شاعیر: حاجی قادر کتێب: غەزەل سەرناو: ئەم ئاهووە مومکین نییە نەخچیری بە تەدبیر ئەم ئاهووە مومکین نییە نەخچیری بە تەدبیر هەڵناخەڵەتێ باوکەسەگی پیرە لە تەزویر چاهی زەقەنی مەهلەکە ئەی دڵ بە گوریسی ئەو زولفە ئەگەر سیلسیلەیە خۆت مەخە نێو بیر ئەی بادی سەبا من ببە سوودی نییە نامە تەشریحی زەعیفی من و خەم نایەتە تەحریر جەیشی حەبەشی زولفی لەگەڵ خەتتی بەشەڕهات سۆفی دڵی بێچارە لەبەر پێ بووە هەنجیر بەم موهری سولەیمانی زەمان هەروەکوو خورشید دونیا بگرە بێ مەدەدی خەنجەر و شەمشیر بێ دیتن و بێ واسیتە چاتر لە من و تۆ هیچکەس نییە نەیناسێ ئەگەر شێتە ئەگەر ژیر بێ میننەتە گەر خوانی وەلی نیعمەتی حاجی ئەم شێخە چییە، قونچکی پیوازە، سەری سیر ++++++++++++++++++++++