شاعیر: هێمن کتێب: شیعری ناو گۆڤارەکان سەرناو: هەڵدەکەم سەبارەت: گۆڤاری کوردستان، ژمارە ٢، ساڵی یەکەم، ٣٠ سەرماوەز ١٣٢٤-٢١ دیسامبر ١٩٤٥ من کە بێدەنگم ئەوێستا چاوەنۆڕی هەل دەکەم هەل کە بۆم هەڵکەوت ئەنجا باسکمی لێ هەڵدەکەم زۆر بەئومێدی خودا لەو خاکە پاکەی دەردەکەم دوژمنە بێگانە ئاخر چۆن دەگەڵ وی هەڵدەکەم نابی چیدی داری من بخوات و لێی سواربی حەریف داری دامەی خۆم لەبۆ لای خانی ئاغا هەڵدەکەم نایەڵم تاریکی چیدیکە وڵاتم داگرێ خوا مەدەدکار بێ چرای زانستی تێدا هەڵدەکەم وەک جگێن وایە زەمان هەر کەس جگی خۆی تێدەخا تا چەقی هەمووان بهینێ من جگی خۆم پەل دەکەم نامەوێ من سەربڵندی خۆم و دایم کۆشش بۆ بڵیندی و بەرزی و، ئازادبوونی گەل دەکەم قەت دەگەڵ بێگانەکان وەڵڵاهی دانووم ناکوڵی من کە شاهێنم چلۆن ئاخەر ڕەفیقیی قەل دەکەم هەر کەسێ دەربارەی ئەو قەومە بەد بدوێ برا وا دەدەم مستێک لە زاری من ددانی کەل دەکەم هەر کەسێ بۆ لای سنوور و سەرحەدی خاکی وەتەن بێ، دەدەم بەردێک لە لاقی دەسبەجێ ئەو شەل دەکەم هێندە فێڵاویم کە دوژمن وێم کەوی تا هەردوو گوێ قوم دەبێ، چونکە بەفێڵ ئەو تووشی لیتە و زەل دەکەم خۆش بی بووزووی خۆم چ محتاجم بەپەشمی خاریجە تاکو جاوی خۆم هەبی بۆ جامەیی مەلمەل دەکەم ساردی و گەرمی ڕۆژگارم چێشتووە بەخودا گەلێک بێ ئەوەی محتاجی کەس بم مشکلی خۆم حەل دەکەم دوێ شەوێ دایکی وەتەن (هێمن) لە خەودا پێی گوتم ڕۆڵە کردارت حیسابە، کەنگی گوفتار حەل دەکەم ++++++++++++++++++++++