شاعیر: هێمن کتێب: شیعری ناو گۆڤارەکان سەرناو: بەهاری زەرد سەبارەت: بۆ لەیلا قاسم - گۆڤاری سروە ژمارە ١، بەهاری ١٣٦٤ - ١٩٨٥ هەمیشە دەرد دەبینم دەرد دەبینم درۆی دوژمن، دەهۆی نامەرد دەبینم مەگەر زەردایی ناکەن چاوەکانم کە ڕەنگی نەوبەهاری زەرد دەبینم *** بەسۆزەی با کە سکڵی دڵ گەشاوە دەروون پڕ سۆز و فرمێسکم خوناوە لەدووی لەیلا بە واوەیلاو و شیوەن دەڕۆم و پۆلی شینگێڕم بەدواوە *** بزەی هاتێ گوتی: ڕووناکە ئاسۆم وەرە جەللاد پەتت باوێژە ئەستۆم ئەوە پەت نییە مێداڵی ئیفتیخارە کە بوومە قارەمانی میللەتی خۆم *** ئەوەی بیست شاعیر و گریا بەزاری ئەگەرچی بەسترابوو لێو و زاری گوتی: لەیلا هەمیشە پایەداری لە ژێر خاکا لەپێش چاوان دیاری *** کە تۆ تۆرای لە چاوان وەک خەوی من لە بسکت ڕەشترە مانگەشەوی من بڕۆ مەجنون بە لەیلای خۆت مەنازە کە ناوبانگی پتر ڕۆیی ئەوی من ++++++++++++++++++++++