شاعیر: حاجی قادر کتێب: قەسیدە سەرناو: گوتم بە بەختی خەواڵوو بەسە ئەتۆ بی و خودا گوتم بە بەختی خەواڵوو: بەسە ئەتۆ بی و خودا لە خەو هەڵستە زەمانێ بچینەوە ئەو لا گوڕەی بەهارییە ئێستێکە شاخ و داخی وڵات پڕە لە لالە و نەسرین و نەرگسی شەهلا لە گرمەگرمی سەحاب و لە هاژەیی باران چیایە پڕ لە هەرا و نواڵە پڕ لە سەدا پڕە لە سەیل و لە گۆلاو و کانی ڕوویی زەمین پڕە لە بەرق و بریقەی برووسکە جەووی سەما شکۆفە درهەمی شاباشی بای وەعدە دەکا لە شەوقی مەقدەمی خەمڵیوە دار و بەردی چیا پیاڵەیی زەڕی نەرگس لە سەر کەفی سیمین پڕە لە شەبنمی وەک دوڕڕ و لوئلوئی لالا گوڵیش بە پەنجەیی فەیرووزە جامی یاقووتی لەبۆ نیساری موهەییایە پڕ لە زەڕڕی تەڵا لە شادی وەک سەفی شایی لە کێو و کەژ ئەزهار هەژا بە خەلعەتی گوڵگوون و کەوتە ڕەقس و سەما چەمەن لە لالە میسالی خەتی ڕوخی دولبەر سیاه چادری لێ بۆتە خاڵی سەر گۆنا لە کن بەنەوشە و خاو و هەڵاڵە و بەیبوون هەڵاڵی پێستەیی خاوە عەبیر و موشکی خەتا چیا لە تەوقەسەری داڕژاوە تا کەمەری چو زولفی سونبولی دەرهەم، چو پەرچەمی بەڕەزا بە جۆشی ئاگری گوڵناری کانی هەڵدەقوڵێ میسالی دیدەیی وامیق لە حەسرەتی عەزرا قەڵاتی زیوی ڕوخاوە هەرەس بە تۆپی نەسیم سوپاهی لالە و گوڵ چادری لە جێ هەڵدا لە گۆلەشینێ کە قاز و مراوی دێن و دەچن نەزیری ماه و ستارەن لە قولزومی مینا شنەی نەسیمە سەدای ئاوی سافی سەر قەڵبەز بە ورشەورشی گیا شەنگەبی بووە شەیدا خرینگ و هۆڕی قوڵینگ و قەتاری سی لە سەران دەیێت و کەو دەفڕێت و شەهێن چریکە دەکا لە پیڕەپیڕ و لە سمکۆڵی پیرە گاکێوی دەلەرزێ گاوی زەمین و دەترسێ گاوی سەما لە بستوو، دووکەڵی شینی تفەنگی نێچیروان میسالی سونبولی زولفێکە تێک بچێ بە سەبا چیایە شێخ و کەوای سەوزە، مێزەری بەفرە سیواکی چووزەرە ڕێواسە، تەیلەسانی گەڵا چەمەن لە لالە و ڕەیحان و نەستەرەن ئیمڕۆ سوپێهر و سوبح و شەوە و ئافتابی وەختی زوحا چنار و عەرعەرە دەفزەن هەزارە نەغمەسەرای گیاشی زاکیرە تەسبیحی شەبنمی لە ملا لە ژووری مێگەلی هەورە، لە ژێری مێگەلی مەڕ شەبیهی گوڵشەنی خەزرایە توودەیی غەبرا لە کێو و کەژ کە سەر ئێوارە دێتەوە ماڵات لە دەوری چادری ساحێبی مەوجی دا، وەستا لە حیلەحیلی کەحێل و لە باڕەباڕی مەڕان لە دەنگی قۆڕەیی گاجووت و بۆڕەیی مانگا لە گورگەلوور و حەپەی سەگ، لە قاڕەقاڕی بزن لە عەکسی دەنگی دوبارەی کە دێتەوە لە چیا لە ئۆحەئۆحەیی گاوان و قیڕەقیڕی شوان لە بگرەبەردەیی کابان دەبێتە حەشر و حەلا مەلائیکەی سەری تاق و ڕەواقی مینایی دەیێنە جونبوش و لەرزین، دەکەونە حەولەوەلا کە هەڵکرا شەوێ ئاگر لە کوللی ڕەشماڵێک خەجڵ دەبن لە زەوایایی خەیمەیی والا عوتارید و زوحەل و ئافتاب و ماهی تەمام خولاسە سابیت و سەییارە تا دەگاتە سوها سەبا! دەزانی ژیانم لە دوورییان مەرگە؟ دەسا وەرە بە کزەی خۆت خەجڵ بکە عیسا ئەگەر منم لە فیراقیان کزەم لە جەرگەوە دێ ئەگەر دڵە وەکوو جەرگم دەڵێی ئەوا سووتا لە پاشی ئەم هەموو داستانە بەختی خابالوود میسالی ئەژدەری نووستوو بە ڕق لە خەو هەستا جەوابی دامەوە ئەمما جەوابەکی وا ڕەق نەما مەجالی مەقال و موباحەسە لەم لا گوتی هەتاکو خەزان و بەهار و زستانە مەداری عەیشی مەوالیدی عالەمی غەبرا بەهاری وا هەموو ساڵێکی دێتەوە ئەمما ئەوانی دەچنە دیاری مەمالیکی عوقبا یەکێکی نایەتەوە؛ چوونیان هەر ئەو چوونە لە شێخ و عالیم و جاهیل، لە پادشاه و گەدا مەکانە، شەوقی بە عێلاتە، پەشمە کۆنەهەوار حەیاتە زەوقی بە ئەحبابە، بایە ئاب و هەوا ڕەفیقی کۆنە نەماون، جوانەکان پیرن بە شەق دەڕۆن و لە داری دیارە شەققی عەسا لە دووسەدی یەکەکی زەحمەتە بناسییەوە مەگەر بە ناو و نیشان و بە خزم و باب و برا کە بێی و بچیەوە ئێستا کأنَهُ دیسان سەفەر دەکەی لە وەتەن دەچیە شاری جابولقا خولاسەیی قسە ئێستێکە مەسڵەحەت ئەمەیە بڵێی بە وەجهی نەسیحەت، بە کاغەز و ئینشا ئەمان! کوڕانی ڕەفیق و برادەرانی وڵات بە ئێوە هەر کە گەیی ئەم کەلامی بێ سەروپا لە پاش ئەوەی کە تەسیح و موتاڵەعەی بکرێ بە یادی من لە بەری کەن لە ڕوویی میهر و وەفا هەتا لە خیتتەیی بێگانە فەخری پێوە بکەم لە بەینی زومرەیی ئەحیا و مەجمەعی مەوتا ونی مەکەن وەکوو ئاساری نالی و کوردی لە سەهوی دیدە بپۆشن، گوزەر بکەن لە خەتا نییە لە مومکینی ئیمکان خەتا و سەهوی نەبێ بە غەیری خواجەیی دیوانی علَم الأسما ئەوی حەسوود و جەهوولن، لەئیم و ڕەخنەگرن لە عەیب و ڕەخنەیی عالیم بەری دەبن ئودەبا ئەمانە زادەیی ئەفکار و خۆشەویستی منن ئەگەر قەبیح و کەریهن، ئەگەر شەل و ئەعما میسالی فەرخەیی ژیشک کە پێی دەڵێ دایکی: ئیلاهی قاقومە یا خەز، سەموورە یا دیبا شەبیهی جۆڵەکە ڕازی نەبێ بە سەردڕی خۆی مەڵێن فەساحەتی کوردی بە فارسی ناگا بەلاغەتێکی هەیە، هیچ زوبانێ نایگاتێ لە بێ تەعەسسوبی کوردانە بێ ڕەواج و بەها کە خۆتی تێ نەگەیێنی، لە نیکتەکانی نەگەی دەڵێی هەمووی هەزەیانە، خودا بەڵای لێ دا بەڵام ئەوانی کە سەڕڕافی زێڕ و زیوی قسەن بە شەهڕەوایی دەزانن، چ سککەیێکە ڕەوا چ حیکمەتێکە کە ئاساری کوردەنامووسی نە کیمییایە نە عەنقا لە بەینی ئێمە نەما ئیلاهی نەیخەیە بەر چەنگی مەندەبووری لەئیم نقوودی حاجی کە نەیدیوە خوسرەو و دارا ئومێدی وایە نەسیبی کەریمەکی وا بێ بە خێری دایکی و بابی لە ڕێی خودا بیبا گەلێ قسەم لە دڵا بوو، حیکایەتم مابوو کەچی لە بەختی کەچم خامە نووکی لێرە شکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خاکی جزیر و بۆتان، یەعنی وڵاتی کوردان خاکی جزیر و بۆتان، یەعنی وڵاتی کوردان سەد حەیف و سەد مخابن دەیکەن بە ئەرمەنستان وا ڕێگەتان دەبەسرێ عێلاتی جاف و بڵباس گەر مردوون لە گەرمێن مەمنووعە بچنە کوێستان کامی کچ و هەتیوی شیرین بێ ڕایدەکێشن هاوار دەبەن ئەبەر کێ پەشمە دەخیل و ئامان مەسجید دەبێتە دێرە ناقووسیان موئەززین مەتران دەبێتە قازی، موفتی دەبێتە ڕەهبان هیچ غیرەتێک نەماوە سەد جار قەسەم بە قورئان پەیدا بێ ئەرمەنستان نامێنێ یەک لە کوردان سەرتان لە قوڕ هەڵێنن، ئەحواڵمان ببینن چۆنین لە دەستی زوڵمی بێدینی دوور لە ئیمان وەڵڵاهی سوممە بیللا، تەڵڵاهی ئەم بەڵایە هەر هێندی پێ دەزانن ئیقلیمی کردە تۆفان تۆفانی ئاو نییە هیچ دەرچێ لە کێوی جوودی بەحری تفەنگ و تۆپە، ئینسانە بەحری عوممان ئەم قیسسەیەی کە کردم ناگاتە چەند ساڵێ ئەم حاڵەتە دەبینن یەک یەک بە چاوی خۆتان حاڵ ئێستەکە وەهایە مەگەر خودا بە سووکی تێکیان بدا وە ئیللا دوورە لە عەقڵی ئینسان هەرچی وەکوو بەیانم بۆ کردوون بە تەحقیق پەیدا دەبن سەگانە، کام قوڕ بکەین بە سەرمان لەم بەینە ئیتتیفاقێ پەیدا بکەن بە مەردی فەرقی نەبێ شوان و جوتیار و میر و گاوان [سوێندیش بخۆن بە دین و ئیمان و سێ تەڵاقە بۆ حیفزی دین و میللەت خۆتان بکەن بە قوربان] گەر هیچ نەبێ بە ئۆین تابیع بە دەوڵەتێ بن بێگانە چاکە دوشمن نەک دوشمنی لە خۆتان ڕۆمی وەکوو بەنی موون کەس پشتیان پێ نەبەستێ کەوتوونە داوی خۆیان، سەرگەشتە ماون و حەیران کوا والیی سەنەندوج، بەگزادەیی ڕەواندوز کوا حاکمانی بابان، میری جزیر و بۆتان ئەو ئایەتەی فَسِیرُواْ فِی الأَرْضِ خوا کە فەرمووی ئیجرای دەکەن سەگانە بالنفسه شاهی خۆیان کوا ئەو دەمەی کە کوردان ئازاد و سەربەخۆ بوون سوڵتانی موڵک و میللەت، ساحیبی جەیش و عیرفان جۆشێک بدەن وەکوو هەنگ، تەدبیر بکەن بەبێ دەنگ ئەسبابی شەڕ پەیا کەن ئەرکانی حەرب و لێدان پاڕانەوە و تەوەککول لەم عەسرە پارە ناکا تیرە دوعایی جەوشەن پەیکانە حیرزی مەیدان بۆچی بەشیری ئێمە یەعنی ڕەسوولی ئەکرەم هیچ ئەدعییەی نەزانی ڕۆژێ کە دەچووە مەیدان وەک خێوە و بوخارا، ناڕوا بەڵا بە هیممەت ڕەفعی بکەن مەشایخ، دەفعی بکەن مەلاتان هەر میرێ کەوتە شوێنی یەک دوو کەسی ڕەش و ڕووت خەڵکی بە موور دەزانێ، خۆی حەزرەتی سولەیمان یەکتان نەچوونە گەردش وا تێ دەگەن لە دنیا هەر پادشاهی ڕۆمە و شاهی عەجەم لە تاران قوتبی زەمانە خالید ئاوارە بوو وەکوو من بێ قەدر و قیمەت و شان، بێ خان و مان و بێ نان شیر و قەڵەم شەریکن لەم عەسرەدا، درێغا شیرم قەڵەمتراشە و کالانییە قەڵەمدان! ئەم مەسئەلە مەشهوورە گەر قوڕ دەکەی بە سەرتا ئیکسیرە خاک و خۆڵی دەرماڵی گەورەماڵان تەنها ئەمە وەها نین، دیباچەیی مەم و زین حاڵیت دەکا چلۆنە ئەحواڵیان سوخەندان خۆتان دەڵێن: ئەگەرچی مەشهووری خاس و عامە هەر ڕێوییەک گەڕابێ ئازاترە لە شێران سەد قائیمە و قەسیدە کەس نایکڕێ بە پوولێ ڕۆژنامە و جەریدە و کەوتۆتە قیمەت و شان بنواڕە سەعی و غیرەت ئێستا لە دەوڵەتی ڕۆم خۆیان خەزێنەدارن، خۆیان تەبیب و سوڵتان هەر دوێنێ ئەهلی سوودان هەستانە پێ وەکوو شێر ئێستێکە موستەقیللن مەحسوودی کوللی ئەدیان بولغار و سیرب و یۆنان، هەم ئەرمەن و قەرەتاغ هەر پێنجیان بە تەعداد نابن بە قەددی بابان هەر یێکە موستەقیللن، کوللێکی دەوڵەتێکن ساحیبی جەیش و ڕایەت، ئەرکانی حەرب و مەیدان هەم حەققیانە ئەرمەن غیرەتکەشی یەکترن وەک ئێمە نین لەگەڵ یەک دەعوا بکەن بە شیران بۆ فەننی حەرب و سەنعەت، بۆ زەبت و ڕەبتی میللەت دەینێرنە ئورووپا گەورە و بچووکی خۆیان حاجی کەسێکە بێکەس بۆ ئێوە قوڕ دەپێوێ گوێی لێ گرن زەریفە، ناگرن بەڵا لە خۆتان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەلەک بە تیر و کەمانی لە ئێمە چۆتە کەمین فەلەک بە تیر و کەمانی لە ئێمە چۆتە کەمین شکارگاهی زەمینە، لە چنگی کێوە دەچین! دەخاتە گەردنی ئێمە میسالی دابەستوو گوریسەکی بەڵەکی سوبح و شام و ناترسین بە حوققەبازی و لەعبی زەمانە ناخەڵەتێین ئەمێستە پێدەکەنین و لە ئاخیرا دەگرین ئەمین مەبە لە سبەینێ ئەمەت بەسەر دێنێ حەوادیساتی زەمانە کە نایەتە تەخمین وجوودی ئێمە کە ڕۆژی حەیاتی ئاوا بوو یەقین بزانە کە شەو لێ گەڕاو و دەربەدەرین ئەم ئەرزە کۆنەهەوارە، خەلایقیش کۆچە تەماعی سووری نەبێ کەس لە ژێری چادری شین دوو گەز زەمین و سێ گەز جاو و مستەخۆڵێکە لیباسی پێخەف و ڕایەخ هەتا دەگاتە سەرین سەبا موسەللەمی ئافاقە قاسیدی غورەبای ئەنیسی یاری و هەمڕازی عاشقی خەمگین سبەینێ هەستە مەوەستە خەبەر بگەینە وڵات دیارە چەندە حەزین و غەریب و بێ کەیفین کە چوویە سەر حەدی بابان و عێلەکەی جافان بگریێ هەروەکوو بارانی ماهی فەروەردین لە قوڕ بنیشە بڵێ: قەوم و قیلە هاوارە ئەسیرە کەیفی لە ڕۆما لە حەبسی زێری زەمین لە کوردی بگرە هەتا تورک و عارەب و عەجەمی لە ئاخ و داخی دەسووتێن و شین دەکەن دەگرین لە کوێرەدێیێ کە کەیفی تیا بێ فیردەوسە جەهەننەمە کە نەما کەیفی شاری قوستەنتین حەزین و دەرهەمی ئەم شارە زۆری بێگانەن لە حەسرەتی عەجەبا شارەزووری چەن دەگرین! گەلێ هەناسەیی کێشا و چاوی خۆی گێڕا کەسی نەدی لە عەشیرەت، لە داخی چۆن نەمرین! زوبانی کوردی و تورکی و فارسی و عەرەبی وەهای دەزانی وەکوو بەیتی خوسرەو و شیرین ئەمەش دەلیلە لە تەئسیری مەرسییەی کە گوتم: چوار زوبانی تێ دایە قەسیدەیی ڕەنگین دریغ و حسرت از ئان شاهباز سدرەنشین بە دام مرگ فتاد و بە خاک گشت دفین ز لوحەی خط موزون و قطعەی منظوم خجل شد ابن هلال و ڕوان ابن متین بە کێ بڵێم کە بە کەیفی بڵێ بە کەیف و سروور: خەمی نەبێ کە فەلەک عاکیفاتی چللەگوزین جنوبهم تتجافی عن مضاجعهم یستغفرون لک بالغدو حتا حین علی تعلو بااعلی الجود عبرتنا مدی الزمان انوح نیاح منتدبین اوگون کە اسب کلامی زمانە ایلدی زین کف کفایتی کیفیە ویردیلر دزگین بو گیجە کیفی افندی گورندی ڕویادیە جناندە زمزە غلمان و حورە اولدی یقین کسلدی ماتم نظمندە زەهرەنک تاری طاغلدی حسرتی نثرندە عقدەی پروین کبیر در بو مصیبت، عظیم واقعە در صغیر یازینە تاریخی، خامەی مشکین لە یەک دو لاوە هەتیوی لە پاش بە جێ ماوە یەکێکی بیکری مەعانی، دووانی تیفلی حەزین ئەمن کە مامی ئەوانم دەیاندەمە ئودەبا، کچانی زادەیی تەبعی لەتیفی حیجلەنشین وەلێ کوڕانی ڕەزا نین بە خاکی ڕۆم و دەڵێن: لەلای ویلایەتەوە چاوەنۆڕی مامی ترین قەڵەم شکا و موڕەککەب ڕژا و نامە نەما لە داخی قافییە تا خۆی گەیاندە ئاه و ئەنین ئەدیب و ئاقڵی لەم بەحرە وەک «تڕی بن گۆم» گەلێکی ون بووە حاجی وە چاکە لێی دەرچین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وا دیارە ڕەسم و قانوونێکی دەوران دادەنێ وا دیارە ڕەسم و قانوونێکی دەوران دادەنێ کوردی ئێمە گەردشی گەرمێن و کوێستان دادەنێ ئەی ئەمیری کوردەکان بۆ ئێوە عەیبە و شوورەیی حیزەکی وەک --–– –-–– دادەنێ بۆ کەیە نامووس و عار و بۆ چییە ئیمان و دین خاچ و ئینجیلی لە جێی تەفسیر و قورئان دادەنێ هەر کە تاجی نایە سەر تەختی لە کوردستان دەبێ خەرج و پیتاکی لە سەر گۆران و سۆران دادەنێ مەدرەسە دەیکاتە جێی قیسیس و ڕەهبان و کەشیش بانگە ناقووسی، لە تەکیەش پیری مەتڕان دادەنێ بۆ ئیهانەت کامی ساحیب عیززەتە عەزلی دەکا بۆ ڕەزیلی جووتیاری خۆی و گاوان دادەنێ هەم لە جێی بەگزادەکان و جێی فڵان ئیبنی فڵان بۆ ڕیاسەت سەربەسەر ئەلقابی –– دادەنێ هەر لە پاش چەند ساڵی تر تەسخیری بەغدادیش دەکا شارەزووری قشڵەیە، دەببۆ لە بابان دادەنێ باغ و ڕاغی بولبولە دەیکاتە جێی زاغ و زەغەن گورگ و مام ڕێوی لە بێشە و لانی شێران دادەنێ خانەتان وێران دەکا قەسر و قوسووری لێ دەکا بۆ ئەمەی نەچنە عەجەم ئێڵچی لە تاران دادەنێ بۆ کوڕی چاک و کچی شیرینێ ڕای کێشێ بە زۆر کوللی شار و دێهکەدە جاسووسی پەنهان دادەنێ تا بزانێ کێ نوێژی کرد و ڕۆژووی گرتووە بۆ سیاسەت کردنی پەنجا نیگەهبان دادەنێ تا وەها بێ ئیتتیفاقی و سەرکەشی بێ شێوەتان تاجی کیبر و نیخوەت و غیرەت لە سەرتان دادەنێ شارەزای ئەحواڵمانە –∪– بێگانە نین داغی سەد ساڵی هەیە ئەمڕۆ لە کوردان دادەنێ خزمە بەسیە، تێ بگەن هەر بایە قەولی –∪– شاهی ئێران ڕادەکا سوڵتانی تووران دادەنێ ئیستە مەعلووم بوو ∪––/–∪––/–∪– زاهیرەن هەر کامیان تاعەت دەکا، نان دادەنێ ڕێگر و حیز و دزە، ژن هەڵگر و ماڵانبڕە فایدەی چی نێوی کونیەی خۆی موسوڵمان دادەنێ وا دەزانێ قەومی خۆی وەک دایە بەر شیر و تفەنگ قەسری دین ئاوا دەکا، بونیادی ئیمان دادەنێ عەقڵەکی خوا داویە، گەر پیرەژن سەرفی بکا دەستی ڕۆستەم با دەدا، تووران لە ئێران دادەنێ ئیستەکێ ئەییامەکە هەر میللەتێ هیممەت بکا مووری بێ مایە لەسەر تەختی سولەیمان دادەنێ بەیتی حاجی چونکە ئەفسانەی تورکبازی نییە زۆر وەڕینە، با وجوودی دوڕڕ و مەرجان دادەنێ سایلێکی مەککەیی دێت و بە مەکتووبی درۆ حیشمەتێک پەیدا دەکا، ماڵی فراوان دادەنێ گەورە دەیخوێنێتەوە، هەم بەچکە دەینووسێتەوە بەیتەکانی من لە گۆشەی تاقی نیسیان دادەنێ بیست و سێ بەیتە قەسیدەم هەر کەسێ گوێی لێ بکا پێ لە سەر تاقی مەه و ئەیوانی کەیوان دادەنێ ++++++++++++++++++++++