی تابان دوو جارییەن شەو و ڕۆژ بێ مەحمەل و عەماری مەعلوومە بۆچی حاجی مەدحت دەکا بە کوردی تا کەس نەڵێ: بە کوردی نەکراوە مەدحی باری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەم نەحوەیە سەرفی عیشقبازی بەم نەحوەیە سەرفی عیشقبازی موستەقبەلی کەمترە لە مازی یەعنی لە مە دا کە بیکوژە زوو بێ فەرقە حەقیقەت و مەجازی ئەم شێعرە زەریفە خەتتی چاکە نووسیومەتەوە لەڕووی بەیازی کەششافی ڕمووزی ئایەتی تۆ تەفسیری کەبیری فەخری ڕازی بۆ قەددی زراوی بێژراوە! نێزە و عەلەم و مەسافە غازی نەیداوەتە من خودا بە مفتی بەم مەشرەبە خۆت مەکە بە قازی ئەم قافییە شایەگانە ئەمما عەیبی نییە جاهیلێ بە ڕازی ئەو ڕزقی موقەڕەڕە بە خۆی دێ سەد دەفعە بخوازی یا نەخوازی قیرتاسی و شەهڕەوایە حاجی نەقدینەیی تۆ، بە چی دەنازی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا سالیکی مەسالیکی موڵکی قەناعەتی تا سالیکی مەسالیکی موڵکی قەناعەتی باکت نەبێ لە ڕێگر و ئەهلی شەقاوەتی سۆفی عیبادەتی هەموو بۆ مەکر و ڕیوەیە گەر شێری نەڕ بە گوێ بگرێ، پەشمە تاعەتی ئیخلاسە ئەسڵی مەقسەد و خۆڕا شەقی دەبێ وا تێ دەگا بە سەرمەقولاتە سەعادەتی بێ مەعریفەت مەبە لە تەریقی حەقیقەتا سەرمەنزیلی شەریعەتە جێگەی سەلامەتی ناگەن بە حیز و ڕێگری ئێمە لە موڵکی ڕۆم عەللامەیی ویلایەت و شێخی ویلایەتی مەفهوومی دوو حەدیسی سەحیحم لە بەیتەکا جێ کردەوە؛ نەزەر بکە کوردی و فەساحەتی دونیا سەگی لە ئۆغڵەمە تۆقیوە تالیبی نەیماوە هەروەکوو سەگی پێ سووتوو ڕاحەتی سەد قوببەیی خەوەرنەق و سەددی سکەندەری ناگاتە بەیتەکاولی نالی و مەتانەتی ساقی کەریمە بادەیی بەزمی (ئەلەست)ەیە حاجی لە جامی قەلبی شکاوە شکایەتی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەبیبی جان لە سەر چی ئەم ڕق و کینە هەتا کەی بێ حەبیبی جان لە سەر چی ئەم ڕق و کینە، هەتا کەی بێ بفەرموو دەنگی ساز و نەغمەیی موتریب، نەوای نەی بێ بەری بوو دڵ لە عالەم تا لە نێو زولفت موقەییەد بوو ئیتر فەڕشی حەیات و خۆشی یەکبارە دەبا تەی بێ بە بادم دا دڵ و دین عاقیبەت بۆ بادەیی چاوت دەمێکە توشنەیی هیجرم، بڵێن بادەی پەیاپەی بێ لە نەزعی دەردی فیرقەت جانی زارم قەت خەلاس نابێ مەگەر لەم کەوسەری لێوە، بڵێ بۆ خەستە با مەی بێ لە بەر سێوی جەمالت حەق نیە تەنها منم مەحرووم یەکێ لەیموون و یەک نارنجە، بۆ حاجی مەگەر بەی بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سۆفی بە سەر و ڕیش و بە خەرقەی سەری دۆشی سۆفی بە سەر و ڕیش و بە خەرقەی سەری دۆشی چەند چێڵەگەل و بزنەگەل و مێگەلی دۆشی فەرمانی کە دا کوشتمی جەللادی نیگاهی خوونی منی بێچارە عەدوو نۆشی بە خۆشی لەو وەعدە ڕەقیبم گوتی: بێ عەهد و وەفایە مەعلووم نەبوو لەم عالەمە دا ڕاست و درۆشی تەشخیسی دەواکەم مەکە ئەی بوو عەلی سینا لەو چاوە کە بۆم بوو بە شیفای عەینی نەخۆشی ئەو چاوە وەکوو مەسئەلەیی کوحلە سەوادی شازە وەکوو نەرگس نییە بێ فەزلی برۆشی موشعیر بە وەفاتی منی مسکینی فەقیرە وا ڕووتە لە خەت بەرگی سیای ماتەمی پۆشی حاجی لە تەوافی حەجەرولئەسوەدی خاڵی گریانە سەفابەخشی نە وەک سەعی و خرۆشی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەد وەکوو ڕۆستەم بە دڵ قەمچی لە ڕەخشی دا بە زی سەد وەکوو ڕۆستەم بە دڵ قەمچی لە ڕەخشی دا بە زی وەک گەیشتە خەندەکی پایانی عومری دابەزی ڕۆژتە ئەی بادی نەورۆزی لە بن بەفری گران کانی پێی سڕ بوو، چناریش دەستی چوو، پەنجەی تەزی سونبولی زولف و گوڵی ڕوخسار و سەروی قامەتی مانگی نیسان و گوڵان نەیدی لە نێو باخ و ڕەزی دڵبەرم تەنها کە بوو لەو بەینە خۆی ڕووت کردەوە من دڵم خۆش بوو کە چی دووبارە دایپۆشی کەزی غەمزە دەستی کردە ناز و ماری زولفی داخزی دڵ لەبەر پێی کەوتبوو، ئەم دەیدزی ئەو دەیگەزی چاکی سینەم بۆ چی ئەو خەییاتە نایدروێتەوە چاوی بیماری وجوودی کردمە دەرزی و دەزی حاجیب و حاجی هەموو ڕۆژێ بە گژ یەکدا دەچوون بێ حەیا بوو ئەو سەگە عاری نەبوو، حاجی بەزی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە سەر تەناف کە لەرزی هەتیوی سندووسی لە سەر تەناف کە لەرزی هەتیوی سندووسی شکا مەتاعی زەریفی و قیمەتی لووسی تەنافی پردی سیراتە مونازیران مەحشوور مەکانی مەلعەبە حەشرە لە موئمین و ڕووسی سەمایە عەرسەیی بازی گوریسی کاهکەشان ستارە نازیر و ماهیش هیلالی مەعکووسی شوعاعی شەعشەعەیی شەمعە مەشعەلی ماهی لە شەرمی تەلعەتی ئەو شەو دەبێتە جاسووسی موناسەبەی ئەو و لەیلا، میسالی دێو و پەری موشابەهەی ئەو و عەزرا، خەزاڵ و جاسووسی دوو چاوی عەینی نەخۆشی لەنێو سەری زولفی گران و سووکە لە ترسی ڕەقیبی کابووسی لە کونجی خانەقە سۆفی خزا و نەیزانی تەماعی دینی نەبێ یا ئەمانی نامووسی وە حەشرە سۆفی بفەرموو هەتا لە دونیا دا سیاهڕووی و خەڵق وا بزانێ سالووسی عیونی تنقطع من نعمه الله ارقنی دمعی الى ما تبل ملبوسی و عینی عاد لتبکی فما استطال لنا على فراق من اهوى یکون مایوسی فیدایی لەنگەری دەستی سینانی کەیکاووس درەفشی کاوە، ڕمی گیو و نێزەیی تووسی کە هات و کەوتە سەما عیسەوی شکا و نەما هەلاهەلایی کلیسا، سەدایی ناقووسی کە هاتە خەندە و فەرمووی: یەڵانجی ماشەڵا بە سادیقی بووە عیسایی میللەتی مووسی هەچی کە هاتە تەماشا بە نووکی موژگانی {فهولاء عبیدی} لەسەر دڵی نووسی بە وەسفی قەترە بە دەریایە شاعیری وەکوو من ئەگەر بە قافییە دانێم لوغاتی قامووسی لە قافییە شوعەرا عەیبە لا بدەن ئەمما بە یادی چاوی ئەمن لا دەدەم بە مەخسووسی جەبینی ماه و ڕوخی میهرە، زولفی شەو، دەهەنی سەبەب بە قافییەتەنگی بوو حاجی نەینووسی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە عەینی لەعلی کانی خەتتی سەبزی بوو بە میوانی لە عەینی لەعلی کانی خەتتی سەبزی بوو بە میوانی نەنازێ با خدر ئیتر کە مەشهوورە بە حەیوانی هەتا کوحلی غوباری پێی نەکاتە چاوی خۆی مەردوم سەوادی خوێندنەوەی نابێ شکستەی خەتتی ڕەیحانی کە هات و کەوتە حەڵقەی گێژی مریەم ئەو دەمە یەکسەر ئەرەستۆش وەک فلاتوون توون بە توون چوو، کەوتە حەیرانی ئەگەر ئەم زولفە موشکینە، وەگەر ئەم لەعلە ڕەنگینە دەڵێی سەحرای ماچینە، دەڵێی کانی بەدەخشانی بخوێنە کافییە و شافێ کەماڵی نەشئەیی جامی سەدی وەک ئیبنوحاجیب سەرفی عومری کرد لە دەربانی بەجێما نالی وەک ناڵی، بە پاش کەوت کوردی وەک گەردی کە حاجی غاری دا ئەسپی لە مەیدانی سوخەندانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەه و میهری بە غارەت دا بە شوعلەی شەمعی ڕوخساری مەه و میهری بە غارەت دا بە شوعلەی شەمعی ڕوخساری گوڵستانیش بە یەغما چوو لە تەنگیی خونچەیی زاری لە نەشئەی دیدەیی مەستی هەموو مەیخانە وێرانن هەموو کەس بەستەزوننارە لە سەودای زولفی تاتاری ڕەوان پەروانەیی نارە، منیش وەک چاوی بیمارم زەمانم وەک شەوی تارە، دڵا وەک خونچە خوونخواری دڵ و جان و ڕەوان و تەن وەکوو ئیمان و دینی من فیدای ڕوخساری گوڵناری، نیساری زولفی تەڕڕاری دەخیل ئەی چاوی جادووگەر بفەرموو مەردومان یەکسەر دەڵێن خەوتوویی بێداری، دەڵێن مەخمووری هوشیاری شوعاع و شەعشەعەی میهری، ئەشەععە و مەشعەلی بەدری لە سایەی پەڕتەوی ڕووتە بەقوربان نووری یا ناری بپرسە حاجی تۆ جارێ لە زولف و پەرچەمی خواری بڵێ: گەر تاری بۆچ ماری؟ بڵێ: گەر ماری بۆچ تاری؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەققاشی دەمی نوقتەکی دانا بە نیشانی نەققاشی دەمی نوقتەکی دانا بە نیشانی زانی کە زەمی کردووە بێزارە لە مانی وەسفی کەمەرت غەیری دەمی تۆ نییە بیکات بێ نوقتە بڵێ ئەو خەتی مەعدوومە بەیانی سوورەتگەری سەر لەوحەیی دیوانی مەلاحەت دوو یوسفی کێشاوە بەبێ ئەووەڵ و سانی فەڕقێکی نەبوو غایەتی ئەو کردییە سووکی زوو هات و ئەتۆ باعیسی نازت بە گرانی پێم خۆشە غەزەل فەرشی قودوومی عوقەلا بێ نەک بێن و لەبەرکەن جوهەلا لەفز و مەعانی ئیمکانی لەکن ئەو عولەمای موو دەقەڵێشن عەنقا و وەفا بوو چ میانی چ دەهانی تا دەستی نەدا خەنجەری نەیفەرموو: دەسا دەی حاجی بکوژن خێرە ئیتر مەیدەن ئەمانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەرێشان زولفی تاتاری میسالی ئەژدیهای جەنگی پەرێشان زولفی تاتاری میسالی ئەژدیهای جەنگی نەزیری سەروی کشمیری، قیامەت قامەتی شەنگی لە شەوقی شەمعی ڕوخساری، لە بیمی تەعنی ئەغیاری لە کولبەی سینەیی ناری دەسووتێ دڵ بە بێدەنگی لە ئەو لای کەس قوتار نابێ چ موئمین بێ چ کافر بێ لە ئەم لاش کەس خەلاس نابێ لە هیند و دەیلەم و زەنگی تەماشام کردووە نەقشی دەراهیم سەرفی مەمنووعە کەچی قازی ئیزافەی کرد بە مفتی هاتە بەر چەنگی دوو ماری زولفی شەبڕەنگی کە بێ بۆ لەعلی زەححاکی لە ترسان پێی دەدا حاجی فەرەیدوون تەختی هۆشەنگی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە هەستا قامەتی بەرزی لە فەرقی تا وەکوو ئەرزی کە هەستا قامەتی بەرزی لە فەرقی تا وەکوو ئەرزی پەرێشان زولفی سەد تەرزی بە یەک دا داڕژا و لەرزی لە دەوری تابەتا وەستا لە تەشبیهی دڵی وەستا، موعەتتەل بوو گوتی: ئێستا لە چین و پێچش و تەرزی سەدای یا حەیی دەروێشان لە ترسی زولفی پڕ چینی لە عیسا عەرسەیی گەردوون بە تەنگ هات هەروەکوو دەرزی لە سەودای زولفی پڕچینی لەنێو چینی نومایان بوو خەتا و چین و خوتەن یەکسەر گرفتار بوون لە ژێر قەرزی هەڵیدا زولفی چەوگانی کورەی خورشیدی دا بەر شەق کە دایدا چی مەلاییک بوو لە گەردوون هاتە سەر ئەرزی حەیای چوو چەتری تاووس بارەگاهی شەعشەعەی خورشید کەمەندی پیلەتەن، زنجیری داود، گورزی گوودەرزی دەقیقەک بێ سەری موویەک لە زولفی وەرگەڕێ مەودا لەگەڵ سوبحی قیامەتدا دەکا بێ تەقیە سەربەرزی مریدان مەست و سەرخۆشن لە نەشئەی بادەیی دەستی مەلایک جوملە بێ هۆشن بەنازی چاوی پڕ ڕەمزی مرادی من مریدی خالیسە خەییاتییە کاری مەلایک سوورەتە، ئاهوونیگاهە، حاجییە تەرزی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەموو عومرم لە ڕێی هات و نەهاتی هەموو عومرم لە ڕێی هات و نەهاتی بەسەر چوو ئەی ئەجەل هەر تۆ نەهاتی لە دەستی حاجیبت چاوم غوڵامت بەراتی قەبرە، پەیکانە خەڵاتی بە ڕوخ فەڕزە غوباری سوممی ئەسپت بماڵم شاهی پیل ئەفکەن بە ماتی لە تاوی خوسرەوی سەییارە ئەنجوم هەڵاتن، یاری من تۆ هەڵنەهاتی لە ڕەهنی وی دەبێ سۆفی وەکوو من بکا پێشکەش هەموو سەوم و سەلاتی دەزانم رحمة للعالمینی لە بەدبەختی منە کەم ئیلتیفاتی چ گەنجێکە ئیلاهی گەنجی حوسنت لە هیچ دینێ نەبوو واجیب زەکاتی لە تووشیی خۆم بوو هەرچی تووشی خۆم بوو لە دەستی خۆیەتی حاجی شکاتی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئافتابی حوسنی تۆ ڕۆژە کە دێ و ئاوا دەبێ ئافتابی حوسنی تۆ ڕۆژە کە دێ و ئاوا دەبێ قامەتیشت وەک هیلالی یەکشەوە ئا وا دەبێ کامە دانا مێزەری دانا و فێسی کردە سەر بێحەیا و سەرپەل و سەرخۆش و بێپەروا دەبێ پادشاهێکم هەیە گەر من بکاتە دەرکەوان حاجیب و خەددامی من ئەسکەندەر و دارا دەبێ داوی ناوە زولفی دوولانە لە هەردوو لامەوە دڵ گرفتارە ئەگەر لەم لا نەبێ لەو لا دەبێ شەو لە بەزمی دولبەرم بەم تەعنە وا سووتاندمی چاوی دا پەروانە فەرمووی عاشقی هەر وا دەبێ واسفی قەددی ئەتۆ خامەی دەبێتە نەیشەکەر ئەلفی قەددی موستەقیمی قافیەی باڵا دەبێ سەرسپی و دڵ ڕەش بوو حاجی تا فەقێ بوو، ئێستەکەش ڕووڕەشێکە ڕیش سپی، خوا عالیمە هەر وا دەبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێمەش دەمرین دەبینە خاکی سەرەڕێ ئێمەش دەمرین دەبینە خاکی سەرەڕێ ئەم ڕۆژ و شەوە تەنووری سوبحی دەگڕێ دەسگا و دوکانی شارەکان دادەنرێ ئەمیان دەفرۆشێت و ئەوی تر دەکڕێ ئەم مردووە باوکی یەخەیی دادەدڕێ ئەو بووکی نوێی هەیە کەوای بۆ دەبڕێ بێ بستە فەلەک ئاشەکی وای ناوەتەوە بۆ هاڕدنی ئێمە چ عەجایب دەگەڕێ! لادێیش ڕەزی ئاو دەدات و وەردی دەبڕێ حەیوانە دەزێ، سەگ دەوەڕێ، کەر دەزەڕێ لوقمان لەمە دا شوانە ئەگەر خۆی بکوژێ گاوانە فلاتوون لە غەما گەر بدڕێ ئەم دەستە کە چوو دەستەیەکی تازەیە دێ مەعلووم نەبوو ئەم کەشمەکەشە کەی دەبڕێ عالەم هەموو مردن لە خەمی زانینی ئەم حیکمەتەیان نەزانی، هیچ لێی مەگەڕێ لەم لاوە هەتا حاجی نەچێتە ئەو لا مومکین نییە تێ بگا لەوە، گەر بفڕێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داغی کردم بە جەفا لالەڕوخێ، زیبایێ داغی کردم بە جەفا لالەڕوخێ، زیبایێ پیری کردم بە ستەم لامەزەبێ تەرسایێ تیژبین وەقتی ستەم، گاهی کەرەم بێ بەسەرێ لە وەفا هیچنەزانێ لە جەفا دانایێ یاری ئەغیار و بە خۆی موئمین و کافرسیفەتێ خزمی دوشمن ڕەوش و قاتیلی بێ پەروایێ ناموسوڵمان سەنەمێ، خوێنی موسوڵمان ڕێژێ سەرکەش و بەدخوو و هەم دڵشکەن و خودڕایێ قیسسەیی حاڵەتی ئەو کەشفە لە ڕۆم و عەجەما نییە وەک حاجیی بێچارە ئەبەد ڕیسوایێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەڵێن یار دێتەوە بابی مەحەببەت، یا خودا وا بێ دەڵێن یار دێتەوە بابی مەحەببەت، یا خودا وا بێ ئەگەر دوشمن دەڵێ: نابێ! موغەننی تۆ بڵێ: نا بێ دەلەرزێ باغەبان سەروت لە ترسی قامەتی بەرزی گوتی ئەم نوکتە بارێکی گرانە تێ دەگەی نابێ لە هیجرت هەردەمە سەیلی سروشکم ماجەرای چاوم بە ڕەنگێک ڕەنگی کرد، ڕەنگی جیهان باوەڕ مەکە وا بێ لە ناکاو دڵبەرم فەرمووی هەڵستە ئێستەکێ واعیز لە بۆمان دادەدا وەعزێ؛ گوتم: باکت چییە با بێ بە تەزمین فەردەکی نالیی دەهێنم تا ڕەفیقانم بزانن فەڕقمان زۆرە، خەزەف قەت وەک گوهەر نابێ «کەمەندی زولفی دوولانە، لە بۆ گەبر و موسوڵمانە دەکێشێ بێ موحابانە، چ لەم لا بێ، چ لەو لا بێ» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەتنی کوتووبی ئەم دووە با شەرحی کرابێ مەتنی کوتوبی ئەم دووە با شەرحی کرابێ ئیشکالی ڕمووزی مەسەلەی قازیی مابێ قازی هەڕۆ سینەت سوپەری تیری قەزا بێ وەک دینی ڕەوافیز بەدەنت بێ سەر و پا بێ خۆت حاکمی ئەم مەسئەلەیەی، کەی دەبێ وا بێ پیری وەکوو تۆ ماهی هەبێ و ماکەری گابێ بێ مروەتێ بەم مروەتە قەت مروەتی نابێ سەد دەفعە کەریش هەروەکوو تۆ مروەتی گا بێ حاجی دەڵێ ئەم میسرەعە تەئریخییە قازی ئینسافی نییە، عاری چییە، مروەتی گابێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەر خەڵقی جیهان یەکسەرە فەریادڕەسم بێ گەر خەڵقی جیهان یەکسەرە فەریادڕەسم بێ وەڵڵاهی مەپوندار بە غەیری تۆ کەسم بێ وا سۆزی دڵم ئاگری بەرداوەتە جەرگم تۆقیوە هەناسەش نەفەسێک هەمنەفەسم بێ مورغی سەحەرم باڵ و پەڕی وەحشەتی ڕێگەی هەستان و فڕینم یەکە چەرخیش قەفەسم بێ نادەم بە هەموو موڵکی سولەیمانی زەمانە لەم عالەمە ڕووتی چییە هەر گا هەوەسم بێ هەر شەو بە دزی نەغمە لە سەر سیدرە دەکێشم با سابیت و سەییارەیی گەردوون عەسەسم بێ حاجی کە نیگارم سەفەری کرد و نەمردم عەیبم مەکە وەک هاتەوە ئەم شەرمە بەسم بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو فەلەک ڕیفعەتە هەر لەحزە نیقابێکی هەیە ئەو فەلەک ڕیفعەتە هەر لەحزە نیقابێکی هەیە کێ دەزانێ وەکوو من خانەخەرابێکی هەیە ڕاستە دڵ خەستە و بێچارە وەکوو نەرگسی تۆ نەرگسی مەستی ئەتۆ بەس نییە خوابێکی هەیە شەمعی من سەرزەنشی قەت مەکە پەروانە ئەگەر ئێستە خامۆشە، شەو ئەلبەتتە جەوابێکی هەیە شێعرەکانم کە غەریبی وەتەن و نەوسەفەرن وەرە بیخوێنەوە ئەم نوقتە سەوابێکی هەیە قەدری حاجی بگرن مەقسەدی هەر دیدەنییە وەرنە هەرچی بگری نانەک و ئابێکی هەیە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر جورعەی ڕەقیبت لا گوڵاوە ئەگەر جورعەی ڕەقیبت لا گوڵاوە نەکەی بیخۆیەوە پیس و گڵاوە لە نەغمەی موتریب و مەی دانی ساقی برینم کەوتە سۆ، داخم کولاوە لە ڕێگەی تۆ ئەوی بێ پا و سەر بێ پلۆقەی کەوشە، فەرقی بێ کڵاوە مەڵێ نایخوێنتەوە نامەی فڵانی لە برژان و لە سووتانا کوڵاوە بە یادی کونجی تۆ حاجی وەکوو بووم لە مەعموورە، دەچێتە ناو کەلاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر خاڵت بڵێم میشکی خەتایە ئەگەر خاڵت بڵێم میشکی خەتایە عەزیزی من ئەمەم عەینی خەتایە لە بەر نەوخێزی سەبزەی دەوری لێوت تەنم کاهیدە میسلی بەرگی کایە دەڵێن عەنناب و شەککەر چاکە بۆ دەرد گوڵاوی لێوی تۆ بۆ من شیفایە تەبیبم هاتە بالینم وەهای گوت: درێغا دەردی عیشقە، بێ دەوایە ئەگەر کوفرە بڵێم من موبتەلاتم وەرە سا بمکوژە بیللا غەزایە ئەوە خاڵە لە سەر گۆنای شەریفت وە یاخود دانەیی داوی بەڵایە خەمیدە قامەتی داوی خەمی تۆم ئەمەندەی ڕاستە حاجی بێ ڕیایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی باوکی مەکە، ئارامی نییە ئەو تەرەسە باسی باوکی مەکە، ئارامی نییە ئەو تەرەسە ڕۆژێ جاسووسە، بە شەو تا بە سبەینێ عەسەسە! ناکرێ مەدح و سەنای تۆ بە زوبان و بە قەڵەم حەقە مەدحت نەکەم و قافییەزانیم عەبەسە شێر وەکوو موورە لە لای زولفی کەمەندئەندازی فیلە مێشوولەیە، لێی لابدە، عەنقاش مەگەسە عادەتی گرتووە عوششاقی نەبێ هەڵناکا وەرنە بۆ کوشتنیان، نیمەنیگاهێکی بەسە لێوی وەک قەندە موکەڕڕەڕ لە دەما شیرینە بۆیە تەکرارە وەکوو ناڵە ئەنیسی نەفەسە چوونە ژێر باری ڕیاسەت کەری و ئەحمەقییە لە قەتاریش ئەوی پێشەنگە عەلاوەی جەرەسە بوومی وێرانە بە ڕۆژ و سەگی ئەو کۆیە بە شەو هەردوو خزمی یەکن و حاجی بە بێ خزم و کەسە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بای وەعدە بەفری بردەوە یەخبەندی کردەوە بای وەعدە بەفری بردەوە، یەخبەندی کردەوە گوڵ شەمعی پێ کرا، شەرەری جەمرە مردەوە ئەسپی ڕەش و سپی بە گرەو غار دەدەن بە تاو وەک ڕۆژ و شەو، دیارە لە شەو ڕۆژ دەباتەوە بولبول دەخوێنێ، با لە دەفی بەرگی گوڵ دەدا خونچە لە باتی گوێ بگرێ، دەم دەکاتەوە نێرگس لە مێرغوزار دەزانی بە چی دەچێ بنواڕە ئاسمان لە شەوا عەینەهوو ئەوە تامی نەماوە قیسسە و فورسەت غەنیمەتە، مەعلوومی خاس و عامە هەچی چوو نەهاتەوە میسلی شەراری کاغەزە سووتاوە عومرمان ڕۆمی کە دەفع بوو گرێی دڵ دەفع دەبێتەوە لەم وەقتە هەر کەسێ وەکوو حاجی لە گوڵشەنا دەستەگوڵی بە دەستەوەیە دەستی بردەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە ڕوخ و زولفی شەو و ڕۆژی هەتا ڕۆژ و شەوە بە ڕوخ و زولفی شەو و ڕۆژی هەتا ڕۆژ و شەوە گرپەیی دەم بە دەمم دوژمنی خوێنینی خەوە فیتنەیی غەمزە و و نازی نیگەه و چاوە کە وا هات و هاوار و هەرا و گێچەڵ و تاڵان و ڕەوە دڵ لە فیکری دەهەنت هالیکی ڕێگەی عەدەمە یا موقیمی سەری زولفی تۆ وە یا ڕاهڕەوە لەگەڵ ئەم ئاهووە دێ ئەم سەگی ڕیش کۆن و نوێ دێتە سوو، دێتەوە سوێ، ڕێشێ کە کۆنەجدەوە لە بەهای موژدەیی وەسڵی قەدەمی چت بدەمێ دڵ ئەنیسی سەری کۆی دولبەرە جانیش گرەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا گوڵی ڕوخساری تۆ وەک من هەزاری عاشقە تا گوڵی ڕوخساری تۆ وەک من هەزاری عاشقە ڕاستیی قەددت لە سەر سەرو و سنەوبەر فایقە با لە هەردوو لا بە زولفت باوەشێنی لێ نەکا مێشی خاڵت نافڕێ پابەندی شەهدی ڕائیقە بۆچی گوڵ پێناکەنێ ئاهم سەحابی باغییە گریە بارانی بەهارە، ناڵە ڕەعدی باریقە شەو لە داخی عاریزت، ڕیشی سپی بوو ئاسمان گەر دەڵێی کەززابە ها بورهانی سوبحی سادیقە سونبولی زولفت پەرێشانە، قەدی سەروت بڵند دڵ پەرێشانی پەسەندە نالەباری لایقە حاسڵی وەسفی گوڵم نایێتە سەر حەدد و بەیان شیرینی فەرهادە، لەیلای قەیسە، عەزرای وامیقە من دەبێ بمرم ئەگەر مەنعم نەکا حاجی لە خۆی با جەوابی {لَن ترانی}، {خَرَّ موسی} ساعیقە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەماشای قامەتم پیری چلۆن تیری عەسای دایە تەماشای قامەتم پیری چلۆن تیری عەسای دایە درۆیە داری گەورە وەک نەمامی تازە دانایە ڕقی لێمە فەلەک، ساقی کەرەم فەرموو ڕەقی بێنە ڕقی وشکی لە تۆ نایێ ئەمان موتریب! لە تۆ نایە لە دنیا ئەمتیعەی وەسڵی لەگەڵ من ناکرێ سەودا هەموو چین و خەتا لەم لا لە زولفی لام هوەیدایە کەلیمە ئەو دەمە، زولفی عەسایە، خەتتی فیرعەونە یەدی بەیزایەتی گەردن، جەبینی تووری سینایە سولەیمانێکە «نالی» ساحیبی دیوان و فەرمانە نییە کەس بێتە مەیدانی مەگەر حاجی خودئاسایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەهلی ئیشکالی مەسایل وا خەتی زانینمە جەهلی ئیشکالی مەسایل وا خەتی زانینمە زولفی تۆ قەید و حەواشیی سیلسیلەی ئاهینمە دەخڵی خەرجی خۆمە بارانی نەباتانی زەوی هەوری پاییز ڕوویی سووتان خوسرەوی هاوینمە خامە داخوازی دەکا ئەبکاری مەعنا، پێی دەڵێ: ڕووسیاهی دووزمان قەتعی سەرت کابینمە ڕۆژی هیجران مەیلی ئەغیاری هەبوو ها بمکوژە حامیلی باری خەمت هەر گیانە چاو خائینمە عەزمی تابووری سەفی موژگانی تۆ بۆم هات بەتاو هێرشی بۆ قەلعەیی ئیمانە یا ئایینمە سەیری حاجی کردووە یار هات و ئێستا دەیکوژێ یا خودا وا بێ ئەمن چەند ساڵە وا ئامینمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەزنەیێکە بەیتی من دوو میسرەعم داخستووە خەزنەیێکە بەیتی من دوو میسرەعم داخستووە کەس تەماعی تێ نەکا ڕێگەی دزم لێ بەستووە بیکە بەر دیبایی نەزمم تا قیامەت نادڕێ چونکە ئەبکاری مەعانیی تار و پۆیی ڕستووە زاهیرەن بەیتم لە نالی و کوردی زۆر کەمتر نییە تالعم بەرگەشتەیە، بەدبەختە بەختم نووستووە باسی حوور و باسی غیلمان و پەری بۆ من مەکەن وەک مەهی بێ میهری خۆم نەمدیتووە و نەمبیستووە نیوەشەو گەر دەرکەوێ وەک ماهی سەرکەل تەلعەتی وا دەزانن ئافتاب و موشتەری سەر بستووە دەست و پێی ئەو پادشاهی حوسنە کوێلەم پێ دەڵێن هێندە ئەنگوستی پەشیمانیم لە حەسرەت گەستووە دڵ لە کونجی سینەدا گەر خوێن دەنۆشێ و غەم دەخوا حاجی بۆ قوربانی عیدی وەسڵی تۆ دایبەستووە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەم مەخۆ بۆ نان و خوانت خەڵقی هێشتا نوستووە خەم مەخۆ بۆ نان و خوانت خەڵقی هێشتا نوستووە زاڵەکەی دنیا تەنووری مەشریقی داخستووە بێخەویم دایێ نەخۆشیم لێ کڕی چاوی، کەچی وەک من و بەختی سیاهم هەر نەخۆش و نوستووە لێت دەشێوێ هەر کە زولفەینی پەشێوی لابدا ماهتابی سەرکەلە یا ڕۆژەکەی سەر بستووە دڵبەرم بەرمامکی دابوو لە بەر ئێشی ددان وا دەزانن ڕوومەتیم ئەمشەو لە خەودا گەستووە تاقەت و سەبرم ئەگەر ڕوویین تەنی ئەفراسیاب ڕۆستەمی هیجری لە ئەرزی داوە دەستی بەستووە ئەی سەبا یارم ئەگەر پرسی لە حاڵم پێی بڵێ: مابوو تا ئەو وەقتە هاتم وادەزانم مردووە خەم مەخۆ قوربان لە بۆ قوربانی عیدی وەسڵی تۆ موددەیێکە بەو ئومێدە حاجی خۆی دابەستووە!! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دالی قەدم کە ئەلفی عەسای گرت بە دەستەوە دالی قەدم کە ئەلفی عەسای گرت بە دەستەوە تیر و کەمانی سەیدی جەوانیم نەبەستەوە! ئەی پەیکی ناڵە بێنی سەری زولفی بێنە چنگ گەر خاکی پێی دەڵێی، هەموو دەم وا بە دەستەوە گاوی فەلەک بە باری غەمی زگ دەنێتە عەرز من چوومە ژێری بێ گلە بەم جیسمی خەستەوە بۆ قەسری وەسفی ئەو مەهە میعماری فیکرەتم وەستاوە کوللی لەحزە بە خۆی و کەرەستەوە قوربان ڕەقیبی سەگ دەس و پێمی شکاندووە چۆن بتگەمێ بە پێی شەل و دەستی شکەستەوە ئەو نەوڕەسەی ئیجارەیی مسکێنەکان دەکا حەججاجە، گەرچی سەییدە بەم خەرج و هەستەوە تا سوبحی گەردەنی لە شەوی زولفی هەڵنەیێ حاجی مەڵێ بە تالیعی نووستوو: هەڵستەوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵبەرم مامزییە، بازی بە ڕەفتاری کەوە دڵبەرم مامزییە، بازی بە ڕەفتاری کەوە ئەی دڵی خەستە وەکوو گوربە بە شوێنی مەکەوە داغداری ڕوخییە لالەیی حەمرا لە چەمەن نەرگسە چاولەبەری غەمزەیی غەممازی ئەوە چی لە من داوە ئەجەل حەققی نییە بێتە سەرم خۆم ئەسیرم، دڵە نەزرە، ئەوە جانیش گرەوە حەز دەکەی سوبحی قیامەت لە شەوا دەربکەوێ پێی بڵێ: دوگمەیی ئاوێنەیی سینەت بکەوە سەفەری زولفی مەکە حاجی شەوت لێ دەگەڕێ با وجوود ڕۆژە لە لات وایە کە تاریکەشەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەسا و قامەتم تیر و کەوانە عەسا و قامەتم تیر و کەوانە کەچی دڵ تالیبی ڕەوتی کەوانە ئەگەر جەمعی وەکوو عەقدی سورەییا پەرێشانت دەکەم وەک حەفتەوانە هەتا کەی هەروەها شەققەی سمت دێ غەم و غوسسەی جیهان باری گرانە ددان و مووی سەری وەک کوهنەپیران نیشانەی داوەشان و هەڵوەرانە جەوانی وەک جوانی کەوتە داوی لەغاوی ڕیشییە، زینی ڕەوانە بە سەر چوو خەتتی سەبزی، مژدە ئەی دڵ دەمی دروێنەیە و خەرمان و دانە ئەوی خۆشم دەوێ میسلم نەدیوە بە غەیرەز خۆی لە ژێر ئەم ئاسمانە لە بەینی زولف و خاڵ و نوونی ئەبرۆ بە ئەلفی قامەتی جانی جیهانە لە هەردوو لامەوە زولفی دوو لانە ئەسیری کردم و بێ ئاشیانە لە ڕۆما گەر مەتاعێ بێ تەماعی بە خۆڕایی بدەن هێشتا گرانە ئەبووزەڕ مالیکی دنیایە لێرە، ئەوی «غازی» هەیە ساحێب «قڕانە» ئەگەر توججاری حاجی پارە بێنە مەتاعە نیک و بەد، دنیا دوکانە لەبۆ عوقبا بزانە کام بە کەڵ دێ ئەتۆ موختاری ئێستا لەم میانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قسەیێکم هەیە دەیکەم مەڵێ بێ تەجرەبەیە قسەیێکم هەیە دەیکەم مەڵێ بێ تەجرەبەیە با وجوودی، ئەوی نادانە لە لای وەک گەمەیە موقتەزای ئاب و هەوای خاکی دیاری ڕۆمە ئەهلی سووتاوی مەیە، بەستەیی ئاوازی نەیە حاکمی ڕێگری مەعموورەیە، قازیی دزی ڕۆژ وزەرا و وکەلای گورگە، ڕەعییەت گەلەیە سالیکی ڕیخە ئەگەر شێخە ئەگەر مێخە، لەوێ شێخە هەر کامێ نەدا تا دەمرێ هەر دەدەیە زانی و شاریب و لۆتی دەگرن؛ والی دەڵێ: بەری دەن پارەیی خۆی دایە، چ عەیبێکی هەیە هێندە بێگانە لە ئیسلامن و ئەحبابی فەرەنگ موتتەقی دێوە لە لایان، موتەشەڕیع شەوەیە زوڵمیان عامە لە سەر عاممە، ڕەعیەت فەوتا تۆ مەکە مەنعی عەوامیل، کە خەتای گای بنەیە هەر لە شا تا بەگەدا تووشی یەکێکی نابی لێی بپرسی بە حەقیقەت بڵێ: جەددم ئەمەیە لازمە ئەم غەزەلە وەک غەزەلێ بیکەنە بەر هەر وەکوو حاجی: ئەگەر شارە، وەگەر دیهکەدەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قیسسەی شەبی هیجرانی مەکە باسی سبەینە قیسسەی شەبی هیجرانی مەکە باسی سبەینە لەو شامەوە تا سوبحی دوسەد فەرسەخی بەینە مەورووسی تووە خوڵقی حەسەن، حوسنی خەلایق چونکی کە موسەغغەر بکرێن هەردوو حوسەینە قانوونی شیفابەخشی نیگاهت بە ئیشارات جەللادی ڕمووزی کوتوبی حیکمەتی عەینە زاهیر مەکە دەللاکی بە مووسای یەدی بەیزات بۆ خەتتی یەهوودی کە شەڕی بەدر و حونەینە تا سادە بوو جانی نەدەویست ئێستەکە لەعلی دوو شاهیدی مەستی خەتی هێناوە کە بەینە دڵ گەرمە بە دەوری قەمەری گەردشی چەرخی خورشیدی زەمانە کە هەموو مووجیبی بەینە یار هاتەوە فەرمووی خەتم هێناوە بە سەوقات پێم گوت: ئەگەر ئەم توحفەیە بۆ حاجییە مەینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دوو لا ئەژدیهای زولفی لە گەنجی حوسنی ئاڵاوە لە دوو لا ئەژدیهای زولفی لە گەنجی حوسنی ئاڵاوە لە لایەک عاقڵم ئەمما لە ئەو لاوە تەمەع خاوە لە بۆ مەردوم وەها چاکە کە ماڵی خۆی لە بەر چاو بێ وەکوو چاوم لە دنیا دا ئەگەر مەحسوولی هەر ئاوە لە ژووری ئاوی مووسایە، لە خواری ئاگری توورە عەجایب خەتتی فیرعەونی نە خنکاوە و نە سووتاوە ئەگەر چاوم لە دوڕباری نە عەینی ما نە ئاساری لە دینی ناکەوێ چونکە نیشانەی خاڵی هەر ماوە ئەمێستێ مووری خەتتی ماچ بە وەجهی توحفە گەر بێنێ ئەگەر لاقی کولەی پێ دا سولەیمان خاتەمی داوە بە سەر ڕووما دەیێ تابووری ئەشکم بۆ مەدەدکاری کە دیتم قەلعەیی حوسنت سوپای خەت مەحسەرەی داوە یەقین مورغی دڵم حاجی لە داوی زولفی دەرناچێ هەتا ئەم خاڵە موشکینە مەکانی عەنبەری خاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دەوری خاڵەکەی کوڵمی کە ماری زولفی داناوە لە دەوری خاڵەکەی کوڵمی کە ماری زولفی داناوە لە سەر تەسویرەکەی ئادەم مەلەک سەد عوزری هێناوە شەوی میعراجی سوبحانە بە قەددی سەروی تۆی زانی لە سیدرە جوبڕەئیل بۆیێ لە نیوەی ڕێگە لایداوە کە شەیتان تاقی میحرابی برۆی تۆی دی وتی: یا ڕەب لە سوجدەی حەزرەتی ئادەم سەری خۆم بۆچی باداوە! بەڵام ئەی ویشکەشێخانی زەمانە پێم بڵێن ئاخر لەبەر چی پەرچەمی ساقی لە سوبحی جەبهە تۆراوە بەغەیرەز باسی ئەو زارە موهیممە دەرکی ئەو زارە ئەوی بیستوومە بیستوومە، ئەوی دیتوومە دامناوە چ سەییادێکی سەییادی کە بۆ سەییادی ئوستادی چ هەستی کردووە هەستا چ بازی بەست و وەستاوە وەرە ڕەبعی دڵ و چاوم بەهەشتی ڕوبعی مەسکونە هەتا دڵ حەز دەکا باخە هەتا چاو بڕ دەکا ئاوە نیهایەت بمکوژن وەڵڵا لە ماچی لێوی خۆش نابم ئەوی خوا حەز نەکا نابێ، ئەوی قەوماوە قەوماوە لە حەققی مەقدەمی حاجی قوڕی کوێ کەم بە سەر خۆما دڵێکم بوو لە دنیادا ئەویش بەینێکە تۆراوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە نەزاکەت کەمەری وەک خەتی ئەهلی حیکەمە لە نەزاکەت کەمەری وەک خەتی ئەهلی حیکەمە لە نەبووندا دەهەنی بێ قسە عەینی عەدەمە چین یەکێکە کەچی زولفی کەچی عاجزە، بۆ؟ دڵی سەودایی خەتای کردووە بۆیە نەدەمە ماچی ئەو خونچەدەمە بێ حەقی جان موهری دەمە سالیکی ڕاهی عەدەم، بێ دەمی نەقشی قەدەمە گەر ڕەزا بێ چییە بۆ ماچی دەمی جانی عەزیز تەجروبەم کردووە عیشرەت بە دەمە نەک بە دەمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەسەر شەو ڕۆژی داناوە، مەڵێن فێسی لە سەر ناوە لەسەر شەو ڕۆژی داناوە، مەڵێن فێسی لە سەر ناوە لە بەر با جامی یاقووتی بە میشکی وشکی داداوە لە دامێنی چیا بۆ خەرمەنی گوڵ خێوەتی خارا بە دوو ئەستووندەکەی زیوین تەنافی زولفی هەڵداوە لە بەرقی ڕەنگی شەڕواڵی حەیا دامێنی هەڵماڵی لە تەققەی دەنگی خرخاڵی لە گەردوون زوهرە داماوە لە تەققەی ناڵ و شەققەی پانی بەرزی ئاسمان لەرزی تەق و تۆق کەوتە سەر ئەرزی، دەڵێی مەحشەر هەڵستاوە لە تاویەی هەڵگەڕاوی زولف و خاڵی ڕەش تەماشا کەن بۆ تەیری دڵ بیعەینیهی دەڵێی ئەم دانە ئەو داوە بە سەد خوێنی جگەر فێری نیاز و ناز و عیشوەم کرد کەچی ئێستاکە دەمگاتێ دەڵێ سا لاچۆ بەو لاوە لە تەسویری قەڵەم موو کەوتە بەر دەم، نوقتەکی دانا ئەوی کردە کەمەر نەققاش ئەمی بۆ زاری داناوە دەری تۆ کەعبە بوو حاجی تەوافی کرد و نەیزانی چ قەوما کەعبە کەچ بوو، {مەسجیدولئەقسا}یە ڕووخاوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆستەمی مازەندەران ئەو وەقتە دەستی بردەوە ڕۆستەمی مازەندەران ئەو وەقتە دەستی بردەوە هاتە ڕێی دێوی سپی، ئازانە دەستی کردەوە هەروەکوو شارانی تر کەس ئاشنای کۆیێ نەبوو شوهرەتی ئەبیاتی من خەڵکی لە سەر کۆ کردەوە هەر کەسێکی دایە بەر شەق زاڵی دونیایی دەنی گۆی لە مەیدانی جەوانمەردانی عوقبا بردەوە ئەم هەموو زوڵمەی ڕەقیب کردی لە ئاخر، دڵبەرم ماڵی ئاوا بێ بە ماچی لێوی تۆڵەی کردەوە داستانی هیجری من شەرحی بە نووسین ناکرێ پێت دەڵێم چۆنە ئەگەر چاوم بە چاوت کەوتەوە ئاهی من سوورە، چیا وەک لۆکە هەللاجی دەکا عوقدەیی زولفی گرێی موویینە با نایکاتەوە هەر کە بیستم پێم دەڵێ: حاجی سەگی دەرگانەمە من لە ترسی گورگی بەدکارم کەری خۆم بەستەوە ++++++++++++++++++++++