شاعیر: حاجی قادر کتێب: غەزەل سەرناو: ماهی سەرچاوەی حەیاتم کەوتە بەند و داوی شەست ماهی سەرچاوەی حەیاتم کەوتە بەند و داوی شەست پشتی دەستی خۆم لە حەیوانی و لە بێعاری نەگەست کامە لوقمان کەوتە چەنگی پیری، قۆڵی بانەدا کامە ڕۆستەم تووشی بوو، نەیخست و دەست و پێی نەبەست هێندە سوورەت زۆر بووە، مەعنا لە بەینا ون بووە ئێستەکێ بێ سوورەت و مەعنایە عەیبی بتپەرست غەیری چاوی نووستوو و بێداری تۆ نەمدیتووە بێ نەزەرکردن بەسیر و مەردومی هوشیار و مەست زولفی بۆ دەفعی هوجوومی لەشکری سوڵتانی خەت کەوتە خاک و سەرکەشی دانا وەکوو عەهدی «الست»! با وجوودی نەوجەوانی خەتتی سەوزی دەرکەوێ عەهد و پەیمانی نەبوو موو، بۆیە پشتی پێ نەبەست داوەموویێکی بە دونیا و بە مافیها نەدەی حاجی گەر ئەحبابەکی جانی بە جانیت کەوتە دەست! ++++++++++++++++++++++