شاعیر: حاجی قادر کتێب: غەزەل سەرناو: لە ڕۆما کەوتە بەر چاوم کەسێکی هائیم و حەیران لە ڕۆما کەوتە بەر چاوم کەسێکی هائیم و حەیران بە هەیئەت تێی گەییم کوردە بە شێوەی ئەهلی کوردستان کە چوومە خدمەتی پرسیم: برادەر خەڵکی کام جێگای؟ لە کام لا هاتوویی؟ گریا، گوتی: بابان! گوتم: بابان؟ دڵم داوە، گوتم: باوکە هەموومان بێکەسین لێرە چ قەوماوە، گەلێ حەیفە، مەگریێ هەروەکوو باران گوتی بۆ غوربەت و ڕووتی نییە ئەفغان و هاوارم لە داخی حاکمی خۆمە، لە شان و شەوکەتی تورکان گەلێکم بیستووە پەستی و بڵندیی دەوڵەتان، ئەمما جیهان نەیدیوە پەستی وا میسالی حاڵی کوردستان لە وەقتی خۆی هەموو شا بوون، سەراپا بێخەم و شا بوون لە جوودا حاتەمی تایی، لە شەڕدا ڕۆستەمی مەیدان لە پێشا خاکی مە لانەی پڵنگ و شێری ئازا بوو ئەمێستا مار و مێروو، گورگ و ڕێوی لێی دەکەن سەیران لە کوێ ما نەعرەتەی تەقڵە و جلیت و ڕمب و ڕمبازی! لە کوێ ما دەنگی زوڕنا و دەهۆڵ و شایی و سەیران! لە هاڕەی شەشپەڕ و نەڕڕەی سوار و بەرقی شەشخانە لە تەققەی ناڵ و شەققەی سم، لە ڕەققەی تۆپز و قەڵغان دەهاتە جونبوش و لەرزین لە ماهی بگرە تا ماهی لە سەحرا چەندە وەحشی بوون لە ترسان چوونە سەر کێوان لە ڕیزی زەبر و زەنگی وان کەسێکی تر نەبوو هەرگیز بە شیر و حیشمەتی کوردە کە ماوە دەوڵەتی ئێران سەرا و ئەیوانیان ئێستا کەلاوەی کوندەبوو و جوغدە ئەگەر مەیدان و دیوانە سەراپا بوویتە جێی دۆمان لە پاشی ئەو هەموو گریان و ناڵە و زارییە پێم گوت: عەزیزم غەم مەخۆ هێندە، لە سایەی ڕەحمەتی ڕەحمان ئەمیرێک ماوە پاشایە. گوتی: کێیە؟ گوتم: شێرە گوتی: لێرە؟ گوتم: لێرە، هەتا تاران و هیندستان بە خۆی شێرە وەکوو ناوی، لە شەڕدا دوژمنئەندازە تەمایان هەر بە ئەو ماوە جەمیعی خاکی کوردستان هەچی جێگەی ئومێدمانە و ئەوی دڵ خۆش دەکا ئەمڕۆ کەسی دی لەو بەدەر نابێتە خەمخۆری گەلی کوردان ++++++++++++++++++++++