شاعیر: هێمن کتێب: شیعری ناو گۆڤارەکان سەرناو: جێژنی ئازادی سەبارەت: ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارە ١٢، . ٢ی ڕێبەندان ١٣٢٤-٩ فوریە ١٩٤٦ نەوجەوانانی ژیر و وریای کورد پیرەپیاوانی پیاو و ئازای کورد بێچوە شێرانی چاپک و بێباک تازە لاوانی میللی و خوێنپاک نەونەمامانی باغچەی ئاوات کاربەدەستانی حیزبی دیموکرات ئەی ئەوانەی کە چاو بەگریان بوون دژ و داماو، کز و پەرێشان بوون بۆ وەتەن ڕۆژ و شەو دەگریان زار دیتو لەو ڕێیەدا هەزار ئازار بەش بڕاو بوون لە خۆشی و شادی دەرکرابوون لە باغی ئازادی موژدە بێ لێو کە پاش گەلێک زەحمەت پاشی زۆر ڕەنج و تاڵی و مەینەت پاشی تاڵان و جەنگ و دەربەدەری پاشی کوشتار و شین و قوڕبەسەری پاش وەی سەد مەزن، هەزار سەردار لەسەر ئازادی ڕۆوینە سەر دار پاشی وەی سەدهەزار کوڕی لاوچاک دەستی دوژمنان: لە خوێن و خاک گەوزی بوو دایکی بۆی لە سینگی دا بەزەیی هات بە حاڵی ئێمە خودا یاریدەی داین و کردیە مەئموور بۆ نەجاتدانی کوردی، هۆردووی سوور میللەتی کوردی بێکەسی ڕزگار کرد، لەژێر چەنگی دوژمنی زۆردار کوردەواری بەجارێ ئازاد بوو کوردی غەمگین بە کەیف و شاد بوو ئاشکرا هەڵکراوە بەیرەقی کورد هاتەوە دەستی لاوی کورد حەقی کورد تێپەڕی ڕۆژی ڕەش نەما دەمی خەم ڕۆژی کورد هاتەدەر لەژێر مژ و تەم بۆمە ئەو ساڵەکە چلۆن زستان خۆشترە زۆر، لە مانگی جۆزەردان گەرچی ئێستا نەماوە گوڵ لە چەمەن وەک گوڵە ڕوومەتی کوڕانی وەتەن ئیستەکانە تەواوی میللەتی کورد کچ و کوڕ پیاو و ژن درشت و ورد بێ خەم و لێو بەخەندە و شادن بۆچی چونکو ئەوێستە ئازادن ئەی برایانی میللی و دڵسۆز ڕۆژتان باش و جێژنەتان پیرۆز ئەوی ئاواتی ئێوە بوو دیتو نیشتمان سەربەخۆ و ئازاد بوو بەیرەقی جوانی ئێمەیە ئێستا دەیشەکێنی لە هەر بڵیندێک با کاری خۆمان بە دەستی خۆمانە ئێستە با کوێربێ چاوی بێگانە تا هەزار ساڵی دیکە ئیستالین هەر بژی یاڕەبی: بڵێن ئامین چونکە دەربەست حەقی زەعیفانە لاگری دیل و بێ نەوایانە بۆ ئەوەی بێکەسان بکا مەسروور پایەدار بێ و بمێنێ هۆردووی سوور پێشەوامان بژی لەبۆ خزمەت کردنی، دین و مەزهەب و میللەت ڕەبی هەر کەس کە دوژمنی کوردبی هەردوو چاوی دەرێ و ملی وردبی بمرە (هێمن) کە تۆ لەسەر زیادی مایەوە، چونکو دیتت ئازادی ++++++++++++++++++++++