شاعیر: هێمن کتێب: چەپکێ گوڵ چەپکێ نێرگز سەرناو: خانەنشین سەبارەت: شیلان ئاوێ ١٣٦٠ بولبولێک بووم لە ڕکەیدا بە بەهاری ڕەنگین دوور لە گوڵزار و لە دیداری گوڵاڵە و نەسرین کازیوە، بۆ لک و پۆپی گوڵی باغی دەفڕیم پەڕ و پۆم پێوە نەما، نیمە ئیتر هێزی فڕین دەستی ئەو ڕاوکەرە بڕزێ کە بڕی باز و بڕست سووڕی سورگوڵ بدەم و ڕوو بکەمە مێرگی شین من چریکەم هەموو سووچی چەمەنی پڕ کردبوو ئێستە نایە لە گەرووم بێجگە لە ناڵەی خەمگین من کە شینگێڕی هەموو سوورە گوڵی پەڕپەڕ بووم ڕەنگە هەر دڕکی پەڕیو لێرە بکا بۆ من شین من کە بۆ دیتنی گوڵ هێڵی سنوورم دەپەڕاند هەر لەسەر هەق گوتنێ ڕووتە کرام خانەنشین شاوەڕیخنە دەگەڕێ وا لە دەراوی چۆمەڵ دینی دینی گوڵە ئەو بولبولی دڵ پڕ لە ئەوین تازە دڵخەستە و پەڕبەستە و بێ دەستەم من وەرە دەر ڕاوکەری دڵڕەق لە کەلێن و لە کەمین تێپەڕێ هێندە بەناخۆشی ئەگەر ژینی درێژ خۆزگە سەد خۆزگە بەوانەی کەم و ئاسوودە دەژین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاپۆلۆی ماچ سەبارەت: ورمێ ١٣٦٣/٤/٢ بەحیجابی ئیسلامییەوە دیم جوانێ ماڵە بابم ئای لەو خەلە و خەرمانە نەمدیبوو مانگی چاردە وا ڕووناک بێ بەساوی پاک لەنێو جەغزی خەرمانە *** گوناح نەبوو، تێم هەڵڕوانی، نەترسام لە چەمۆڵە و جنێو و بۆڵە بۆڵی ئەوی جوان بوو لە ڕووی ئەودا بەدیم کرد هەنیە، کوڵمە، دیدە، برۆ، مژۆڵی *** کە دین نەبێ، دینی دەگۆڕێ بۆ تۆ ئەو تەرسایەی بێ ترس رایمووسی خاچ کچی شەرمین بەڕووسووری دەنیشێ لەسەر ڕووی تۆ شەوێکیش ئاپۆلۆی ماچ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بارگەی یاران سەبارەت: ١٣٦٤ دێت و ڕادەبرێ وەکو سەروی ڕەوان من چبکەم؟ کە بەقوربانی نەکەم ڕووحی ڕەوان من چبکەم؟ قەدی ئەو شۆخە وەکو دووخ و خەدەنگە ئەفسووس پشتەکەم کۆمە وەکو ماڵی کەوان من چبکەم؟ تازە هەنگاوی شلم کوانێ دەبێ بۆ شەوڕاو جوانە زۆر جوانە بەڵێ ڕەوتی کەوان من چبکەم؟ زەبری ئاوزەنگی بڕا و شل بووە دەستی جڵەوم دێ دەنا پڕمەیی بۆر و بدەوان من چبکەم؟ ژوانی خۆشی هەڕەتی لاوەتی دێتە خەونم کاتی ئاویلکە دەگەڵ زیندەخەوان من چبکەم؟ شەو هەتا ڕۆژێ لەبەر ئێشی لەشم ناڵەم دێ دێتە گوێم دەنگی (گەلۆ) و (نیوەشەو) ان من چبکەم؟ بارگەیان تێکەوە پێچا و بەڕێ بوون یاران لەدنێ وا بەتەنێ پاشی ئەوان من چبکەم؟ ژیانی من ئێستە وەکو خۆری دەمی زەردەپەڕە پێم نەما تین و گوڕ و هێز و تەوان من چبکەم؟ سروە هات خونچە گوڵی باخی ئەدەب پشکووتن باخەوانی گەرەکە تازە جەوان من چبکەم؟ ئاو نەبوو ئەو دەمی هێمن مەلەوانی کورد بوو ئاو شوکر زۆرە وەرن زوو مەلەوان من چبکەم تەخمیسی بارگەی یاران مامۆستا هەژار شێعری مام هێمنی 'تخبیث' کردووە ژارگەی ماران بەربەڕۆچکەش هەیە سەرمامە شەوان من چ بکەم؟ ئەم مناڵانە کە بێ کراس و کەوان من چ بکەم؟ دڵی بردووم کچەتیوی کەرەوان من چ بکەم؟ دێت و ڕادەبرێ وەكو سەروی ڕەوان من چ بکەم؟ کە بەقوربانی نەکەم ڕووحی ڕەوان من چ بکەم؟ من نە شەرقیم و نە غەربیم و نە ئەمریکی، نە ڕووس نە موسوڵمانی بەڕاستیم و نە جووم و نە مەجووس پیر و زورهانم و خورپەی دێ دڵم بۆ کچی لووس قەدی ئەو شۆخە وەکوو دووخ و خەدەنگە ئەفسووس پشتەکەم کۆمە وەکوو ماڵی کەوان من چ بکەم؟ سەرە لەرزۆک و قول و چۆکە شل و زگ پەنەماو لاملم خواره، پشووم سواره، پڕووش و کزەچاو چوار پەلم فل بوو لەشیشم بووەتە لانکەشکاو تازه هەنگاوی شلم کوانێ دەبێ بۆ شەوڕاو جوانە زۆر جوانە بەڵێ ڕەوتی کەوان من چ بکەم بە زگی برسی خەوم نایە هەچەند وەربکەوم ئارەزووم هەر ئەوەیە نانێ گەرم بێتە خەوم وەکی ڕەشکێکی ڕزیو پس پسە گش قڵف و گەوم زەبری ئاوزەنگی بڕا و شل بووە دەستی جڵەوم دێ دەنا پڕمەی بۆر و بەدەوان من چ بکەم دمدمی چی ئەوە دوێنێ بوو، ئەمن زۆر کەونم دایکەوای ڕەحمەتی ئەوسایە کوتابووی تەونم وشک و ڕەق بوومەوە تازە دەگەڕێم بۆ شەونم ژوانی خۆشی هەڕەتی لاوەتی دێتە خەونم کاتی ئاویلکە لەگەڵ زیندەخەوان من چ بکەم خەڵکی پێی وایە لە خۆشییانە هەرا و گاڵەم دێ نا براکەم لە دەسی زاڵمەکان زاڵەم دێ ورتەیی کۆنەبرینانی دەم‌ئاواڵەم دێ شەو هەتا ڕۆژێ لەبەر ئێشی لەشم ناڵەم دێ دێتە گوێم دەنگی گەلۆ و نیوەشەوان من چ بکەم لە چیایان و لە دەشتان و لە لادێ و شاران هیچ شتێک ئێستە نەماوە وەکوو جاری جاران دەوەرە سەیری بە ڕۆژی مژ و گۆپاڵ‌باران بارگەیان تێکەوە پێچاوە بەڕێ بوون یاران لە دەنێ وا بە تەنێ پاشی ئەوان من چ بکەم خۆم وەکوو زەڕنەقوتە و زاڕۆڵەکانم ڕووتن حەوتی وام هەن کە دەمی خواردنێ وەک حەو حووتن دوێنێ ئێوارێ لەسەربانێ هەڵمخست تووتن سروە هات خونچە گوڵی باخی ئەدەب پشکووتن باخەوانی گەرکە تازەجەوان من چ بکەم خاڵەباس یادی بەخێر ئەو دەمی دایکی مردبوو هەر وەها وشک و برینگ نایە قەبر نەیشردبوو دێیەکەی ئێمە هەمووی دێم و تەلان و گرد بوو ئاو نەبوو ئەو دەمی هێمن مەلەوانی کورد بوو ئاو شوکر زۆرە وەرن زوو مەلەوان من چ بکەم مامۆستا هەژار، بۆ کوردستان، چاپی نۆهەم ١٣٩٢، لاپەڕە ٣٢٥ و ٣٢٦. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەوری جەور سەبارەت: بەهاری ١٣٦٤ دوژمنی کوردی نییە ئەفلەقی دڵڕەق بەتەنێ ڕیشەیی خەڵکی عێراقێ دەیەوێ هەڵبکەنێ لە عێراق ناژی شتێکی بەری چاوی بگرێ هەر بەتەورێ دەبڕێ زاڵمە نەخل و دەوەنێ عەرەب و کورد و تورک، ئەرمەنی و ئاشۆری دەگرێ، یا دەکوژێ، وەک بوتێ سوجدەی نەبەنێ زێڕی چی؟ ئاسنی ژەنگاوی و تیژە سەددام کۆنە ناسۆری ئەون ئێستەکە دێنن تەشەنێ کوشتی، سووتاندی و بردی لە جنوبی ئێران وەک مەغوولێ کە لە خۆی ڕازی بکا ئەهریمەنێ ئەوی ئەو کردی بەنامەردی دەگەڵ کوردستان شەختە نەیکرد بە گوڵ و نەستەرەن و یاسەمەنێ مووشەک و بۆمی لە دێ و شاری وڵاتی هەڵکرد خەڵکی ئاوارە بوو بۆ دەشت و تەلان و دەمەنێ گوللە داباری وەکوو تەرزە لەسەر پیر و جوان تەرزە کوانێ بەزەیی دێ بەگوڵ و گیای چەمەنێ؟ وا بڵاو بۆتەوە جەیشی بەپەلاماری بەجێ تازە کۆبێتەوە دژوارە بەبێڵ و بەشەنێ خۆی بە نێڕۆن و بە چەنگیز و بە هیتلێر زانی نەیدەزانی دەدرێ مشتی گرانی لە چەنێ دەستی بێگانە دنەی دابوو کە خۆی هەڵدێرێ کەچی ڕاچوو لە پەڕەی جەرگی پەلی دارەبەنێ لەوەتەی هەڵمەتی شێرانەیی خەڵکی دیوە خەوی تۆراوە، بەشەو ڕادەپەڕێ، ڕادەچەنێ ماوەیەک مەستی مەیی بەرزەدەماخی بوو، بەڵام کاتی وەی هات کە خومار بێتەوە لووت دابژەنێ ئەو کە نەیهات بەزەیی قەت بە هەژار و بێکەس ڕۆژی تەنگانە ئەوان چۆن دەبێ دەستی نەکەنێ؟ کەس نییە جەرگی بە کوچکێوە نەنابێ سەددام چۆن دەبێ جەرگی ئەویش خەڵکی بە کوچکێوە نەنێ؟ چۆن دەبێ باکی نەبێ ئەو لە (اخ) و (اخت)ی عەرەب چۆن نەجاتی دێ لە دەس مامەڕەش و پوورە نەنێ؟ ئەو کەسەی هانی دەدا ئاگری شەڕ ڕۆشن کا ناچتە هانای کە کەوت تێر و پڕیش، پێ دەکەنێ تازە ڕزگاری لە دەس خەڵکی عێراق دژوارە هێندە پێناچێ، هەموو دەوروبەری لێ دەتەنێ چی لە دەس نایە ئەگەر خەڵکی عێراق ئەمڕۆکە ڕاپەڕن، یەک بگرن، دەس دەنێ، ڕاماڵی دەنێ ئەمەیە ئاقیبەتی شوومی لە خۆبایی بوون چارەنووسی ئەمەیە دوژمنی خەڵک و وەتەنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شینگێڕی سەبارەت: بەبۆنەی بۆردمانکردنی شاری بانە لەلایەن باڵەفڕەکانی عێراق لە ١٥ی جۆزەردانی ١٩٨٤ بانە وێرانە جگەر بریانە لەش سڕە، دڵ پڕە، چاو گریانە بەم بەهارە گوڵی وێ پەڕپەڕ بوون وا بەدەردی خەزەڵی پایز چوون جەرگی مێلاقە لە داخان ڕەش بوون ئەشکی شللێرە وەرین و گەش بوون پیر سولەیمان خەمی دیکە نابا سیسە دار و دەوەنی ئاربابا ئەوی شین ماوەتەوە شینگێڕە هەر گەڵایەکی هەزاران دێڕە مێک و میراژی بە هاوکاری یەک چوونە سەر خەڵکی هەژاری بێ چەک زۆر بەڕقتر لە قەراری جاران بانە وێرانە، کرا بۆمباران هەرچی خانوو بوو لە نزم و بەرزی وەک دڵی عەسکەری بەعسی لەرزی هەر بەزار خۆشە دەڵێن شەشسەد کەس یا نەما، یانە بەحاڵ ماویە نەفەس مێشکە پژاوە لەنێو خۆڵ و خاک لەت و پەت بوو لەش و ئەندامی پاک چۆڵەمە، دیزەڵە، ئەژنۆ دەرچوون ماڵ نەما، یانە ڕما، یا، سەرچوون دەس پەڕی، موورە شکا سینەش چاک ژنی پاک ڕۆیی، بڕا پیاوی چاک باش بزانە گەلی دوڕناسی ورد ئەوەیە، هەر هەقی ئەفلەق بۆ کورد ئەوی هاوسەنگەر و پشت و پاڵمە دیاری دا دیاری بڕەی ناپاڵمە شەڕفرۆش بەعسییە ئەی ئێرانی شەڕفرۆش چی گەرەکە؟ وێرانی چ نەهاوەند بێ چ بانە و دزفوول بەعسی وێرانگەرە ئێستا مەسئوول شەڕفرۆش مووشەک و بۆمبێ داوێ شەڕفرۆش ڕاحەتی ئێمەی ناوێ زگی ناسووتێ بە حاڵی ئێمە دڵی کوردە لە ڕقی ئەو کێمە تێدەگا خەڵکی مەگەر مێشکی ڕزیو چ دەکا بەعسی بەکوردی ئەودیو ئەم قەڵادزەی بەشەهید مەشهوورە هەر بە ناپاڵمی بەعس خاپوورە گەوزی لەم شارە لە نێو خوێن و خوڕ بەسەدان پیر و مناڵ کیژ و کوڕ گوندەکانی هەموو لێ ڕووخاندن ڕەزەکانی هەموو لێ سووتاندن کانییەکانی بە سمیت داڕشتن یانی سەرچاوەی ژیانی ناشتن دای لە سێدارە ئەوی بیناسم چەند هەزاری وەکو لەیلا قاسم بەزەیی کوا لە دڵی بەردیدا شومری ناگاتێ لە نامەردیدا بەقسەی ئەو ئەوی خێرەسەر بێ دەیکوژێ با کوڕی پێغەمبەر بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جێژوان سەبارەت: ١٣٤٧ ئەو پەنجەی وا لە بێ هێزی دەلەرزێ کوشیویەتی مەمکۆڵەی باڵابەرزێ ئەو ددانەی ئێستێ نەماوە تاقی گەستوویەتی زۆر جار چەنەگەی ساقی ئەو چاوانەی سۆمایی لێ بڕاوە هێند لە جوانان داگیرا، داگیراوە ئەو لێوەی وا ئێستێ باری گرتووە کوڵمەی نەرم و نۆڵی یاری گرتووە ئەو باهۆیەی زەمانە لێی بڕی هێز کام کیژ جوانە گرتوویەتە نێو ئامێز ئەو دڵەی وا ژوانی دەویست و جوانی ئێستا پڕە لە غەم و لە نیگەرانی ئەو پێیانەی شەرزەی کردووە کوتر و کوان ماندوو نەبوو قەت لە هاتوچۆی جێ ژوان ++++++++++++++++++++++