شاعیر: حاجی قادر کتێب: غەزەل سەرناو: خەم مەخۆ بۆ نان و خوانت خەڵقی هێشتا نوستووە خەم مەخۆ بۆ نان و خوانت خەڵقی هێشتا نوستووە زاڵەکەی دنیا تەنووری مەشریقی داخستووە بێخەویم دایێ نەخۆشیم لێ کڕی چاوی، کەچی وەک من و بەختی سیاهم هەر نەخۆش و نوستووە لێت دەشێوێ هەر کە زولفەینی پەشێوی لابدا ماهتابی سەرکەلە یا ڕۆژەکەی سەر بستووە دڵبەرم بەرمامکی دابوو لە بەر ئێشی ددان وا دەزانن ڕوومەتیم ئەمشەو لە خەودا گەستووە تاقەت و سەبرم ئەگەر ڕوویین تەنی ئەفراسیاب ڕۆستەمی هیجری لە ئەرزی داوە دەستی بەستووە ئەی سەبا یارم ئەگەر پرسی لە حاڵم پێی بڵێ: مابوو تا ئەو وەقتە هاتم وادەزانم مردووە خەم مەخۆ قوربان لە بۆ قوربانی عیدی وەسڵی تۆ موددەیێکە بەو ئومێدە حاجی خۆی دابەستووە!! ++++++++++++++++++++++