شاعیر: حاجی قادر کتێب: غەزەل سەرناو: تا گوڵی ڕوخساری تۆ وەک من هەزاری عاشقە تا گوڵی ڕوخساری تۆ وەک من هەزاری عاشقە ڕاستیی قەددت لە سەر سەرو و سنەوبەر فایقە با لە هەردوو لا بە زولفت باوەشێنی لێ نەکا مێشی خاڵت نافڕێ پابەندی شەهدی ڕائیقە بۆچی گوڵ پێناکەنێ ئاهم سەحابی باغییە گریە بارانی بەهارە، ناڵە ڕەعدی باریقە شەو لە داخی عاریزت، ڕیشی سپی بوو ئاسمان گەر دەڵێی کەززابە ها بورهانی سوبحی سادیقە سونبولی زولفت پەرێشانە، قەدی سەروت بڵند دڵ پەرێشانی پەسەندە نالەباری لایقە حاسڵی وەسفی گوڵم نایێتە سەر حەدد و بەیان شیرینی فەرهادە، لەیلای قەیسە، عەزرای وامیقە من دەبێ بمرم ئەگەر مەنعم نەکا حاجی لە خۆی با جەوابی {لَن ترانی}، {خَرَّ موسی} ساعیقە ++++++++++++++++++++++