شاعیر: هێمن کتێب: پاشەرۆک سەرناو: ڕەوەز ورد نابێ سەبارەت: ١٣٥٨/٢/٢٧ زەوی! ئێستاش لەڕووت هەڵدێ بدەی سووڕ؟ نەڕووخای ئاسمانی پیری پشت کووڕ؟ کە حاڵی زارمان ئاوا دەبینن کە ماڵی زاڵمان ئاوا دەبینن کە مەرگی کاوەکانی چاک دەبینن کە جەرگی کیژەکان پڕ چاک دەبینن کە کۆڕی شین، بەهاری سوور دەبینن (ئەمین)ی نا ئەمین مەئموور دەبینن کە بووکی سووری بێ زاوا دەبینن کڕووزەی بێ گۆنای ساوا دەبینن کە سۆمایی لە چاو باوکان بڕاوە بەرۆکی پیرە دایکان دادڕاوە کە کوندی شووم لە گوندی کورد دەخوێنێ کە گەنجی کورد دەگەوزێنێ دەخوێنێ کە تەختی بەختی کورد بێ خێو دەبینن (سولەیمانی) ئەسیری دێو دەبینن بناری لێژ و ناهەمواری هەڵگورد دەبینن بۆتە دەشتی کەربەلای کورد بەناهەق خوێنی تێکۆشەر دەڕێژن شەهیدی بێ سەر و بێ شوێن دەنێژن *** بەڵام با تێ بگا ئەو دوژمنەی پەست ڕەوەز ورد ناکرێ هەرگیز بەداردەست دەبێ کوند هەر بەرەو وێرانە بفڕێ هەڵۆ لەو کێوە سەربەرزانە نەبڕێ ++++++++++++++++++++++