شاعیر: حاجی قادر کتێب: غەزەل سەرناو: خەزنەیێکە بەیتی من دوو میسرەعم داخستووە خەزنەیێکە بەیتی من دوو میسرەعم داخستووە کەس تەماعی تێ نەکا ڕێگەی دزم لێ بەستووە بیکە بەر دیبایی نەزمم تا قیامەت نادڕێ چونکە ئەبکاری مەعانیی تار و پۆیی ڕستووە زاهیرەن بەیتم لە نالی و کوردی زۆر کەمتر نییە تالعم بەرگەشتەیە، بەدبەختە بەختم نووستووە باسی حوور و باسی غیلمان و پەری بۆ من مەکەن وەک مەهی بێ میهری خۆم نەمدیتووە و نەمبیستووە نیوەشەو گەر دەرکەوێ وەک ماهی سەرکەل تەلعەتی وا دەزانن ئافتاب و موشتەری سەر بستووە دەست و پێی ئەو پادشاهی حوسنە کوێلەم پێ دەڵێن هێندە ئەنگوستی پەشیمانیم لە حەسرەت گەستووە دڵ لە کونجی سینەدا گەر خوێن دەنۆشێ و غەم دەخوا حاجی بۆ قوربانی عیدی وەسڵی تۆ دایبەستووە ++++++++++++++++++++++