شاعیر: حاجی قادر کتێب: غەزەل سەرناو: عەسا و قامەتم تیر و کەوانە عەسا و قامەتم تیر و کەوانە کەچی دڵ تالیبی ڕەوتی کەوانە ئەگەر جەمعی وەکوو عەقدی سورەییا پەرێشانت دەکەم وەک حەفتەوانە هەتا کەی هەروەها شەققەی سمت دێ غەم و غوسسەی جیهان باری گرانە ددان و مووی سەری وەک کوهنەپیران نیشانەی داوەشان و هەڵوەرانە جەوانی وەک جوانی کەوتە داوی لەغاوی ڕیشییە، زینی ڕەوانە بە سەر چوو خەتتی سەبزی، مژدە ئەی دڵ دەمی دروێنەیە و خەرمان و دانە ئەوی خۆشم دەوێ میسلم نەدیوە بە غەیرەز خۆی لە ژێر ئەم ئاسمانە لە بەینی زولف و خاڵ و نوونی ئەبرۆ بە ئەلفی قامەتی جانی جیهانە لە هەردوو لامەوە زولفی دوو لانە ئەسیری کردم و بێ ئاشیانە لە ڕۆما گەر مەتاعێ بێ تەماعی بە خۆڕایی بدەن هێشتا گرانە ئەبووزەڕ مالیکی دنیایە لێرە، ئەوی «غازی» هەیە ساحێب «قڕانە» ئەگەر توججاری حاجی پارە بێنە مەتاعە نیک و بەد، دنیا دوکانە لەبۆ عوقبا بزانە کام بە کەڵ دێ ئەتۆ موختاری ئێستا لەم میانە ++++++++++++++++++++++