شاعیر: حاجی قادر کتێب: غەزەل سەرناو: دووسەد گوناهی هەیە خەڵق با وجوودی کەریم دووسەد گوناهی هەیە خەڵق با وجوودی کەریم ئەمی کە داویە دەیدا، چ ڕازقێکە، کەریم! مەپرسە دەردی غەریبی و لەززەتی وەتەنم ئەوی لە دەستی دەگریام ئەمێستە بۆی دەگریم سەوادی سێبەری تۆیان هەتا نەکردە میداد نەنووسرا وەرەقی ئەمری کُنْ فَکانی قەدیم لە لای مەعاریجی تۆ تەلغراف و بەرق و شەهاب نەزیری ڕەوتی تەنافبازە فیکری تەبعی عەقیم جودایی باسی مەکە فەسڵی قابەقەوسەینت کەمانی ئەبرویی تۆ بوو لە بەزمی خاسی عەلیم خەڵاتی عیززەتی لەولاک و تاجی ئەڕسەلناک بەسە سەنایی جەلال و کەماڵی خوڵقی عەزیم خولاسە نێوی نوبووەت لە پاش ڕیسالەتی تۆ میسالی مار گەزیدەی مولەققەبە بە سەلیم بە بەر شەفاعەتی خۆتی ئەگەر نەخەی حاجی لیباسی کەعبە لە بەر کا دەبێ بچێتە جەحیم ++++++++++++++++++++++