شاعیر: حاجی قادر کتێب: غەزەل سەرناو: سەد وەکوو ڕۆستەم بە دڵ قەمچی لە ڕەخشی دا بە زی سەد وەکوو ڕۆستەم بە دڵ قەمچی لە ڕەخشی دا بە زی وەک گەیشتە خەندەکی پایانی عومری دابەزی ڕۆژتە ئەی بادی نەورۆزی لە بن بەفری گران کانی پێی سڕ بوو، چناریش دەستی چوو، پەنجەی تەزی سونبولی زولف و گوڵی ڕوخسار و سەروی قامەتی مانگی نیسان و گوڵان نەیدی لە نێو باخ و ڕەزی دڵبەرم تەنها کە بوو لەو بەینە خۆی ڕووت کردەوە من دڵم خۆش بوو کە چی دووبارە دایپۆشی کەزی غەمزە دەستی کردە ناز و ماری زولفی داخزی دڵ لەبەر پێی کەوتبوو، ئەم دەیدزی ئەو دەیگەزی چاکی سینەم بۆ چی ئەو خەییاتە نایدروێتەوە چاوی بیماری وجوودی کردمە دەرزی و دەزی حاجیب و حاجی هەموو ڕۆژێ بە گژ یەکدا دەچوون بێ حەیا بوو ئەو سەگە عاری نەبوو، حاجی بەزی ++++++++++++++++++++++