شاعیر: هێمن کتێب: شیعری ناو گۆڤارەکان سەرناو: بەهاری زەرد سەبارەت: بۆ لەیلا قاسم - گۆڤاری سروە ژمارە ١، بەهاری ١٣٦٤ - ١٩٨٥ هەمیشە دەرد دەبینم دەرد دەبینم درۆی دوژمن، دەهۆی نامەرد دەبینم مەگەر زەردایی ناکەن چاوەکانم کە ڕەنگی نەوبەهاری زەرد دەبینم *** بەسۆزەی با کە سکڵی دڵ گەشاوە دەروون پڕ سۆز و فرمێسکم خوناوە لەدووی لەیلا بە واوەیلاو و شیوەن دەڕۆم و پۆلی شینگێڕم بەدواوە *** بزەی هاتێ گوتی: ڕووناکە ئاسۆم وەرە جەللاد پەتت باوێژە ئەستۆم ئەوە پەت نییە مێداڵی ئیفتیخارە کە بوومە قارەمانی میللەتی خۆم *** ئەوەی بیست شاعیر و گریا بەزاری ئەگەرچی بەسترابوو لێو و زاری گوتی: لەیلا هەمیشە پایەداری لە ژێر خاکا لەپێش چاوان دیاری *** کە تۆ تۆرای لە چاوان وەک خەوی من لە بسکت ڕەشترە مانگەشەوی من بڕۆ مەجنون بە لەیلای خۆت مەنازە کە ناوبانگی پتر ڕۆیی ئەوی من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چوارینە سەبارەت: بۆ پۆستەری عومەر خاوەر - گۆڤاری سروە، ژمارە٢، بانەمەڕی ١٣٦٧ قارەمانی قادسیە نامەردە مرۆکوژە، دزە، ڕێگرە، جەردە نەتبیستووە چی کرد لە کوردی ئەودیو ئەو زۆردارە فاشیستەی مێشک ڕزیو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردم و... سەبارەت: گۆڤاری نیشتمان، ژمارە ٢، ساڵی یەکەم، خەزەڵوەری ١٣٢٢ - ١٩٤٣ کوردم و داوای حقوقی پایەماڵی خۆم دەکەم ماڵی خۆمە موڵکی کورد؛ داوایی ماڵی خۆم دەکەم موڵکی کوردستان ئیرسی باب و باپیری منە ئیدعای حەقق و میراتی حەڵاڵی خۆم دەکەم هەروەکو باران لە چاوم دێتە خوارێ ئەشکی خوێن هەر زەمانێک بەرژەوەندێکی لە حاڵی خۆم دەکەم گەرچی لای ئاغا خەیاڵی خاوە میللیەت من لەلام باشە هەتا ماوم خەیاڵی خۆم دەکەم من لەدەس بێگانە قەت ناکەم شکایەت ئەی ڕەفیق گەر شکایەت کەم لە چەنگی مام و خاڵی خۆم دەکەم ناسیحا بەس پێم بڵێ فیکری مەحاڵە فیکری تو نسحەتم ناوێ ئەمن فیکری مەحاڵی خۆم دەکەم ڕۆژێ شێخم دیت و پێم گوت هەتبێ حیسی میللیەت پێی گوتم من چیم لەوانە داوە سواڵی خۆم دەکەم من ئیتر ماهووت و شاڵی ئەجنەبی ناکەم لەبەر ڕانکوچۆغەی خۆم لە بووزووی ڕەنگی شاڵی خۆم دەکەم چیدیکە زەحمەت لە بۆ منداڵی خەڵکی ناکێشم عیلم و زانست و هونەر فێری مناڵی خۆم دەکەم یا دەڕێژم خوێنی پاکی خۆم لەسەر ئەم مەقسەدە یانە فیکرێکی بۆ برای ڕووت و ڕەجاڵی خۆم دەکەم چاوەدێری ڕۆژی خۆشی جێژنی سەربەستیم ئەمن گەر مودارا وا دەگەڵ ئەمڕۆژی تاڵی خۆم دەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەحکەمەی ئیستیقلال سەبارەت: گۆڤاری نیشتمان، ژمارە ٢،١٣٢٢-١٩٤٣ - ( ئەم هەڵبەستەی ژێروو چەند دڵۆپە فرمێسکێکە کە لە شینی شەهیدانی ڕێگای سەربەخۆیی کورددا ڕژتوومە و پێم وایە هەموو کوردێک چ خوێن گەرم بیت چ خوێن سارد بەخوێندنەوەی شێعرەکان بێ ئیختیار فرمێسک دەڕێژێ و تووک و لەعنەت لەم مەحکەمە مەنحووسە (کە تروسکەی هیوای کوردی کوژاندەوە و سەربەخۆیی کوردستانی وەدواخست، بێ سووچ و تاوان ئەمری هەڵا وەسینی جەنابی شێخ عەبدولقادر و هاوڕێکانی دەرکرد و لە شینی ئەواندا نەتەوەی کوردی بۆ هەمیشە دەسوئەژنۆ دانا ) دەکا ). دوێ شەوێ گریام هەتا ڕۆژ، پێت بڵێم بۆچی برا مەحکەمەی مەنحووسی ئیستیقلال وەبیرم هاتەوە ڕیزەیان بەستبوو لە پێش چاوی منا گشتی هەموو ئەم شەهیدانەی کە خنکاون بەسەد ئاواتەوە پاک بەکفنێکی لە خوێنا شەتڵ و لێوێکی بەبار پاک بەڕەنگێک و قیافێکی پەڕیوو و ماتەوە هاتە گوێم لێکڕا دەیانگوت ئێمە کوژراین بێ خەتا میللەتی کورد تا بە کەنگی تۆڵەمان ناکاتەوە من لەسەر لوتکەی بڵیندی کێو لە حەق داوا دەکەم تۆش بپاڕێوە جەنابی شێخ لەسەر ڕووی تاتەوە بەڵکو ڕوحمێکی بکا پێمان خوداوەندی ڕەحیم چیدیکە ژێر دەس نەبین دیسان وەسەرمانخاتەوە (هێمنا) پێت وانەبێ یەزدانی بێ هاواڵ و فەرد کەیفەری ئەم زوڵم و زۆرە، بێ حیساب ناداتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەڵدەکەم سەبارەت: گۆڤاری کوردستان، ژمارە ٢، ساڵی یەکەم، ٣٠ سەرماوەز ١٣٢٤-٢١ دیسامبر ١٩٤٥ من کە بێدەنگم ئەوێستا چاوەنۆڕی هەل دەکەم هەل کە بۆم هەڵکەوت ئەنجا باسکمی لێ هەڵدەکەم زۆر بەئومێدی خودا لەو خاکە پاکەی دەردەکەم دوژمنە بێگانە ئاخر چۆن دەگەڵ وی هەڵدەکەم نابی چیدی داری من بخوات و لێی سواربی حەریف داری دامەی خۆم لەبۆ لای خانی ئاغا هەڵدەکەم نایەڵم تاریکی چیدیکە وڵاتم داگرێ خوا مەدەدکار بێ چرای زانستی تێدا هەڵدەکەم وەک جگێن وایە زەمان هەر کەس جگی خۆی تێدەخا تا چەقی هەمووان بهینێ من جگی خۆم پەل دەکەم نامەوێ من سەربڵندی خۆم و دایم کۆشش بۆ بڵیندی و بەرزی و، ئازادبوونی گەل دەکەم قەت دەگەڵ بێگانەکان وەڵڵاهی دانووم ناکوڵی من کە شاهێنم چلۆن ئاخەر ڕەفیقیی قەل دەکەم هەر کەسێ دەربارەی ئەو قەومە بەد بدوێ برا وا دەدەم مستێک لە زاری من ددانی کەل دەکەم هەر کەسێ بۆ لای سنوور و سەرحەدی خاکی وەتەن بێ، دەدەم بەردێک لە لاقی دەسبەجێ ئەو شەل دەکەم هێندە فێڵاویم کە دوژمن وێم کەوی تا هەردوو گوێ قوم دەبێ، چونکە بەفێڵ ئەو تووشی لیتە و زەل دەکەم خۆش بی بووزووی خۆم چ محتاجم بەپەشمی خاریجە تاکو جاوی خۆم هەبی بۆ جامەیی مەلمەل دەکەم ساردی و گەرمی ڕۆژگارم چێشتووە بەخودا گەلێک بێ ئەوەی محتاجی کەس بم مشکلی خۆم حەل دەکەم دوێ شەوێ دایکی وەتەن (هێمن) لە خەودا پێی گوتم ڕۆڵە کردارت حیسابە، کەنگی گوفتار حەل دەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەهاری زانین سەبارەت: گۆڤاری هەڵاڵە، ژمارە ١، ڕەشەمەی ١٣٢٤-١٩٤٥ ئەوا هات مانگی خۆشی خاکە لێوە نەما سەرما و بووران و کڕێوە پەڵەک ڕەش کەوتە کوێستانی وڵاتمان بەبا و باران و لەنگێزە و شڵێوە لە کێو و کەژ گیاو و گژ بەبارە ئیتر دەرچوو مەڕوماڵات لە لێوە لە لێوی جۆگەلە مێلاقە ئەوڕۆ لە گوین سەربازی سوور وێستا بەپێوە نەوەک کاکۆڵی یارم بەڵکە سونبوڵ وەکو ژاپۆن و ئەڵمانی پەشێوە نە هەر دێوانە بۆ سەیر و تەماشا ئەوێستا عاقڵ و زاناش لە کێوە تەماشای مامی جووتێر کە لە دەشتا بەدڵگەرمی خەریکی وەرد و شێوە بەهارە گوڵ سەری هێنا دەرێ تۆش هەڵستە کوردە چیدی سەرمەنێوە هەموو قەومێک وەسەرکەوتووە لە هەوراز بەشی تۆ کوردە تاکەی هەر نشێوە بخوێنە فێری زانست و هونەربە لەلای کوللی کەسێ جاهیل دزێوە وەرە فێری تەمەدون بە عەزیزم هەتا خەڵکی نەبێژن کوردە دێوە مەبە مەئیووس و ئومێدت قەوی کە فریشتەی جوانی سەربەستیت بەڕێوە ئەوەندەت فەرقە ئازاد نیت وەکو خەڵک دەنا فەرقت نییە زەڕێک بەشێوە ئەوەش موژدەت دەمێ هەر بەو زووانە دەبی ساز، هەڵپەڕە جا تۆش لە جێوە هەتا پێیێک لە بێرلین بچنە پێشی سوپای سوور، دێتە پێش ئازادی ئێوە بژی مارشال ستالین پێشەوای ڕووس کە ئازادی لە گێتی دابەشێوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جێژنی ئازادی سەبارەت: ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارە ١٢، . ٢ی ڕێبەندان ١٣٢٤-٩ فوریە ١٩٤٦ نەوجەوانانی ژیر و وریای کورد پیرەپیاوانی پیاو و ئازای کورد بێچوە شێرانی چاپک و بێباک تازە لاوانی میللی و خوێنپاک نەونەمامانی باغچەی ئاوات کاربەدەستانی حیزبی دیموکرات ئەی ئەوانەی کە چاو بەگریان بوون دژ و داماو، کز و پەرێشان بوون بۆ وەتەن ڕۆژ و شەو دەگریان زار دیتو لەو ڕێیەدا هەزار ئازار بەش بڕاو بوون لە خۆشی و شادی دەرکرابوون لە باغی ئازادی موژدە بێ لێو کە پاش گەلێک زەحمەت پاشی زۆر ڕەنج و تاڵی و مەینەت پاشی تاڵان و جەنگ و دەربەدەری پاشی کوشتار و شین و قوڕبەسەری پاش وەی سەد مەزن، هەزار سەردار لەسەر ئازادی ڕۆوینە سەر دار پاشی وەی سەدهەزار کوڕی لاوچاک دەستی دوژمنان: لە خوێن و خاک گەوزی بوو دایکی بۆی لە سینگی دا بەزەیی هات بە حاڵی ئێمە خودا یاریدەی داین و کردیە مەئموور بۆ نەجاتدانی کوردی، هۆردووی سوور میللەتی کوردی بێکەسی ڕزگار کرد، لەژێر چەنگی دوژمنی زۆردار کوردەواری بەجارێ ئازاد بوو کوردی غەمگین بە کەیف و شاد بوو ئاشکرا هەڵکراوە بەیرەقی کورد هاتەوە دەستی لاوی کورد حەقی کورد تێپەڕی ڕۆژی ڕەش نەما دەمی خەم ڕۆژی کورد هاتەدەر لەژێر مژ و تەم بۆمە ئەو ساڵەکە چلۆن زستان خۆشترە زۆر، لە مانگی جۆزەردان گەرچی ئێستا نەماوە گوڵ لە چەمەن وەک گوڵە ڕوومەتی کوڕانی وەتەن ئیستەکانە تەواوی میللەتی کورد کچ و کوڕ پیاو و ژن درشت و ورد بێ خەم و لێو بەخەندە و شادن بۆچی چونکو ئەوێستە ئازادن ئەی برایانی میللی و دڵسۆز ڕۆژتان باش و جێژنەتان پیرۆز ئەوی ئاواتی ئێوە بوو دیتو نیشتمان سەربەخۆ و ئازاد بوو بەیرەقی جوانی ئێمەیە ئێستا دەیشەکێنی لە هەر بڵیندێک با کاری خۆمان بە دەستی خۆمانە ئێستە با کوێربێ چاوی بێگانە تا هەزار ساڵی دیکە ئیستالین هەر بژی یاڕەبی: بڵێن ئامین چونکە دەربەست حەقی زەعیفانە لاگری دیل و بێ نەوایانە بۆ ئەوەی بێکەسان بکا مەسروور پایەدار بێ و بمێنێ هۆردووی سوور پێشەوامان بژی لەبۆ خزمەت کردنی، دین و مەزهەب و میللەت ڕەبی هەر کەس کە دوژمنی کوردبی هەردوو چاوی دەرێ و ملی وردبی بمرە (هێمن) کە تۆ لەسەر زیادی مایەوە، چونکو دیتت ئازادی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەمەتەقەی دوو خوێنمژ! سەبارەت: گۆڤاری هاواری نیشتمان، ژمارە ١، ساڵی یەکەم، خاکەلێوە ١٣٢٥- ٢٠ مارس ١٩٤٦ سیراج ئۆغڵوو: یاخوا بەخێرێی سەرچاوەکانم خوا دەوامت دا ئارامی گیانم نوری سەعید: خۆ بێ ئەزیەتی، ئەلحەملای چاکی قەزا و بەڵا دوور بۆ وا خەمناکی سیراج ئۆغڵوو: چۆن خەمناک نەبم زۆر پیس قەوماوە دیسان کوردەکان زۆریان هێناوە هەموویان داوای حەقی خۆ دەکەن گەف و هەڕەشە لە من و تۆ دەکەن دەڵێن ئەو خاکە خاکی کوردانە نایەڵین چیدی بیخوا بێگانە خۆ تۆش دەزانی کە کوردەواری لە قیسمان بچی تووش دێین هەژاری گەنم و جۆی ئەوە رزق و بژیومان بەنەوتی ئەوە ڕووناکە دیومان ئەو گەنمە نەبێ لە برسان دەمرین ئەو نەوتە نەبێ شەوکوێری دەگرین تەدبیرێک بکە هەتاکو زووە تا هەل و فرسەت لە دەس نەچووە نوری سەعید: لەمنت نەکەوێ بۆ دابزڕکاوی بۆچی وەکو کەر لە قوڕێ ماوی ئەتو لەکنەخۆت تورکی خوێنمژی بەدفەڕ، شەڕانی، ڕێگر، پیاوکوژی تورکی لەوەی پێش وا خوێڕی نەبوون وەک گورگی برسی بە خشەوە دەچوون هەر ئێوە نەبوون لە دەورەی کەمال لاقی کوردانو دەگرت وەک گەماڵ ژن و منداڵ و گەورەتان کوشتن خوێنی ملیۆن و نیوێکو ڕشتن ئێستاش نەچووە بچی وەخۆکەونەوە گەورە گەورانیان لەدار دەنەوە بیانگرن بیانکوژن بیانخەنە نێوبەند ئەفەندم بەسم ئەتۆ بدە پەند سیراج ئۆغڵوو: منیش بەشی خۆم جەزرەبەم داون بەڵام داخەکەم دانەمرکاون کورد گیایەکە هەر چەندی بیدروون هەڵدەداتەوە دیسان هەڵەسوون تەدبیرێکی دی بکە ئەفەندی یابا عەجایب بۆ وا دڵمەندی نوری سەعید: برا مام ئینگلیس ئاغای خۆمانە هەتا ئەومان بی خەمی چیمانە پەنای بۆ دەبەین دەیانکا چارە فریویان دەدا بەپوول و پارە بۆیان ساز دەکا سەد شێخ و مەلا بەسەریان دێنێ سەد دەرد و بەڵا عەشیرەتەکان دێنێتە ژێر بار بەدرۆ و دەرەسە بەپوول و دینار سیراج ئۆغڵوو: عەجەب تەرتیبێک دەستت بە... وەڵاتت پیس کرد هەستە لەکنم باوی نەماوە کەڵەک و دەهۆ کورد فریو ناخوا ئەبەدی بەدرۆ کوردی ئەو عەسرە هێندە شەیتانن ئەمن و توو و چەرچل بەکەر دەزانن وا لامەزهەبن کوردی ئەو دەورە نەشێخیان ماوە نە مەلای گەورە عەشیرەتەکان هەستان لە خەوێ پشتیان لێک بەستووە ئازادیان دەوێ نوری سەعید: کەوابێ برا سەڵا لە خۆمان مانگامان مرد و بڕاوە دۆمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شینی ژنە کوردێک سەبارەت: گۆڤاری هەڵاڵە، ژمارە ٣، ساڵی یەکەم، بانەمەڕی ١٣٢٥ - ١٩٤٦ ١ هەی داد هەی بێداد هەی ڕۆ ڕۆڵە ڕۆ هەی ڕۆڵە داخی گرانم بۆ تۆ هەی کوێنم دەبەر ڕۆڵەی جەوانم وەی قوڕم وەسەر مایەی ژیانم دایکەکەت بمرێ ڕۆڵەی نازدارم دەک نەژیم پاش تۆ شۆڕەسوارم نەمێنم لەبۆ دەست و جڵەوت کوانێ؟ بۆ نایە ئەوڕۆ هەوهەوت هەناوم ڕەش بێ بۆ قژی ڕەشت جەرگم خرابێ بۆ کوڵمەی گەشت حەیف بۆ چاوی وەکو بادامت درێغ بۆ بەژنی وەک نەونەمامت ڕۆڵە گیان ئەتۆ هێشتا جحێڵی چ وەختی وەیە من بەجێ بێڵی هەی داد هەی بێداد هەی ڕۆ ڕۆڵە ڕۆ بریا مردبام من لەباتی تۆ ٢ منی هەژاری پیری زگ سووتاو چۆن پاش تۆ بژیم ئاخر شۆڕەلاو کون کونە دڵم لەتلەتە جەرگم بۆ تۆ تاقانەی جوانە مەرگم شەرتە من سەرم بۆ تۆ شین بکەم هەتا بمێنم بۆ تۆ شین بکەم گوڵە گەشەکەم بۆ سیس بووی وا زوو بردت بۆ ژێر خاک هەزار ئارەزوو بۆ بەجێت هێشتم بەدبەختت کردم ڕۆیشتی بۆ کوێ بۆ چیت نەبردم منت بەجێ هێشت لەو کەلاوەدا بۆ خۆت ڕۆیشتی بۆ خزمەت خودا هەی داد هەی بێداد هەی ڕۆ ڕۆڵە ڕۆ دێ لە دەروونم لە سوێی تۆ بۆ سۆ ٣ دەزانی بۆچی ڕۆڵەی نازەنین دەبەستم لەسەر گۆڕت کۆڕی شین بۆیە ناگریم ئەی لاوی خوێنپاک بەجوانەمەرگی تۆیان خست لە خاک بۆیە دەگریم ئەو چەرخی چەپگەرد ماوەی پێنەدای وەکو پیاوی مەرد لەسەر نیشتمان خۆت بەکوشت بدەی هاوخوێنەکانی خۆت ڕزگار بکەی بەخێوم کردی ڕۆڵە وەک بەران تا بۆ نیشتمان بتکەمە قوربان کەچی تۆی کوشت و نەیهێشت ئاسمان قوربانیێک بکەم من بۆ نیشتمان هەی داد هەی بێداد هەی ڕۆ ڕۆڵە ڕۆ من و نیشتمان بێ کەسین ئەوڕۆ ٤ لە خاک و خوێنا ئەگەر گەوزیبای لەسەر ئازادی و سەربەستی: بەخودای غەمم نەدەبووی بۆت نەدەگریام چۆن مردنی وا زۆر خۆشە بەڵام ڕۆڵە بە مەرگی تەبیعی مردن ئەویش بۆ کوردان عەیبە لەکن من حەیف گیانەکەم حیزانە مردی حەیف وەک پیاوی ئازا نەمردی حەیف ئەی گەنجی خاوێن وەکو گوڵ مردی و ئارەزووی من نەبوو حاسڵ ئۆف ڕۆڵە مردی نەگەییم بەمراد ئۆف ڕۆڵە مردی و کورد نەبوون ئازاد هەی داد هەی بێداد هەی ڕۆ ڕۆڵە ڕۆ برینی جەرگم قەت ناکرێ پەرۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردەگیان سەبارەت: گۆڤاری نیشتمان، ژمارە ٧-٨-٩، بەهاری ١٣٢٤-١٩٤٥ لە غوڕابی خەوێدای دوژمنت بێدارە کوردەگیان هەڵستە لەم خەوە ئیمڕۆکە جەنگەی کارە کوردەگیان ++++++++++++++++++++++