شاعیر: حاجی قادر کتێب: غەزەل سەرناو: ئەگەر لێدانە مەقسوودت بفەرموو ئەگەر لێدانە مەقسوودت بفەرموو وەگەر قەتڵە مەرامت ها دەسا زوو لە ڕێی خووا مەیکە تەحسیلداری ئێمە ڕەقیبی کافر و بێدین و بەدخوو شەو و ڕۆژێ دەبرژێم و دەقرچێم بە سووتن ئیکتیفا ناکەم وەکوو موو گەلاوێژە گەلاوێژی دو چاوت درەوشاوە، سەر و ڕیشم سپی بوو کە خۆیان خستە بەحری ئەشکی خوێنین دڵ و جان بۆ تەوافی خاڵی هیندوو بە قەولی تاجری دەریایی ئەخبار دڵی دێوانە تێ چوو، ڕۆحی دەرچوو ئەگەر دیققەت بکەن حاجی دەزانن لەبەر چی شێخەکان وا بوونە کەندوو! ++++++++++++++++++++++