شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: لە کوێوە بۆ کوێ؟ (بەشی ٣) سەبارەت: پێشەکی - ١٩٧٤/١/٢٣ ھێشتا مانگێک بەسەر شەوی زاوایەتیمدا ڕانەبردبوو و بە قسەی ئەوڕۆ مانگی ھەنگوینم تەواو نەکردبوو، کە بەداخەوە ئەوەی نەم دەویست ڕووبدا ڕووی دا و ئەوەی پێم خۆشبوو بمرم و نەیبینم دیتم. ڕیسەکەمان لێ بۆوە خوری. ھێلانەکەمان لێ شێوا و کۆمارەکەمان ڕووخا و دوژمن بەسەرماندا زاڵ بۆوە. ماوەیەک بوو ھەست بە مەترسی دەکرا. جەبھەی سەقز و سەردەشت قایمتر دەکران. چەند دەرەبەگی بەناوبانگ و خاین ڕایان کردبوو بۆ عێراق و یەک دوو مەلا و شێخی خوێڕیەپیاو دەسبەسەر کرابوون. حکوومەتی ئازەربایجان لەشکرێکی ساز و تەیاری بۆ پشتیوانی پێشمەرگە ناردبووە جەبھەی سەقز، چونکە وا بەراورد کرابوو کە تەنیا لەو جەبھەڕا ترسی پەلاماری دوژمن ھەیە. لەپێشداش چەند جار لەو جەبھەڕا دوژمن پەلاماری ھێنابوو، بەڵام زۆر خراپ شکابوو و زەبری دەستی پێشمەرگەی کوردستانی چێشتبوو. ئازەربایجان حکوومەتێکی گەورەتر و بەھێزتر و زۆر تەیارتر و پڕ چەکتر بوو لە کوردستان. خەتی دیفاعی ئازەربایجانیش زۆر قایمتر بوو. کەوابوو کەم کەس بە خەیاڵیدا دەھات لە ڕێگای ئازەربایجانەوە پەلامار بۆ سەر جوولانەوەی ڕزگاریخوازی گەلانی ئێران بھێنرێ. ماوەیەک بوو بۆ ئەوەی کارەکانی حیزبی باشتر ڕابپەڕن پاش ئەوەی شەوانە پێشەوا کە زۆر شەو تا درەنگ لە دەفتەری حیزبدا دەماوە دەچۆوە ماڵی خۆی، کادرێکی حیزبی لە دەفتەری حیزبدا دەماوە بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی خوارەوە ئەگەر پێویست بوو بە پێشەوا ڕابگەیەنی و دەستوراتی پێشەوا بۆ خوارەوە بنێرێ. ئەو شەوی نۆرەی منی تازە زاوا بوو. لە دەفتەری حیزب دانیشتبووم و خەریکی نووسینی مەقالەیەک بووم بۆ «کوردستان»، ئەفسەرێکی بچووک بەڵام دۆستێکی گەورەی من و ئەندامێکی زۆر بەوەفای حیزب ھاتە ژوور. زۆرم پێ ناخۆش بوو کە دەستی بۆ ڕادیۆکەی سەرمێزەکە برد. چونکە نووسینەکەی لێ تێک دەدام. بەڵام چم نەگوت و قەڵەمەکەم دانا. لەپڕ شتێکی وامان گوێ لێ بوو کە وەختابوو پێمان بە عەرزەوە وشک بێ. ڕادیۆ تاران تەلگرافی پیرۆزبایی دوکتور جاوید وەزیری ناوخۆی ئازەربایجانی دەخوێندەوە کە بەبۆنەی گەڕانەوەی ئەرتەشی شاھەنشاھی بۆ تارانی ناردبوو. دوایە خەبەری ڕاکردنی «موتەجاسیرین» ی ڕاگەیاند. موتەجاسیر و ماجەراجوو دوو ناو بوون کە لەو شەوەڕا بەسەر بەڕێوەبەرانی جوولانەوەی ئازادیخوازی کوردستان و ئازەربایجاندا بڕان و ئێستاش دەزگای تەبلیغاتی ڕێژیم دووپاتەیان دەکاتەوە و دەیانھێنێتەوە کاوێژ. دەسبەجێ بە تیلفوون ئەو خەبەرەم بە پێشەوا ڕاگەیاند. گوتی بۆ خۆت وەرە ئێرە و بە ئەوانی تریش ڕابگەیەنە بێنە ئێرە. بەدوای ئەوانمدا نارد و بۆخۆم چووم بۆ ماڵی پێشەوا. سەدری قازی برای پێشەوا کە نوێنەری مەجلیس بوو لە تاران و بە ڕواڵەت نەدەبوو لەو واقیعە بترسێ، لە ھەموو کەس پتر شڵەژابوو. ئەو دەسبەجێ گەڕاوە بۆ تاران و لەوێ گرتیان و ھێنایانەوە مەھاباد. ئازەربایجانی وا تەیار و پڕ چەک بە لەشکری ساز و پەرداخ و فەرماندە لێزانەکانیەوە بۆ وا زوو تەسلیم بوو؟ پیشەوەری کارامە و شۆڕشگێڕ و کۆنەپیاو و ئازا و ڕابەرەکانی تری ئازەربایجان بۆ وا بە پەلە ڕایان کرد؟ پرسیارێکە کەس بە تەواوی جوابی نەداوەتەوە و منیش جوابم بۆ نادرێتەوە. بەڵام دڵنیام ئەگەر فیدایی دەستی کردباوە و ئەگەر فیرقە بەربەرەکانی بکردایە، لەشکری شڕوشپڕێوی تاران نە تەنیا پێی لە تەورێز نەدەنا و ئەو ھەموو کوشتارەی نەدەکرد، بەڵکە تارانیش دەشێوا و لەوانەبوو لە سەرتاسەری ئێراندا جوولانەوەی ئازادیخوازی بەسەر کۆنەپەرستیدا سەرکەوێ و تەنانەت نفووزی ئیمپریالیزم لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا زووتر بنەبڕبێ. بەڵام وەک زانایان گوتوویانە مێژوو ئەوەیە ڕوو دەدا نەک ئەوە کە ئێمە دەمانەوێ. بەڵێ کوتوپڕ تەورێز گیراوە و کوردستانیش لە ھەموو لاوە گەمارۆ درا. پاش ئەوەی سەدری قازی نازانم بۆچی بەرەو تاران گەڕایەوە ڕابەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ماڵی پێشەوا کۆبوونەوە و ئەو شەوی ڕووحیەی ھەموو کەس دەتوانم بڵێم باش بوو. شورای جەنگ بە سەرۆکایەتی حاجی بابەشێخ پێک ھات و سورەت جەلسەی یەکەم ئیمزا کرا و قەراری بەربەرەکانی درا. بەڵام ھێشتا مەرەکەبی بڕیارنامەکە وشک نەببۆوە کە خەبەر ھات یەکێک لە ئەندامەکانی ئەو شورایە ڕای کردووە. بۆ بەیانی وەزع گۆڕا و بڕیاری بەربەرەکانی ھەڵوەشاوە و بە پێشمەرگە دەستوور درا بێ دەستکردنەوە پاشەکشە بکا و ڕێگا بۆ ئەرتەش بەتاڵ بکا و خەڵک دەستێکی کەوتە ئەولای و یەکێکی کەوتە ئەملای. پێشمەرگە لە جەبھەی سەقز و سەردەشتەوە بە ڕێکوپێکی پاکشەی کرد. بەڵام فیدایییەکان کە فەرماندەکانیان ڕایان کردبوو وەک مەڕی بێ شوان بڵاوبوون و عەشایر لێیان وەخۆکەوتن و ھەموویان داپڵۆسین و نەیانھێشت تاقە فیشەکێک لەگەڵ خۆیان بەرنەوە. بەڵام نەوێرانە پێشمەرگە. تەنیا لەناو مەنگوڕان پێشی دەستەیەکیان گرت کە بە فەرماندەیی زێڕۆی دەگەڕاوە، زێڕۆش کە بۆ خۆی شڕەخۆرێکی وەک ئەوان بوو، دەستی نەدا و بەگژیاندا ھاتەوە و تەنانەت چەند گوندیشی تاڵان کرد و گەیشتەوە مەھاباد. ئەوانی فیدایییەکانی ئازەربایجانیان ڕووت کرد کەسیان نەکوشت. ئەوی من وەبیرم بێ لەو کارەساتەدا تەنیا پێشمەرگەیەکی کوردی عێراق شەھید کرا و ھێندێکیشیان ناپیاوانە ڕووت کردن. فەرماندەی ئەرتەش بێ ھیچ زەحمەت گەیشتە گوندی حەمامیان و پێشەوا لەوێ دیتی. لەو ماوەدا من ھەمیشە لەگەڵ پێشەوا بووم. دیارە لەگەڵی نەچوومە حەمامیان، بەڵام لە شاری بەجێم نەھێشت. دەمدیت پەشۆکابوو. بەڵام نەک لە ترسان، بەڵکە لە داخان و لەبەر ناھومێدی. من لەمێژ بوو پێشەوام دەناسی و لە ڕۆژی تەنگانەدا دیبووم. بە دەست و تفەنگی خۆی پیاوێکی زۆر ئازا بوو. پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان چەند جار عەشایر ھاتنە سەر مەھاباد و پێشەوا بۆخۆی لە یەکەم سەنگەردا بۆ دیفاع ئامادەبوو. ئەدی چۆن بوو ئەوجار تەسلیم بوو؟ بۆخۆم لێم بیست گوتی لەسەرمانەوە ناچن و دەمانکوژن. بەڵام پێم خۆش نییە گەلەکەم بەجێ بێڵم و دەمەوێ لەناو ئەواندا بمرم. ڕاستە کوردستان پاش گیرانەوەی ئازەربایجان و لەدەستدانی ئەو ھاوپەیمانە بەھێزە لە ھەموو لایەکەوە گەمارۆ درابوو، ڕاستە بەشێکی عەشایر گوێیان لە کڵاو پەڕاندبوو و چاوەنۆڕی خراپەیان لێ دەکرا، ڕاستە خەزێنەی کۆمار بەتاڵ و حەتاڵ بوو و ھەمووی درابوو بە تووتن و ھێشتا نەفرۆشرابۆوە و لە عەمباردا مابۆوە، ڕاستە لە ھەموو یارمەتییەکی دەرەوە ھیوابڕاو کرابوو، بەڵام من بەش بە حاڵی خۆم لەو بڕوایەدام ئەگەر دەستەوەکەری کرابا و ئێمە ئەزموونی شۆڕشگێڕیمان ھەبا مێژووی کۆماری مەھاباد بەو جۆرە دوایی نەدەھات کە ھات. ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٥-١٩٤٦ ئەرتەشی شڕوشپڕێوی شاھەنشاھی تەواو ساڵەوەختێک پاش ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان شاری مەھابادی گرتەوە. ھێندێک لە بەڕێوەبەران و کادرەکانی حیزب ڕایان کرد و خۆیان شاردەوە و ھێندێکیش دانیشتن و چاوەنۆڕی گرتن بوون. من ئەو ڕۆژی لە شار وەدەرکەوتم و چوومە خانەقای شێخی بورھان. لەوێ شێخ موحەمەدی خاڵم حەشاری دام و لەبن باڵی خۆی گرتم. لە خانەقا بووم کە خەبەری گیرانی پێشەوا و ڕابەرانی حیزب و کۆمارم بیست. پیاوم وەدووی ھەژار خست بیبینمەوە و پێکەوە تەگبیرێک بکەین. ئەویش بۆی دەرچووبوو و بۆم نەدۆزراوە. نەخۆشی کەوتوویی لە خانەقا ھەبوو، زۆر کەس گرتبووی و چەند کەسیشی کوشتبوو. من جارێکی تر ھەر لەو خانەقایە ئەو نەخۆشییەم گرتبوو و زۆری لێ دەترسام. گوتوویانە ھەرچی بترسێ ناخەلسێ، ھێندە پێ نەچوو گرتم و کەوتم. بەفرێکی یەکجار زۆر و ئەستوور کەوتبوو، ھیچ دوکتۆرێک بەو بەفرە نەدەگەیشتە خانەقا. دوو مانگی ڕەبەق بۆی لەسەر ڕەقی پشتی کەوتم. ئەسپەک لەسەری دام و قسەی ھاتەران پاتەرانم دەکرد. ھەموو بەندەنم بەنوێنانەوە چوو و توێخی ھاویشت. بەڵام ئەوجاریش لە دەست ئیزرائیل ڕزگاریم ھات. کە لە نەخۆشی ھەستامەوە بەفریش کەم ببوو، ڕێگا کرابوونەوە. وایان بە مەسڵەحەت زانی بۆ ئەوەی کەمێک ژیوەلە ببمەوە و گورد بگرمەوە بە دزی بچمەوە ماڵی خۆمان کە لە شار نیزیک بوو و دەرمان و خواردنی باشتری لێ وەدەست دەکەوت. چاک لەبیرم نییە چەند ڕۆژان لە ماڵێدا تەماڵم ھەڵگرت و خۆم مەڵاس دا. ڕۆژێک لە ژوورێ دانیشتبووم و کتێبم دەخوێندەوە، لەپڕ لەناو دێدا بوو بە شین و گابۆڕ. ناردم بزانم چییە؟ قاسید بە گریان و لەخۆدان ھاتەوە و گوتی ئەوانەی لە شاری ھاتوونەوە دەڵێن دەوری شار گیراوە و نایەڵن کەس بچێتە ناو شار یا وەدەرکەوێ و دەنگۆیە و دەڵێن پێشەوا شەھید کراوە. ھێندەی پێ نەچوو قسەکە دڕا و مەعلووم بوو پێشەوا و سەدری قازی برای و سەیفی قازی ئامۆزای لە چوارچرا لەدار دراون. ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە و ئەو کارەساتە جەرگبڕە ھەموو کوردێکی بەشەرەفی خەمناک و تازیەبار کرد. بەتایبەتی دڵی منی بە ناسۆر ئەنگاوت. ناسۆرێک کە بۆتە تیراوێ و ئێستاش ھەر وەبن دەداتەوە و ھەڵدەداتەوە و بێگومان ساڕێژ نابێ و لەگەڵم دێتە بن گڵ. من پێشەوام لە دڵەوە خۆش دەویست. بە ڕابەرێکی دڵسۆز و ژیرم دەزانی، بە کوردێکی پاک و چاکم دەناسی و بە موسلیحێکی یەکجار گەورە و مەزنم دەزانی. دەمزانی نەتەوەکەی خۆی چەند خۆش دەوێ و چەندی پێ خۆشە خزمەتی بکا. چەند بە ئاواتەوە بوو کورد بگاتە ڕیزی نەتەوە بەختەوەرەکان. زۆرم ھیوا پێ بوو گەلەکەمان بە پەلە بەرێتە پێش و وڵاتەکەمان زوو ئاوەدان بکاتەوە. لەو ماوە کورتەشدا دەزانین چەندی خزمەتی بەکەڵک کردن. بەڕاستی مەرگی پێشەوا نەک ھەر بۆ نەتەوەی کورد بەڵکە بۆ جوولانەوەی ئازادیخوازی و دژی ئیمپریالیستی سەرانسەری ئێران زیانێکی گەورە بوو. دەریایەک زانست و ئەدەب، دەریایەک فیکر و بیر، بەدەستی زۆردارێکی سەرەڕۆ و نەزان وشک کرا و لەناوچوو. سێ ڕۆژ پاش شەھیدبوونی پێشەوا یانی ڕۆژی سێزدەبەدەر قەلفڕم بۆ کرد و لەگەڵ پیاوێکی ھەژار و ھاواڵێکی زۆر بەنرخی حیزبی بەرەو کوردستانی عێراق وەڕێ کەوتین. بە دوو ڕۆژ و دانێک سنوورمان پەڕاند. لەوبەری جۆگەوە بازم دا ئەوبەری جۆگە بە ڕواڵەت ھیچ فەرقێکم نەھاتە پێش چاو. بەڵام لە واقیعدا سنووری سیاسی وڵاتێکم پەڕاندبوو و چووبوومە وڵاتێکی دیکە. گەیشتمە شاری قەڵادزە، وەنێو بازاڕ کەوتم و نەکەوتم بە بەرگ و لیباس پۆلیس ناسیمی و زانی لەو دیوڕا ھاتووم. پیلیان گرتم و خەریک بوون تێکمەوە پێچن. بەڵام مەلایەک و حاجییەک بێ ئەوەی بمناسن باڵیان بەسەردا کێشام و نەجاتیان دام. نەقلەکە ڕاست لە من ڕووی دابوو لە ترسی ئاگر پەنام بۆ مار بردبوو. مەلا پێی خۆش بوو بمناسێ. منیش لەگەڵ ئەوەشدا پێم خۆش نەبوو کەس بمناسێ و ناوی خۆم بە کەس بڵێم خۆم پێ ناساند. دیاربوو مامۆستا منی لە دوورەوە دەناسی. ئەو شەوەی زۆری حورمەت گرتم و لە حوجرەی فەقێیان نووستم و بەیانی بۆخۆی وەپێشم کەوت و بردمی بۆ گوندی گردبوداغ. من بە ھیوا بووم سۆراخی ھەژار و زەبیحی و قزڵجی و دڵشاد بکەم و قسەی خۆمان بێ لە دڵی خۆمدا وام دانابوو یەک بگرینەوە و سەرلەنوێ دەستبەکار بینەوە. دیارە ئەو قسەم بە مامۆستا عەرز نەکردبوو، بەڵام پێم گوت دەمەوێ ئاواڵەکانم ببینمەوە. مامۆستا گوتی جارێ ڕووبار زۆرن و بوار نین و بێجگە لەوە ئەو کوردانەی ئێرە کە ھاتبوونە ئێران ھاتوونەوە و دانگەریزە دەکەنەوە بۆ لای شاران و پۆلیس ئامادەیی ھەیە. جارێ ماوەیەک لێرە بە تا وڵات کەمێک ئارام دەبێتەوە. ھاوڕێیەکەم ناردەوە و بۆ خۆم دەستم کرد بە خوێندن و سەرلەنوێ بوومەوە فەقێ. زۆر چاکم دەخوێند. ھەم خۆم دەخافڵاند و وەڕەزی خۆم دەشکاند و ھەم دەمویست ئەوی لە سووریم دۆڕاندووە لە کایەی تێ ھەڵبێنمەوە. ھێشتا لاو بووم و ئەگەر خوێندبام دەمتوانی شتێک بە شتێک بکەم. بەڵام خوێندنەکەم زۆری نەخایاند. بیستم وەزعی ئێران ئارام بۆتەوە و دەستیان لە خەڵک گرتن ھەڵگرتووە و لێکم داوە پاش ئەوەی لێرەش ھەر قاچاغم و ناوێرم بگەڕێم بۆ سەرێک لە وڵاتی خۆمان نەدەمەوە؟ ئەگەر زانیم دەحاوێمەوە ئەوە ھەر لەوێ خۆم حەشار دەدەم. بە تاقی تەنێ ڕووم لە کوێستانە خۆشەکانی کوردستان کرد بە نێو چادر و ھۆبە و گوڵ و گوڵزاراندا گەڕام. شەنگەبێری کێل گەردنم دین. لەو گەشت و گەڕانەدا بووم کە پارچە شێعری بەھاری کوردستانم گوت، کە بۆخۆم ئێستاش زۆرم خۆشدەوێ و بە شاکاری دەزانم. ژاندارم و پۆلیس لە ھیچ کوێ تووش نەبووم و بێ سەدەمە گەیشتمەوە گوندەکەی خۆمان. ڕاوەستام تا شەو بەسەر دەستاندا ھات و بە تاریکی چوومە ماڵێ. یەکسەر چوومە پشت دەرکی ژووری بابم. بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا خۆم گرت. چونکە بابم خۆ لە خەڵک گرتن و گوێ لە قسەی خەڵک ھەڵخستنی زۆر پێ ناخۆش بوو. تەنانەت ژنی ماڵی ئێمە لە ترسی بابم قەت نەیان دەوێرا شەمۆڵە بگرنەوە کە ئەودەم لە لادێدا زۆر باو بوو. لە درزی دەرکەوە دیتم بابم بە حەواوە ڕاوەستاوە و لەگەڵ ئەو پیاوەی کە لەگەڵم ھاتبوو بۆ کوردستانی عێراق قسە دەکا و پێی دەڵێ ڕۆڵە پێم بڵێ لە کوێیە بۆخۆم پیاو دەنێرم. ئەویش دەڵێ دوو ڕۆژی دی بۆخۆم دەچم و دەیھێنمەوە. قەولم پێداوە جێگا و شوێنی ئەو بە کەس نەڵێم. بابم کەمێک بە تووڕەیییەوە گوتی چۆن بە منیش ناڵێی. گوتی نەخێر بە تۆش ناڵێم. بە دایکیشی ناڵێم، قەولم پێداوە و قەولی خۆم دەبەمە سەر. ماندوویی ڕێگا و کوێرەوەری غەریبی و لێ قەوماویم لەبیر چۆوە و لە دڵی خۆمدا گوتم چۆن زەحمەتکێشانی کورد کوڕی وایان لێ پەیدا بووە؟ بەڵێ زۆر قارەمانی وا لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا ھەن کە بە شەرەفەوە ژیاون و بە شەرەفەوە دەمرن و مێژووش لەبیریان دەکا. ئەو پیاوە، پیاوێکی ھەژار و زەحمەتکێش و نەخوێندەوار بوو. لە سەرەتای کۆمەڵەوە بە بڕوایەکی قایم و تەواوەوە ھاتبووە ناو کۆڕی خەبات و بێ ئەوەی خۆی ڕانێ خزمەتی زۆر گەورەی کردبوون و کەسیش باشی ناناسێ و منیش لێرەدا ناوێرم ناوی بەرم. چونکە نازانم ماوە یا نەماوە و دەشزانم ئەگەر مابێ تووشی دەردی سەر دەبێ. چیدی خۆم پێ ڕانەگیرا و چوومە ژوورێ. دایکم و بابم و کابرا واقیان وڕما. دایکم ئامبازم بوو و تێڕوپڕی ماچ کردم. بەڵام بابم ئەو بابەی کە قەت ڕووی نەدەدامێ و لەبەر ھیچ کارەساتێک نەدەچۆما و بەمەتانەت و خۆڕاگری لە وڵاتدا ناوبانگی ھەبوو و ھەتا ما یەکمان جگەرەمان لەکن نەکێشا و بێ ئیجازە دانەنیشتین. خۆی پێ ڕانەگیرا و بە لووزە و فرمێسکی لە چاو ھاتە خوار و ھەتا ماوەیەک ھیچ قسەی بۆ نەکرا. دوایە بۆ یەکەم جار و ئاخر جار لە ژیانمدا بەخێرھاتنی کردم و گوتی چاک بوو ھاتیەوە. ئەوە لە دوام دەناردی عەفوی عمومی بۆ عەشیرەتان دەرچووە. ڕاستە ئێمە عەشیرەت نین. بەڵام خەڵکی گوندین و دەتوانین لەو دەرفەتە کەڵک وەرگرین. ماڵی دنیام زۆرە و ئێستا ھەموو شت بە بەرتیل دەکرێ. جارێ ماوەیەک لە ماڵێ دانیشە و ھاتوچۆی شاروباران مەکە تا بزانین دنیا چی لێ دێ. لە ماڵێ دانیشتم و چ باس نەبوو وردە وردە خەڵکیان بەردا. منیش دەستم کردەوە بە جووت و گا و ئاژەڵدارییەکەی خۆم و ھاتمەوە سەر حووللەمەرەسێ. حیزبی تودەی ئێران بە ئاشکرایی خەباتی دەکرد و ڕۆژ بە ڕۆژ کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانی زیاتر لێ کۆ دەبوونەوە. لە ڕۆژنامەکانی خۆیدا ئیمپریالیزم و کۆنەپەرستی بە توندی دەکوتا و تیئۆری زانستی بڵاو دەکردەوە. حیزبی دیموکراتی کوردستانیش کەم کەم بووژاوە و کادرە لاوەکانی دەستیان کردەوە بە خەبات. پیاو ھەق بڵێ حیزبی تودە لەو سەردەمەدا لە بووژاندنەوەی حیزبدا ڕۆڵێکی باشی یاری کرد. تەنانەت لە پاراستنی ناوی حیزبدا. چونکە ھێندێک لە لاوە ئازادیخواز و کەم ئەزموونەکان خەریک بوون ناوی حیزب بگۆڕن و بیکەنە کۆمەڵەی کۆمۆنیستی کوردستان و وەک بیستوومە بەڕێوەبەرانی حیزبی تودە مانیع بوون. ژمارەیەک نیشتمان بڵاو بۆوە و گەیشتە دەستم و ھومێدم پەیداکرد کە خەباتەکەمان پەرە بگرێتەوە. ھەرچەند ڕاپۆرتیان لێ دام کە لە نووسینی ئەم گۆوارەدا دەستم ھەیە و بڕێکیان ئەمبەر ئەوبەر پێکردم و بەخوای دەستێکیشیان بە یاڵ و بژیدا ھێنام و پوڵ چایەکیان لێ ئەستاندم. بەڵام ئەوە چوو و ڕابرد نەمزانی لە کوێ چاپ کرا و ھەر بە شێوە نووسین نووسەرەکانم ناسین. ژمارەیەکیش ڕێگا دەرچوو و پێم گەیشت. یەکێک لە نووسەرەکانم دیت و بەڵێنی ھاوکاریم پێدا، بەڵام بەداخەوە ئەویش تێداچوو. لە ڕۆژی ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٢٧ ناسری فەخرارایی لە دانیشگای تاران شای وەبەر دەمانچان دا تۆزکاڵێکی دەم و لێو و پشت ڕووشاند. ئەو تاوانەیان ھاوێشتە سەر حیزبی تودە و ئیجازەی ڕەسمی کارکردنی ئەو حیزبەیان ھەڵوەشاندەوە و ڕابەرەکانیان گرتن و دەرکی ڕۆژنامەکانیان داخستن و لە سەرتاسەری ئێراندا حکوومەتی نیزامی دامەزرا. ئەوەش زەبرێک بوو کە بە نەخشەی ئیمپریالیزم و بە دەستی کۆنەپەرستی وەجوولانەوەی ڕزگاریخوازی ئێران کەوت. بەڵام زۆری پێ نەچوو ڕۆژنامەکانی حیزبی تودە بە نھێنی دەرچوونەوە و ڕابەرانی حیزب توانیان لە زیندان ڕابکەن. سەیر ئەوە بوو پاش ڕووخانی کۆماری مەھاباد من بۆ یەکەم جار دوو ڕۆژ پێش واقیعەی دانیشگا وێرابووم بە ئاشکرایی بچمە مەھاباد و بە ڕۆژی ڕووناک بگەڕێم کە ئەو ڕووداوە لە تاران قەوما و لە مەھابادیش دەستیان کردەوە بە خەڵک گرتن. ناچار منیش خۆم شاردەوە. لەو خۆشاردنەوەدا شێعرێکی زۆر باشم لەژێر عینوانی «ژوانی ئاغا» دا گوت کە بە داخەوە خۆم نەمماوە و تکا لەو کەسانە دەکەم کە ھەیانە بیپارێزن و ئەگەر کرا بۆم بنێرن. ساڵی ١٣٢٧ ساڵێکی یەکجار تووش و شووم بوو. من بە عومری خۆم زستانی وا سەختم لە وڵاتی خۆمان نەدیبوو. پازدە ڕۆژی پایز مابوو بەفرێکی ئەستوور و وشک باری. یەک نوا لە ھەموو جێگایەک لە میترێک پتر بوو. وشکەبەند و سەرما و ساییقەی بەدوادا ھات و یەکسەر بوو بە ڕوو، بەفری دیکەشی بەسەردا بارین، ڕێ و بان گیران، قات و قڕی پەیدا بوو، ئاو وشک بوون و خەڵک ناچار بوو بەفر بتوێنێتەوە و بیخواتەوە. نەوت و ئاوردوو وەگیر نەدەکەوت. ئاژەڵ و ماڵات قڕانی کرد. ڕەپستە ڕزین و نەوەندە گنخان و گرانییەکی زۆر بەسامی بەدوادا ھات. من بۆخۆم لە ئەزموونی پیاوێکی دنیادیدە و کۆنساڵ کەڵکم وەرگرت و توانیم بەشێکی زۆر لە دەغڵودانی خۆمان لە ڕزین و زایەبوون ڕزگار بکەم. بەھار درەنگ بوو، ھەوا گەرم ببوو. بەڵام بەفر ئارەقیشی نەدەکرد. ڕۆژێک چوومە مزگەوت تەماشام کرد پیرەپیاوێک بەتەنێ لە تەنیشت سۆبە سارد و سڕەکە ھەڵکورماوە. ھەر منی دیت گوتی: منداڵی ئەو زەمانە ئێمەیان پێ خەرفاوە. گوتم مامەگیان چ قەوماوە؟ گوتی: بەسەری تۆ ئەوە چەند ڕۆژە بەو ھەتیوە گێژانەی خۆم دەڵێم بچن بەفری سەر ڕەپستەکەمان کون کون بکەن گوێشم نادەنێ. گوتم جا بۆ کون کونی بکەن؟ گوتی بۆ تۆش نازانی؟ گوتم نەوەڵڵا. گوتی بیلامانێ کە ساڵ درەنگ بوو ھەرد گەرم دادێ و ھەڵمێ دەکا. بەفریش نایەڵێ ھەڵمەکە بێتەدەر و لەناو خۆیدا دەگەڕێتەوە و دەغڵەکە دەسووتێ. ئەگەر کون بکرێ ھەڵمەکەی دێتەدەر و ناسووتێ. قسەی مامەپیرەم بەدڵیەوە نووسا، چەند ڕۆژان پیاوم ھەڵگرتن و چوومە زک بەفر کون کردن بەڵام کارەکە زۆر گران بوو. بەفرەکە ئەوەندە ڕەق بوو بەلۆسە کون نەدەکرا. بەڵام پاشان تێگەیشتم پەندی پێشینیان چەند ڕاستە کە گوتوویانە «دەستی ماندوو لەسەر زگی تێرە». بەشی زۆری دەغڵی ئێمە ئەو ساڵی نەڕزی و نان و تۆوی خۆمان بوو. ئەو ساڵی لە ھیچ کوێ دەغڵ نەبوو. ئەو جووت بەندانەی زەوی ئاویژەیان بەدەستەوە بوو، ھەرزن و گەنمەشامییان چاند و نیوەنانیان پەیداکرد. منیش ھەرزن و گەنمەشامی زۆرم چاند و بەرھەمێکی باشیان دا. بەڵام لە گوندەکەمان ھیچ داھاتمان وەگیر نەکەوت، چونکە بۆخۆیان ھیچیان نەبوو تا بەشی ئێمە بدەن. بۆ زستانی داھاتوو گرانییەکی بەسام سەرانسەری ئێران بەتایبەتی کوردستان و ئازەربایجانی داگرت. دەغڵی فرۆشتن ھەر نەبوو، ھەشبا لە کڕین نەدەھات. ھیچ شتی تریش دراوی نەدەکرد. دوو مەڕی داشتی پووتە گەنمێکی نەدەکرد. کەویژە گەنمێکیان بە جووتێک کەڵی خاوێ نەدەدا. ھاواری سەروماڵ بوو، برا ئاوڕی وەسەر برا نەدەدا. بەڵام من نەمدی و نەمبیست لە کوردستان کەس ڕاستەوخۆ لەبرسان بمرێ، ھەرزن و گەنمەشامی خۆوڵاتی و گەنم و جۆ و خورمای عێراق ھۆیان داوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەزگای تەبلیغاتی پادشایەتی ئێران لەو ساڵانەدا شەو و ڕۆژ و وەخت و بێ وەخت پەلاماری دەبردە سەر دەوڵەتی شوورەوی، ئەو دەوڵەتە وەک جیرانێکی باش و دڵسۆز گەنمێکی زۆری دا بە ئێران. ئەویش چ گەنمێک بە ڕوحی پیاوی پێدەکەنی. بە ھاتنی ئەو گەنمە خەتەر کەم بۆوە و قاتوقڕی لە شاران نەما. دەوڵەت لە دابەشکردنی ئەو گەنمەدا دێھاتیشی لەبیر نەکردبوو و لە ڕووی شوناسنامە میقدارێکی گەنم بۆ ھەر خێزانێک دانابوو. بەڵام دەبوو ئاغا بە قەرزی سەرخەرمان وەری بگرێ و سەنەد بدا، جا بەسەر خەڵکی گوندەکەدا دابەشی بکا. ئاغاکان گەنمەکەیان بە زیادەوە وەرگرت و وەک پیاوی چاک لەپێش چاوی کاربەدەستانی دەوڵەت بە سووت و سەلەم خۆرەکانی شاریان فرۆشت و دراوەکەیان نەخد و پوخت لە تەنکەی گیرفان قایم کرد. ئەوان ئەنگڕان، سووت خۆری شار قازانجیان کرد، سمێڵی پیاوی دەوڵەت چەور کرا و ئەوی لەو ناوەدا ھیچی پێ نەبڕا ھەژار و نەداری لادێ بوو. لە بەھاردا خەڵکی دێھاتی ئازەربایجان لە حاڵێکدا کە وەک خەزەڵی پایز لەبرسان ھەڵدەوەرین و پیاو ئاگری بۆ تێ بەردەبوون بە کوردستان وەربوون. گەلی کورد جارێکی دیکەش پیاوەتی و نان بدەیی و میوانداری خۆی نیشان دا. ھەر دەستەیەک ڕووی لە ھەر ئاوەدانییەک دەکرد، خەڵکی ئەو ئاوەدانییە بەپیریانەوە دەچوون و ژەمێکیان تێر دەکردن و بەڕێیان دەکردن. زۆر ماڵی وا ھەبوون ئەو ژەمە بۆ خۆیان ھیچیان نەدەخوارد و دەیان دا بەو میوانە ڕەش و ڕووت و برسی و خورێنانە. ژاژ و پەنیر و لۆرک تایبەتی ئەوان بوو. ماڵی زۆر لەچەر و پیسکە نەبا ئەو ساڵی ڕزقی بۆ نەگیرا. ئەگەر گەلی کورد بۆخۆی لە وەزعێکی وادا نەبوو بتوانێ میوانەکانی خۆی باش بەخێو بکا، کە بەھار کامل بوو نیشتمانەکەی، کوردستانی ڕەنگین و بژوێن باوەشی دایکانەی بۆ ئەو برسی و ڕەشوڕووتانە، بۆ ئەو لاواز و لەجەرانە، بۆ ئەو لێقەوماو و دەربەدەرانە کردەوە. لە نواڵە زەنویرەکانیدا سفرەی نیعمەتی بەھەڵز و مەندۆک و بیزا و کارگ و کوڕادە و زرەمەندی و سیوەڵووکە و وێنجە کێویلکە و کەنگر و ڕێواس و ئەسپنک و ئاڵەکۆک و دۆری و ترشۆکە بۆ ڕازاندنەوە. بەڵێ دیتم لە چەرخی بیستەمدا، لەو چەرخەدا کە ئینسان ئەتۆمی شکاند، ڕاداری دروست کرد، تەنانەت مانگی داگیر کرد، ئینسانیش وەک ئاژەڵ و وڵسات لە کێو و کەژ بلەوەڕێ. دەمدیتن بە گیاخواردن بایان دەکرد. بەڵام نەدەمردن. ئەو مێگەلە شپرزە و سەرگەردان و بێ شوانە بە چیا سەرکەشەکانی کوردستانی ئێراندا ھەڵکشا و گڵۆپکی ئەو گیایانەی ھەڵپساند و خۆی پێ تێر کرد و شۆڕبۆوە بۆ گەرمەسێری کوردستانی پڕ خێر و بەرەکەتی عێراق و وردە وردە دانگەرێزەی کرد تا بەسەر خێر و خۆشیاندا کەوت. لەوێ کەوتە فەرعانە. دەغڵودان فەریکە ببوو، خانەخوێش ھەر کورد بوو، بەدڵ بوو، بەبەزەیی بوو، ئینسان بوو و دڵسۆزانە میوانداری کرد و بەخێوی کرد. من لە ماوەی ئەو گرانییەدا پیاوەتی ئەوتۆم بە پیاوی نەدار و زەحمەتکێشەوە دیتن کە بەڕاستی مایەی شانازی ئینسانیەت بوون. بەڵام بەداخەوە کارەساتی زۆر دڵتەزێن و دیمەنی زۆر دزێویشم دیتن. من بە چاوی خۆم دیتم ئینسان لەبرسان مرد. من ئینسانم دیت لەبەر موحتاجی خەریک بوو نووری چاوی خۆی بە ئارد سەودا بکا و ھەروەھا زۆر حەیوانی دووپێی وام دیتن بە ڕواڵەت ئینسان بوون کەچی لەو وەزعە نالەبارە بۆ ئاخنینی گیرفان یا دامرکاندنی ھەوەسی خۆیان کەڵکیان وەرگرت. ڕۆژێک لەبن دیوارێکی خواروخێچ خۆم لەبەر بەڕۆچکە ھەڵخستبوو و چیلکەم لە ھەردی دەوەژاند، ھێشتا خاکەلێوە بوو وڵات نەخەمڵیبوو. بیرم لە حاڵی ئەو خەڵکە ھەژارە دەکردەوە، چەند منداڵی دێ ھاتنە لام یەکیان گوتی: فڵانەکەس خەریکە ژن بێنێ. ئەو فڵانە کەسە پیرەپیاوێکی دڵڕەش و کۆنەگزیرێکی بەدفەڕ بوو. کەس کچی نەدەدایە و بێ ژن مابۆوە. پێکەنیم و گوتم: ئای لەو درۆیە! منداڵ تێکڕا وەجواب ھاتن، بە پەلەپەل و سوێند و قوران خواردن گوتیان درۆ ناکەین. ئەوە خەریکە کچی ئەو کابرا حەجەمە بکڕێ و لە خۆی مارە بکا. ماشاڵڵا جوانیشە. - چی، چی بیکڕێ؟ ! - بەڵێ، بەڵێ، بیکڕێ و لە خۆی مارە بکا. وەک فیشەک لە جێی خۆم دەرپەڕیم و منداڵ کەوتنە شوێنم. کە چوومە حەوشەی کابرا، دیتم بۆخۆی لەسەر کورسییەک دانیشتووە و لاقی ھاوێشتۆتە سەر لاق و ھەروا بزەی سمێڵانی دێ. پیرەپیاوێکی کەڵەگەت و تەژە و وشک و ڕەق، بەڵام بە داروبار لەبن دیوار ھەڵترووشکاوە و چوار منداڵی ڕەشوڕووت و کز و لەجەر لە دەوروبەری کەوتوون. کچێکی باڵابەرز و ئەسمەر و چاو و برۆ جوان، بەڵام لەڕولاوازیش پاڵی وەکۆڵەکەی بێڵاکە داوە. چارەڕەشی و نەگبەت لەو دیمەنە دەباری. - ھا کوێخا ئەوە چییە؟ - قوربان چت لێ وەشارم ئەو کچەم لەو پیرەمەشەدییە کڕیوە. - کڕیوتە؟ بە چەند؟ وەڵڵا قوربان بە گران، بە پووتێک ئارد. (زەردەخەنەیەکیشی بۆ کرد). ئاگرم لە جەرگ بەربوو، مچوڕکێکم لەبەری پێوە ھات و لە تۆقی سەرم دەرچوو، بەری چاوم تاریک بوو خەریک بووم بەگژ ئەو پیاوە دڵڕەشەدا بێم، بەڵام پیشم خواردەوە، خۆم ڕاگرت و لە مەشەدیم پرسی: ئەو کچە بۆ دەفرۆشی؟ ملی بەلاوە نا، ھەناسێکی ساردی ھەڵکێشا، ئاوی لە چاوی گەڕا و گوتی: دایکی دوو ڕۆژ پێش لە برسان مرد. بۆخۆشی کەنەفت بووە و ھەر بینا سلار بۆوە. دەستی بۆ لای منداڵەکان ڕاداشت و گوتی: ئەوانەش برسین. بۆیەی دەفرۆشم تا بۆخۆی لەبرسان نەمرێ و ئەوانەش بژێوی چەند ڕۆژێکیان ھەبێ. سەربەسەر بە زێڕم نەدەدا و ئێستا بە ئاردی دەفرۆشم. لە کچەکەم پرسی: تۆ بەو کارە ڕازی؟ مێرد بەو کابرایە دەکەی؟ فرمێسکی بە چاوە جوانەکاندا ھاتە خوار، بە شەرمەوە گوتی: «نینم ئوشاقلار ئاچدلار». - چ بکەم منداڵەکان برسین - گوتم ئەگەر خێرۆمەندێک ئەوەندە ئارد بدا بە باوکت ھێشتا حازری مێرد بەو کابرا پیرە بکەی؟ بە بێزارییەوە گوتی: «یوخ وەڵڵا» -نە بە خودا -. لەو کەین و بەینەدا ژن و منداڵی ئاوەدانی ئاپۆرەیان لە دەوری من دابوو. لە قسەکانمان نەدەگەیشتن. نەقڵەکەم لەسەرڕا بۆ گێڕانەوە، ژنەکان تێکڕا گوتیان: ئەیەڕۆ، چ خێر بوو کافرستانییە؟ گزیرە پیرەیان تف باران کرد و ھەموویان بەغار چوونەوە ماڵی خۆیان. ئینسانییەت گەیشتە ئەوپەڕی، دەوڵەمەند و ھەژار کەس بەدەستی بەتاڵ نەگەڕاوە. ھەریەکە لە قەدەر خۆیان، نان، کولێرە، ئاردی گەنم، جۆ، گەنمەشامی، ھەرزن، ماش، نۆک، نیسک، تەنانەت برینج و ڕۆن و جلکە کۆنیان لەگەڵ خۆیان ھێنابوو. زگی منداڵەکانیان تێر کرد و توورەکەی مەشەدییان ئاخنی. ئەو وەختە من لە خۆشیان گریام کە دیم منداڵە قۆشمەکانی دێ کە لەسەر دوو شایی میشێن و جگێن و شێر و خەت سەری یەکترییان دەشکاند، بە پەلەپەل و ھەلەھەل زارکی کیسە پەڕۆکانیان دەکردەوە و ھەرچی قەرەپووڵی ھەیانبوو لە مستی پیرە مەشەدییان دەکرد و بۆخۆیان مافنگی دەمانەوە. ھەستی ئینسانی ئەو کیژە کوردانە ئاواتی شەیتانی ئەو دیوەزمە بلەوەزەی کردە بڵقی سەر ئاو کە قرمی لەو کچۆڵە بێ دەرەتانە خۆش کردبوو. باربووی ئەو ئینسانە ساکار و پاکانە چەند ئەوەندەی ئەو نرخە بوو کە ئەو گورگە پیرە دەیویست ئەو بەرخۆڵە بێ ئازارەی پێ بکڕێ. چەند دڵخۆش بووم کە بە ھەمووان نەمانھێشت لە گوندە خونچیلانەکەماندا ئینسان بە ئارد سەودا بکرێ. تەنگانە بەریان کورتە. گرانی دوایی ھات. قاتوقڕی تەواو بوو. خەڵک کەوتەوە سەر کار و کاسبی. بەڵام زۆر کەس لەبرسان مردن، زۆر پیاو لە پیاوەتی کەوتن، زۆر ماڵ لە ماڵ بوون، زۆر کەس لەسەر ساجی عەلی دانیشتن و زۆر ناکەس پێگەیشتن. زۆر گیرفان ئاخندران. زۆر کۆشک قوت بوونەوە و زۆر مافوورە ڕاخران و زۆر ماشێن کڕدران. لە وڵاتێکی بێ سەرەوبەرەدا، لە ڕێژیمێکی کۆنی دەرەبەگایەتیدا ھەمیشە بەڵای تەبیعەت زوڵم و زۆر و خراپە و دزی و دەسدرێژی پیاوخراپانیشی لەگەڵە. ئەو ڕووداوە ناخۆشە زۆری کار کردە سەر ھەستی ناسک و شاعیرانەی من و ھەروەھا زۆریشی تەئسیر کردە سەر وەزعی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسی کوردەواری. وەزعی خراپی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی وڵات و نەداری و دەستکورتی زۆربەی خەڵک و زۆرداری کاربەدەستانی دەوڵەت و تاوان و خەیانەتی چینی دەستەڵاتدار بوو بەھۆی ڕاپەڕینێکی فیکری بێ وێنەی زەحمەتکێشانی کوردستان و ھەست بە مەسئوولیەتکردنی ڕووناکبیرانی شۆڕشگێڕ و لەخۆبوردووی نەتەوەکەمان. ئەو ڕاپەڕینە فیکرییە و ئەو ھەست بە مەسئوولیەتکردنە بوون بەھۆی ئەوە کە چینی چەوساوە و توێژی ڕووناکبیری کورد زۆر لە جاران بەبڕواتر و ئامادەتر لە دەوروبەری حیزبی دیموکراتی کوردستاندا کۆ ببنەوە. پاش ڕووخانی کۆماری مەھاباد قەت وەک ساڵەکانی ٢٩ و ٣٠ و ٣١ و ٣٢ ھەلومەرجی لەباری عەینی و زەینی بۆ خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران ھەڵنەکەوتووە. ++++++++++++++++++++++