شاعیر: هێمن کتێب: پاشەرۆک سەرناو: فرمێسکی ڕونوو سەبارەت: مەهاباد - ١٣٥٨/١٢/٣ تۆ گوتت: (من ئاشقی سەوداسەر و دینم دەوێ) من گوتم: (تاکو بەئاواتت بگەی دینم دەوێ) هەڵکەوێ تاوێکی چاوێکی لە دیدارت بکەم تا بزانی کوانێ بۆ جوانێ دڵ و دینم دەوێ؟ بزگوڕی ڕەش دابپۆشێ ڕوومەتی گەش تا بەکەی؟ شاعیری گەشبینم و کوا؟ چاوی ڕەشبینم دەوێ؟ ئەی پەریزادی مەهابادی! ئەتۆ ون بووی لە من تۆم هەبێ لە کوێ پەریزادە و پەری چینم دەوێ ڕووتم و یاقووت و ئاوریشمم لەبیر ناچێتەوە لێوی سوور و ئاڵ و بسکی خاو و چین چینم دەوێ تۆ نەدیوی بۆیە شەو چاو لە ئاسمانێ بڕی تۆ بەدی کەم گرشە گرشی مانگ و پەروینم دەوێ؟ تا وەکو ساقی ئەجەل نەمداتێ تاڵاوی نەمان چاوە بڕکە، دەس بزێوی، ماچی شیرینم دەوێ ژوانی بن سیلە و پەسیوی لاوەتی یادی بەخێر بۆ ئەوەی پیرانە نەمرم یادی دێرینم دەوێ کوانێ ئەو شەوگارە بێدەنگە لە ژوانگەی جێ هەوار؟ کچ ڕەوەک بوو من گوتم: هێدی بە! حەجمینم دەوێ کوانێ ئەو ڕۆژەی کە سەرچۆپیم دەگرت بانگم دەکرد دۆم دەوێ، دۆی قۆڵ بەبازن و پەنجە نەخشینم دەوێ؟ شاعیرم، جوانی پەرستم، دڵتەڕم، شێتم، لە شۆق کێوی بژوێن، دیمەنی جوان دەشتی ڕەنگینم دەوێ من بە فرمێسکی ڕونووی کوێستانی کورد پەروەردە بووم کوڵمی ئاڵ و چاوی کاڵ و سینگی بەفرینم دەوێ خۆشەویستی من کچە کوردێکە پاک و نازەنین باخەوانە پیرەم و باخی بە پەرژینم دەوێ نامەوێ ڕوو بگرێ تا دەمرێ بە فێڵبازی و درۆ یاری، نازداری، لەباری، دیاری شەرمینم دەوێ من تەشی ڕێسێکی وەک شیرنی (وەفایی)م بۆ چییە؟ کیژی وریای چاوکراوەی فێرە زانینم دەوێ بۆ دەبێ زێندین لە زیندانم بکا چونکە گوتم: (ئەز مەمم، خەستەی خەمم، کوشتەی ئەمم زینم دەوێ؟ ) نایەڵن قەت چێژی ئازادی بچێژم من دەنا: خوێنی شیرینم دەوێ کوا تەرمی خوێنینم دەوێ بواری وەم نادەن لەنێو مێرگە (چەکۆ) هەڵتوتەکێم چونکە پرسەی دایکی مل بەکوێن و سەر شینم دەوێ نایەڵن ئاسوودە دانیشم لە لاپاڵی چیام قاسپە قاسپی خاسەکەو، بێ گرمەیی مینم دەوێ؟ ئارەزوومە هەرچی ئینسانە بەئازادی بژی چۆن گەلی داماو و دیل و مات و خەمگینم دەوێ؟ نامەوێ خوێن بڕژێ یا بۆنی کەلاکی کۆن بکەم ڕەنگی مێلاقە و گوڵاڵە و بۆنی نەسرینم دەوێ هەڵپەڕین و پێکەنین دەبزێوێ هەستی ناسکم کوا دڵی پڕ ئێش و ئۆف و جەرگی بەبرینم دەوێ؟ دەرزی ئاژن بوو دڵم لە سوێی شەهیدانی نەمر بەس نییە، مەودام بدەن تۆزکاڵێ تەسکینم دەوێ جێی گەرم، پارووی نەرم خۆشە، بەڵام بۆ مافی خۆم سێبەری ئەشکەوتی سارد و نوێنی بەردینم دەوێ بۆ بەزاری مەزنیخوازی تاڵە وەک کەکرە و زەرەند گەر بڵێم من پاسەوانی قەسری شیرینم دەوێ؟ دێوی شەڕ سمکۆڵ دەکا لێم و دەبوڵێنێ دەڵێ بۆ لەسەردانی هەموو ئێوە تەورزینم دەوێ بۆ فریشتەی داد بەسینەی پڕ لە کینە و داخەوە هاتە کوردستان گوتی: ڕەجمی شەیاتینم دەوێ سەققز و سەردەشت و سابڵاخ و سنەی کرد غەرقی خوێن سێی تری ویستن گوتی: بۆ سفرە حەو سینم دەوێ کەی ڕەوایە بمدەنە بەر گوللە یا ڕاوم بنێن؟ گەر گوتم کوردم لە کوردستانی خۆم ژینم دەوێ کورد مەگەر کوندە کە هەر وێرانە بێ هێلانەکەی؟ نیشتمانی ئاوەدانی جوانی ڕەنگینم دەوێ زۆر بەئاواتم کە کوردستانەکەم بێ کێشە بێ ئاشتیخوازم کوا وڵاتی پڕ ڕق و قینم دەوێ؟ تا نەهێڵم شوێنەواری نالەباری پەهلەوی نەگبەتی زۆردارەکان و خۆشی مسکینم دەوێ لاشەڕم، کوا بەدفەڕم ئەمما لەسەر مافی ڕەوام دەست و چەک، ئیمان و هیوا و هەستی ئاورینم دەوێ بۆ نەجاتی ئەم گەلە کۆیلە و هەژار و بێکەسە گیانی پاک و بیری تیژ و ڕێگە ناسینم دەوێ بۆ بەگژداچوونی زۆرداری و هەژاری و ناهەقی کارگەر و جووتێری ئاگا و مستی ئاسنینم دەوێ سەخت و ناهەموارە ئەم ڕێگایە کوردی کۆڵنەدەر بۆ خەباتێکی درێژ خایەن گوڕ و تینم دەوێ دوای نەجات بۆ ئاوەدانی و خۆشی خاپوورە وڵات کۆمەڵێکی چاک و پاک و ڕاست و وردبینم دەوێ بۆ خەباتی هاوبەشی یەکسانی توندوتیژی گەل لاوی کارامەی بە جەرگ و کیژی سەنگینم دەوێ کیژ و کوڕ بگرن لە دەوری گۆڕی هێمن ڕەشبەڵەک من کە شینگێڕی شەهیدانم لە کوێ شینم دەوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زیندەبەچاڵ سەبارەت: ١٩٧٦/١١/١٥ پڕ نەبێ جامی بەتاڵم تا کەی؟ نەشەکێ باڵی خەیاڵم تا کەی؟ هاوسەر و دەستەملانی ژانم گیانەکەم! نایەوە باڵم تا کەی؟ شەو لە تاریکی و بێدەنگیدا ڕۆژەکەم! بۆ تۆ بناڵم تا کەی؟ هەر لە یادی سەری بسکت دابم گیانە! ئاشوفتە بێ، حاڵم تا کەی؟ هەر منەتباری شەراب و مەی بم حەسرەتی چاوی کەژاڵم تا کەی؟ هەر لە ماچی دەمەکەت بێ بەش بم؟ لێوی وشک و دەمی تاڵم تا کەی؟ هەوەسی گەستنی کوڵمەم تا چەند؟ ئارەزووی مشتنی خاڵم تا کەی؟ شینە میوانی شەوانی دووریم شادی، ڕوو ناکەیە ماڵم تا کەی؟ من لە دووڕەنگی بە دڵ بێزارم ڕەنگی زەرد، دیدەیی ئاڵم تا کەی؟ من وەکو هەنگێ هەڵاڵەم مشتوون ژینی نێو گەند و هەڵاڵم تا کەی؟ من بەشێلانی چەمەن ڕاهاتم هاتوچۆی نێو دڕ و داڵم تا کەی؟ بۆ سەرینچاوە و کانیاوی ڕوون هەڵوەرێ ئەشکی زوڵاڵم تا کەی؟ من هەڵۆ بووم و چیا هێلانەم ژێر چەپۆکی قەل و داڵم تا کەی؟ قەفەزی دژمنی بەدخوودی دڵڕەق هەڵوەرێنێ پەڕ و باڵم تا کەی؟ سەرە نێزەی ستەم و زۆرداری بنجنێ سینگی مەتاڵم تا کەی؟ گورگی بێدادی لە گیانم بەربوو ئێشی جێ گاز و قەپاڵم تا کەی؟ من پەلەقاژە و هاوارێ نەکەم ئەو بڵێ زاڵم و زاڵم تا کەی؟ کوتکی بێدادی هەر بکوتێ کاسە سەرم کار نەکا دەست و زوخاڵم تا کەی؟ ئەو کە زاری ڕقی دەرکێشاوە من زمان بەستە و لاڵم تا کەی؟ پۆشتە و تێر و پڕ و خۆش لەوەڕە برسی و ڕووت و ڕەجاڵم تا کەی؟ تەم و مژ، بەندەن و دەشتی گرتم هەڵنەکا سروە شەماڵم تا کەی؟ بەس نەبێ دەسبەسەری و دەربەدەری نەچمەوە نێو کوڕ و کاڵم تا کەی؟ باخەوانانی جیهان پێم ناڵێن بۆ وەری میوەیی کاڵم تا کەی؟ مانگ و مێریخی دەپێوێ ئینسان منی کورد، زیندە بە چاڵم تا کەی؟ چاوەڕێی تیشکی هەتاوی هیوام نەڕەوێ هەور و گەواڵم تا کەی؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەهار هەر دێ سەبارەت: ١٩٧٧/١١/٩ لە گیاندانا دەگوڕێنم بژی هەر کورد و کوردستان بەگوللەی دژمنانی گەل دڵیشم بێتە ڕاوەستان پشووی دواییم دەخوێنم بۆ گوڵ و گوڵزاری ئەم خاکە لە سایەی ئەم گوڵ و گوڵزارەیە بوومە هەزار دەستان دەزانن زامی دیلی چەند بەئێش و چەند بە ئازارە! دەبێ ڕابێین هەتا ئێمەش دەگەینە ڕێزی سەربەستان خەتای خۆمانە تا ئێستا کە هەروا کۆیلە و دیلین ئەوانەی شاد و ئازادن کەمێ زووتر لەخەو هەستان نەتاندیوە کە ڕووباری خوڕێن بەردی دەقەڵشێنێ وەهاش هەر زۆرداری دەسووتێنێ گڕی هەستان لە مەیدانی شەڕانخێوی خەباتی قەڕنی بیستەمدا سەرم سووڕما کە ئەسپی سووکەسواری کوردی بۆ وەستان وەڵامی دامەوە پیرێکی ئازادەی جهاندیدە: خەتای سواران نەبوو پێش سوارەکانمان قورس و ناوەستان هومێدێ بەرمەدەن ڕێگەی خەبات بگرن بڕۆنە پێش تەماشای خەڵکی تێکۆشەر بەدیکتاتۆری چۆن وەستان هەتا کەنگێ سیاچاڵی بەسامی دژمنی زاڵم پڕاوپڕ بێ لە ڕۆڵەی گەل جمەی بێ وا لە دەس بەستان؟ هەتا کەی ئەشکی خوێنینی کچە کوردی برا کوژراو لە جێی بادە و لە بەزمی دژمنان بدرێتە دەس مەستان مەترسن ڕۆڵەکانی قارەمانی گەل لە گیانبازی لە کۆڕی ئەم خەباتە بێ وچانە تاقە یەک کەستان سەهۆڵبەندانی بێدادی ئەگەرچی تووش و دژوارە بەڵام لێم سوورە وەک ڕۆژێ بەهار هەر دێ لەدووی زستان بەخەڵکی عالەمی سەلماندووە تاریخی ئازادی دەبێ زاڵم لەبەر تێکۆشەران بەرداتەوە دەستان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەوەز ورد نابێ سەبارەت: ١٣٥٨/٢/٢٧ زەوی! ئێستاش لەڕووت هەڵدێ بدەی سووڕ؟ نەڕووخای ئاسمانی پیری پشت کووڕ؟ کە حاڵی زارمان ئاوا دەبینن کە ماڵی زاڵمان ئاوا دەبینن کە مەرگی کاوەکانی چاک دەبینن کە جەرگی کیژەکان پڕ چاک دەبینن کە کۆڕی شین، بەهاری سوور دەبینن (ئەمین)ی نا ئەمین مەئموور دەبینن کە بووکی سووری بێ زاوا دەبینن کڕووزەی بێ گۆنای ساوا دەبینن کە سۆمایی لە چاو باوکان بڕاوە بەرۆکی پیرە دایکان دادڕاوە کە کوندی شووم لە گوندی کورد دەخوێنێ کە گەنجی کورد دەگەوزێنێ دەخوێنێ کە تەختی بەختی کورد بێ خێو دەبینن (سولەیمانی) ئەسیری دێو دەبینن بناری لێژ و ناهەمواری هەڵگورد دەبینن بۆتە دەشتی کەربەلای کورد بەناهەق خوێنی تێکۆشەر دەڕێژن شەهیدی بێ سەر و بێ شوێن دەنێژن *** بەڵام با تێ بگا ئەو دوژمنەی پەست ڕەوەز ورد ناکرێ هەرگیز بەداردەست دەبێ کوند هەر بەرەو وێرانە بفڕێ هەڵۆ لەو کێوە سەربەرزانە نەبڕێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەهاری ئاڵ سەبارەت: ١٣٥٨/١/١٠ لەمێژە ئاواتی منە ببینم وڵاتی سنە زێدی کۆن و ڕەسەنی کورد بەدرێژایی تەمەنی کورد ڕوانگەی هەزاران کارەسات بنە و مەتەرێزی خەبات شوورەی سەختی بەرەنگاری پردەی وەختی فیداکاری بۆسەی پێشمەرگەی کۆڵنەدەر گۆڕخانەی سوپای داگیرکەر بچمە لانی بەچکە شێران قەڵاگای تەنگانەی مێران جێ پەیکانی تیر ئەنگێوان جێی پێکانی دەس بزێوان خاکی نەتەوەی نەبەزم هەر گوتوویە ئەزم ئەزم *** تێر تێر بڕوانمە دیمەنی لە خۆشیانی ببم خەنی چاو بگێڕم لە ڕژد و لێژ تا برینم ببن ساڕێژ دانیشم لە بن دەوەنی بڕوانمە مێرگ و چەمەنی هەڵمژم هەوای زەنوێران خۆ بدەمە بەر ئاوهەڵدێران هەڵگەڕێم بە ڕاز و زەردان بەردەمەوە جاڵە بەردان لە بان ڕەوەزان بخوێنم کەوی بەیان وەدەنگ بێنم لەو ڕنوانە بکەم ڕەوت دژمن بۆی نەکراون زەوت لە مشارەیەک داگرم پێ نەتەوی کرد سەرەنگرێ تۆزێ بەردێ بکەم بەکل (کە گەردوون پێی نەداوە تل) وەک گۆرانی هەورامان پێو پێ بنێمە سەر (پێپیلکەی دێو) دانووسێم بەکانیاوی ڕوون ڕابکشێم لەسەر هەڵەسوون چەپکێ وەنەوشە بچنم دەسکێ سوێسنە بڕنم خۆم لە تیشێکی بکەم بەند هەڵپسێنم چڵێ گیابەند ئەشکەوتێ نەچێ لەبیرم پەناگا بوو بۆ باپیرم بگرم گەوە و پێچ و خەمی بچمە سەر دوندی ئەستەمی لەسەر کێوی بەرزی ئارێز کوردستان بگرمە ئامێز بەجوانی ئەو خۆڕسکاوە ڕوون بنەوە ئەم دوو چاوە ئەم چاوانەی گەلێ ماوە لە سوێی کوردستان گریاوە ئەم چاوانەی فرمێسکیان ڕشت بۆ کوردێکی دژمن دەیکوشت ئەم چاوانەی داگیرساون هێند لە شینگایان گریاون چم پێ دەڵێن لێرە و لەوێ من کوردستانم خۆش دەوێ پێشم بڵێن ونی و دێوی دەپەرستم چڕ و کێوی جا دەگەڕێمەوە پێ دەشت بەلادێیاندا بکەم گەشت ببینم دێم و بەراوی بوورەی گاسن لێ نەدراوی کێڵگەی بەڕێژەو و نەرمان بەڵام بێ خۆیان و خەرمان نە سەد، نە بناوان و نە بەند جۆگەی جۆماڵ نەکراوی مەند ئەستێری پڕ بووەی بۆگەن پڕ لە لیتە و سێ سوو و جەگەن جوتیاری ئازا و توند و تۆڵ گاجووتی لەڕ و گاسنی کۆڵ برسی هەژار بێ دەرەتان ڕەش و ڕووت و بێ تۆو و نان دەستی قەڵشیو پێ ڕاگیراو گیرفانی دڕاو و بێ دراو پاڵەی سواڵە هۆنی بەگورد چەقڵی چاوی دژمنی کورد خانووی کاول و ڕەش و برش هەر نانی ڕەق و دۆی ترش بۆی کرا درۆ و دەلەسە کوا ڕێگاوبان و مەدرەسە؟ نەک مافی جووتیار نەدراوە لادێمان خاپوور کراوە سەرگەردان بوون لەنێو تۆڕا بەوەی نییە نێویان گۆڕا بۆ زەحمەتکێشی قارەمان نە دوکتۆر هەیە نە دەرمان بێ بەهرەن لە خوێندەواری خوێندەواری و کوردەواری؟ *** هەتا هێزی خەڵک بزووت بوو بەمەشخەڵی گەش بزووت خەڵکی تێکۆشەر خۆی دەرخست بەگژ ئەرتەش داچوو بەمست ڕاپەڕینێک بوو بێ وێنە وەڵات دەتگوت، گۆمی خوێنە دیکتاتۆر بۆ پاراستنی خۆی کردی هەرچی کە دەکرا بۆی بەدەستی ستەم و تاوان ڕژا خوێنی شۆڕە لاوان زۆرداری بۆ زۆر مانەوە بەڕق هاتە مەیدانەوە بێ بەزەیی دەستی وەشاند خوێنی ژن و پیاوی ڕژاند زگی باوکی پیری سووتاند ڕۆڵەی لەبەر دایک ڕفاند ویستی خاکی پاکی ئێران ئەوەندی دی بکا وێران بەڵام خەڵکی لە گیان بێزار دای نەنواند لەبەر زۆردار لە تانک و تۆپ نەپرینگاوە گوێی بەگوللە نەزرینگاوە پێی داگرت، چەقی نەبەزی تا داگیرکەر گورچووی تەزی *** کوردیش بەشداری خەبات بوو ڕۆڵەی ڕۆژی کارەسات بوو لاوی گیانفیدای گیانفیدا ئازایانە، شەهیدی دا لە خەباتی خوێناویدا لە هەڕەتی تەنگاویدا کوردستان هەر بوو بەقەڵا دیتی هەزار دەرد و بەڵا ئێستا دەڵێ خوێنی گەشم بۆ شۆڕش ڕشتوە کوا بەشم؟ دژی زۆرداری بووم، هەر وام هەر دەمەوێ مافی ڕەوام دەمەوێ بگەم بەنیاز ناوم مەنێ جیاوازی خواز کەچی پۆلێک کۆنەپەرەست بۆ بێگانە بوونە داردەست لە بەهاری ئازادیدا لە کاتی خۆشی و شادیدا خراپە کەوتەوە برەو تەمایە ڕۆژ بکا بە شەو سنەی جوانی خوێناوی کرد درۆ و فێڵ و ناپیاوی کرد ناپاک هاتەوە کایەوە داوی بۆ خەڵک نایەوە دەگرێ دەکوژێ دەبڕێ شەڕ دەفرۆشێ زگ دەدڕێ ژن و منداڵ ناپارێزێ لێمان دەگرێ مەتەرێزێ ڕاوە ڕووتە و خانەبگیر گرمەی تۆپە و قرمەی شێست تیر زەبر و زەنگی خۆی دەنوێنێ لاوان لە خوێن دەگەوزێنێ کوردستان بەهاری ئاڵە جا بەخوێن بێ یا بەگوڵاڵە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەسڕێژی لاوان سەبارەت: ١٣٤٢ - ١٩٦٣ بڕۆ ڕێوی بەسیەتی چاونەزێری پەلامارێ مەبە بۆ لانی شێری گوتوویانە لە لانێ دەرپەڕێ شێر هەموو دژمن بەزێنە مێ و نێری مەیە بۆ ئەم چیا نینۆک شکێنە دزی سیرمە و گەڕۆکی گەرمەسێری بەتیکی سەخت و ئەستەم هەڵمەڕۆسکێ خەریکی شاخەوانان هەڵبدێری؟ ئەتۆ و ڕژد و ڕکە و هەڵدێر و تیرەگ لە گیانی خۆ مەگەر بێزار و تێری؟ بچۆوە بن گڕاڵک و کەندەڵانت ئەتۆ کەی فێری نێو سوێسن و کنێری؟ بڕۆ کلکت بنێوە نێو گەڵۆزت هەڵاتن ئیشی خۆتە باشی فێری لە پێش تۆشدا شەهەنشاهانی خوێنڕێژ خەریک بوون پێی نەهێڵن خێر و بێری لەمێژە فێرە کوردی پاکی لاشەڕ بەرەنگاری، فیداکاری، دلێری ئەتۆ هەر قاتڵی زارۆک و چووکی بەدیل و پیر و بێ ئەنوا دەوێری دەنا بێ شک لەبەر دەسڕێژی لاوان دەبێ وەک باڕەکەو هەر خۆت وەشێری حیسابی کاری خۆت گەر باش دەزانی لە مافی ئێمە بۆچی خۆ دەبوێری؟ کە لێت ڕووناکە ناهەموارە ڕێگا ئەدی بۆ ڕێ بەڕێدار ناسپێری ئەگەر باڵی هوماش بێ، سێبەری تۆ کە مافی کورد نەدەی ناچیتە ژێری عەدالەت گەر هەبێ پێویستە هەر کەس لە ماڵی خۆی بکا خۆی چاوەدێری چیای زاگرۆسە زورگ و بەردەڵانە فەلەک نەیکرد و ناکا بەردبژێری بەتانک و تۆپ و مێکی خۆت مەنازە کە شوان کردی بەسەنگەر بەردەبێری دەنێری چۆلەکە بۆ ڕاوی باشوو کە جوندی بۆ شەڕی جووتێر دەنێری کە ڕووناکبیر قەڵەم ڕۆکا لە چاوت کەڕولاڵی نەوەک هەر کوتر و کوێری لە بوختان و درۆت بێزارە یەکسەر لە شێخی خانەقا تا پیری دێری گەلی کورد دەستی دا چەک هاتە مەیدان تەماشای گەورە شوان و شەنگەبێری کە ترسابا لە کوشتن تۆرەمەی کورد لە ئاسمانی ژیان ون بوو ستێری فیدای کۆڕی خەباتت بم کچی کورد کە گیانباز و فیداکار و بوێری ئەتۆ سەربەرز و ڕووسووری و بەخوێنت گوڵاڵەی سووری ئازادی دەدێری فیدای لوولەی تفەنگت بم کوڕی کورد کە دوژمن بەو تفەنگەت نابوێری بە خەڵکی ڕاگەیاند دەست و تفەنگت دژی زۆرداریی و داخوازی خێری بژی پێشمەرگە رۆڵەی باوەفای کورد کە ناترسی لە ڕەنج و تاڵ و سوێری لە ئاشتی خوازیی و سوڵحا نموونەی لە حەملە و هەڵمەتا بێ باک و مێری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گریانی ڕونوو سەبارەت: بۆ شەهیدانی کوردی تورکیا ئەی دایکی شەهیدی کوردی تۆ وەکو چیای ئاگری لەبەر تەوژم و با و تۆفان سەخت و ڕەق و پێداگری لە ئاست ئەم داخ و دەردانە بەهیممەت و خۆڕاگری سەرت سپی و بەفراوییە دەروونت کڵی ئاگری کێ دەکا مەنعی گریانت بۆ ڕونووی کوێستان ناگری؟ ++++++++++++++++++++++