شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: لە کوێوە بۆ کوێ؟ (بەشی ٢) سەبارەت: پێشەکی - ١٩٧٤/١/٢٣ ساڵی ١٣١٧ کە لاوێکی ١٧ ساڵە بووم، مامۆستاکەم لە کولیجە ڕۆیشت و منیش دەستم لە خوێندن ھەڵگرت و چوومەوە ماڵێ و دەستم کرد بە کار و کاسبی. ئێستا ماڵمان لە گوندی شیلان ئاوێ بوو، بابم سامانەکەی جارانی نەمابوو. بەڵام ھیمەتەکەی ھەر مابوو. برا و ئامۆزاکانی لێ جوێ ببوونەوە و ھەر گوندێکی بۆ مابۆوە. چاک خەریکی کاسبی بووم و زوو فێری کاری کشتوکاڵ کرام. بە ڕۆژ کارم دەکرد و بە شەو موتاڵا. ھەرچەند کتێب و ڕۆژنامەم کڕیبا بابم دەستی وەبەر دەستی نەدەھێنام. زۆر شەوی وابوو تا بەری بەیان نەدەنووستم و تەماشام دەکرد. بڕوام پێ بکەن ژوانی لەگەڵ کیژانم لەبەر خوێندنەوەی کتێب لەبیر چۆتەوە و لێم تۆراون و گلەیییان لێ کردووم. ئەو ڕۆژەی پیاومان لە شار دەھاتەوە و کتێب و ڕۆژنامەی بۆ دێنام نیوێکی ڕێگای بە پیرەوە دەچووم. چاپەمەنی ئەو سەردەمی ئێران پێشکەوتوو نەبوو. چەند گۆواری وێنەدار و جوان دەردەچوون، کە لەلایەن سەفارەتی ئاڵمانی نازییەوە یارمەتی دەدران و بە قازانجی نازیسمیان دەنووسی. کتێبی سیاسی ئەودەمی ھەموو لەبارەی ھیتلەر و مۆسۆلینیدا بوون. ڕۆژنامەکانیش تەبلیغاتیان بۆ ئاڵمان دەکرد و بە بەژن و باڵای پەھلەوییان ھەڵدەکوت. تەنیا ڕۆژنامەیەک کە ئەودەمی شیرین بوو و تا ژیاش ھەر شیرنتر بوو و نەحلەت لەو کەسەی مراندی تەوفیق بوو. ئەو ڕۆژنامەیە ڕۆژانی پێنجشەممو دەردەچوو و لە ھەموو ژمارەیەکدا دەینووسی: «شەوی جومعە دوو شتت لەبیر نەچێ. دووھەم ڕۆژنامەی تەوفیق». من ڕەبەن بووم، دەنا ئەویتریشم لەبیر دەچوو. بەڵام شەوی جومعە تەوفیقم لەبیر نەدەچۆوە. ئەو چیڕۆکانەی تەرجەمە دەکران زیاتر پۆلیسی بوون. چیڕۆکنووسی زۆر چاک ھێشتا لە ئێران پەیدا نەببوو. بەڵام من بۆژۆم نەدەکرد و ھەموو شتم دەخوێندەوە. ھاتوچۆی مەھابادیشم دەکرد و دۆست و ئاشنای چاکم پەیدا کردبوون. جارێ ئەوە ئەرکێک بوو بابم پێی ئەسپاردبووم ھەرچەند جارێ چووبامە شار دەبوو بچمە مەحکەمەی قازی موحەمەد و دیوەخانی میرزا ڕەحمەتی شافیعی و سڵاوی بابمیان پێ بگەیەنم. ئەو دوو جێگایە قەوغاترین دیوەخانی مەھاباد بوون و خەڵکیان زۆر لێ دەبوو و وردە وردە چاو و گوێم دەکراوە و گەورەپیاوەکانی وڵاتم دەناسین و ئەوانیش لەبەر خاتری بابم حورمەتیان دەگرتم. بێجگە لەو دوو جێگایە کە ئەگەر لەبەر قسەی بابم نەبا ھێندە نەدەچووم، جێگایەکی تریش ھەبوو کە ناکرێ ناوی بێنم. ئەو جێگایە مەکۆی ئەو لاوانە بوو کە ھەوای نیشتمانپەروەرییان کەوتبووە سەر. زەبیحی و ڕەسولی میکاییلی قزڵجی و نانەوازادە و ئیلاھی و سەیدی و زۆر کەسی ترم لەوێ ناسین. ھەژاریش ھەرچەند جاری ھاتبا شاری بەماڵی ئێمەدا دەھات. ئەو ڕەفیقانە کۆڕی ئەدەبی بچووکی کوردیان پێک دێنا و بە نھێنی شێعری کوردییان دەخوێندەوە. دەیان ناردە کوردستانی عێراق و ھەرچی کتێبی لەوێ چاپکرابان بۆیان دەھات و دەیان دا بە منیش. قەت نەم پرسی کێ بۆتان دەنێرێ و کێ دەیانھێنێ؟ من کاڵەک خۆر بووم نە بیستان ڕن. چەند شاعیریش ھەبوون شێعری خۆیان بە نھێنی بڵاو دەکردەوە. بەتایبەتی شێعرەکانی سەیفی قازی و... ئاگریان دەکردەوە. ساڵی ١٣٢٠-١٩٤١ من لاوێکی پێگەیشتوو بووم. لە کاروباری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری کارامە ببووم و لە ئەدەبیاتی فارسی و کوردیشدا شارەزایی تەواوم پەیدا کردبوو. بۆ خۆشم شێعرم دادەنا. دیوانێکی گەورەم دروست کردبوو. بابم ئەگەرچی بۆ خۆی ئەھلی زەوق بوو و شێعری زۆر پێ خۆش بوو، زۆری پێ ناخۆش بوو من ببمە شاعیر. لەکن ئەو ببڕای ببڕای باسی شاعیری خۆم نەدەکرد. دەفتەری شێعرەکانم وەک بێچووە پشیلە لە بابم دەشاردەوە. ڕۆژێک خەریکی شێعر نووسینەوە بووم. کارێکم ھاتە پێش وەدەرکەوتم و دەفتەرەکەم لە گۆڕێ بەجێ ھێشت. ترسی وەم نەبوو بابم لەو وەختەدا بێتە دیوەخان. زۆرم پێ نەچوو کە ھاتمەوە دەفتەرە سوور دیار نەبوو. پرسیارم کرد گوتیان بابت دەستی دایە و بردی، لە پشتێن بەرەژێرم مرد. پێم وا نەبوو بە ھاسانی نەجاتم دەبێ. زانیم خراپم لێ قەوماوە. شێعرەکانم پوختە نەبوون، لاسای شاعیرە کۆنەکانم کردبۆوە. ھەموو جۆرە شێعرێکم دانابوو. تەنانەت لە فڕھاوێشتندا لاسای شێخ ڕەزا و ئیرەج میرزای فارسیشم کردبۆوە. بۆیە ھەقم بوو بترسم. گاڵتە نەبوو، من ھەم شاعیر بووم و ھەم ئیعترافم بە گوناھ کردبوو، با بە خەیاڵیش بێ. منیش وەک شێخ ڕەزا بوختانم بە خۆم کردبوو و بابم شتی وای پێ قبووڵ نەدەکرا، بەڵام وا دیاربوو نەی خوێندبوونەوە. چوومەوە ژوورێ و گوتم ئەگەر کارەکە گەند بوو دایکم دەکەمە تکاکار. پرسیم گوتم کوا بابم؟ گوتیان بە تووڕەیی چووە متبەخ. خۆم وەپەنا دا، بە بۆڵەبۆڵ ھاتەدەر و لەبەر خۆیەوە دەیگوت: خوێڕی کارم بۆ فێر بووە. شاعیری شاعیری! دەیەوێ لەبرسان بمرێ. خۆم بەمتبەخدا کرد، تەماشام کرد دەفتەرەسوور لەسەر کڵی تەندوور بۆتە قەقنەس. ئەو دەمی زۆرم پەرۆش بوو. بەڵام پاشان گوتم دەستی خۆش بێ. چونکە بێگومان ئێستا مابان بۆ خۆم دەمسووتاندن. ڕاستە ھەموو مەوزوون بوون و قافیەیان ھەبوو. بەڵام لاساکردنەوەی تەواوبوون و ھەستی شاعیرانەی خۆمیان کەم تێدابوو. پاشانیش زۆری وام فڕێ داون. بێجگە لە کاروکاسبی ڕۆژانە و موتاڵا و خوێندنەوەی شەوانە لە دێ سەرگەرمی دیکەشم بوون، سواری و تەقڵە و ڕمبازی و ڕاوە کەو و ڕاوە تاژی و ڕاوە تفەنگ. بابم ئەسپی زۆر ڕەسەن و باشی ھەبوون کە زۆری خۆش دەویستن و باشی ئاگا لێ بوون. من و کاکم ھەمیشە ئەسپ و ماینی تایبەتی خۆمان ھەبوو. ھیچمان ھەقمان نەبوو سواری ئەسپی ئەوی تر بین، دیارە کاکم سەرپشک بوو و ئەسپی باشتری بۆ خۆی ھەڵدەبژارد. بەڵام لە دواییدا ھەمیشە ئەسپی من باشتر دەردەچوون. چونکە لەوی ھێدی تر بووم و کەمترم ماندوو دەکردن و لەوی بەمشوورتر بووم و چاکترم ئاگا لێ دەبوون و باشترم بەخێو دەکردن. زۆرجاریش گڕنەی تێ دەھاڵاندم و ئەسپەکەی لێ دەستاندمەوە و یەکی دیکەی دەدامێ. بەڵام بابم بۆی تێ ھەڵدەھێنامەوە و ئەسپ و ماینەکانی تری دەدا بە من سواریان بم و تەعلیمیان بدەم. سوارێکی باش بووم و وڵاغم چاک دەعاملاندن. بەڵام قەت ڕاوکەری چاک نەبووم. نە تەماڵ و دیاردیم باش دەدیتەوە، نە شوێنم چاک دەگێڕا، نە داوم بە پەلە بۆ دەچەقا، نە تفەنگم باش دەنگاوت. دیارە بە تاپڕ کەم وابوو لە ھەردی ببوێرم. بەڵام نەمدەگەیاندە ئەو تفەنگچیانەی لە ھەوا نەیان دەبوارد. ڕۆژانی جێژن و بووکھێنان و خەنەبەندان و کچ بە مێرد دان داوەت و ڕەشبەڵەکمان دەگرت. ھەموو جارێ پیاوێکی ماقووڵ و ڕدێن سپیمان دەناردە کن بابم و ئیجازەمان لێ وەردەگرت. ھەموو جارێ موخالەفەتی دەکرد. بەڵام ھێندی لەبەر دەپاڕاینەوە دەھاتە ڕەدایە و بەو شەرتەی لە نەدیوی دیوەخانی ئێمە داوەت بگیرێ ئیزنی دەداین. بەڕاستی خۆش بوو، کچ و کوڕ و ژن و پیاوی گوندەکەمان ھەڵدەپەڕین. من ئەو ڕەسمەم لە ڕەشبەڵەکی لادێدا زۆر پێ جوان بوو کە پیاو مەگەر ژن بۆ خۆی بانگی کردبا، دەنا ھەقی نەبوو بچێتە دەستی دۆیان. پیاو دەبوو ھەمیشە لەپێشەوەڕا بچێتە نێو گەڕی داوەت، دەنا عەیب بوو. بەڵام دۆ دەبوو لە پاشەوەڕا بێتە ناو داوەت و ھەڵبژاردن بە خۆی بوو. ئەو ڕەسمە دەگەڕێتەوە سەر ئەو زەمانەی کە ژن لە کوردەواریدا ئازادی پتر بووە. بۆ شەوداوەت ئیجازەمان لە کەس وەرنەدەگرت. شەوی مانگەشەوی ھاوین لە حەوشەی مەڕی کچ و کوڕی ئاوەدانی تێکەڵ دەبوون و داوەتیان دەگرت و ھەمیشە لەدووی منیشیان دەنارد. زستانان لە ئاخەل و ھۆڵاندا شەوداوەتمان دەگرتن. جارجارە سۆفی شەیتان و شۆفار خەبەری ئەو شەوداوەتانەیان بە بابم ڕادەگەیاند. ئەویش لەپێشدا جنێوی بە من و دوایە بە چەند کوڕەجحێڵەی دێ دەدا و کەمێکی ھەڕەشە لێ دەکردین و دەبڕاوە. بەڵام بە قسەی شەیتان و شۆفار دەستمان لە شەوداوەت ھەڵنەدەگرت و جنێوی گەورانیش بە قەولی کوڕەجحێڵەکان خەڵات بوو. زستانان بە شەو جۆرابێن و کاڵەمستێن و فەلەی بێدەنگ و کۆسەبازی و تەڕکی بن بەڕەیان لە مزگەوت دەکرد و بە ڕۆژ جگێن و ماتێن و مێشێن و ھێلکەشکێن و شێروخەتیان دەکرد. من تا کتێبم وەگیر کەوتبایە لە دیوەخانی خۆمان وەدەر نەدەکەوتم و نەدەچوومە سەیری ئەوانە. بەڵام سەرە بەھاران ھەموو ڕۆژێ دەچوومە تۆپێن. لە مانگی خەرمانانی ١٣٢٠-١٩٤١ ڕۆژێکی چووبوومە سەر خەرمانان. کرێکارەکانمان خەریکی مالووسک و زرینگاندنەوە و باڵەکەو بوون و منیش لەکنیان دانیشتبووم و ئەسپەکەم وەسەر کوێزر کردبوو. ئەودەمی فڕۆکە و ماشێن زۆر کەم بوون و خەڵک پێی سەیر بوون. لە پڕ دوو فڕۆکەی ڕەشی زەلام پەیدا بوون. ئێمە تا وێستا فڕۆکەی ئەوەندە زلمان بە ئاسمانەوە نەدیبوو. ھەموو دەستیان لە کار ھەڵگرت و تەماشای فڕۆکەکانیان دەکرد. دیمان فڕۆکەکان نیزیک بوونەوە و نەوی بوون و کاغەزیان بەردانەوە. ھەموویان ڕایان کرد بزانن چییە؟ ژنێک لەپێش ھەموواندا گەڕاوە و کاغەزێکی دامێ و گوتی ھا بە قوربانت دەبم بیخوێنەوە بزانە چییە و چێ تێدا نووسراوە؟ بڕوا بکەن وەختابوو لە خۆشیان باڵ بگرم. ئەو کاغەزە بەیاننامێک بوو کە بە زمانی کوردی نووسرابوو. چۆن ئەوە خەونە، یا ڕاستییە؟ دەوڵەتێکی گەورەی وەک یەکێتی سوویێتی بە زمانی کوردی بەیاننامە بڵاو بکاتەوە؟ بۆ من ھەروا کەم نەبوو. بۆ من کە شێت و شەیدای زمانی کوردی بووم ئەو پەڕە کاغەزە بەس بوو کە لە خۆشیان شاگەشکەم بکا. ئەو دەمی وا وردم لێک نەدابۆوە، بەڵام لە واقیعدا لە باری سیاسییەوە ئەو کارەی دەوڵەتی شوورەوی ئەوپەڕی ئازادیخوازی تێدا بوو و نیشانەی ئەوەبوو کە ئەو دەوڵەتە ئیعتراف بە بوونی گەلانی جۆربەجۆری ئێران دەکا. ئەو بەیاننامە بۆنی شەڕی لێ دەھات. دیاربوو لەشکری سوور ھاتبوو دەئێرانەوە. ھەرچەند لە بەیاننامەکەدا دڵخۆشی خەڵکیان دابۆوە و ھەڕەشە و شتی وای تێدا نەبوو، بەڵام ئێمە زۆر لە ڕووسان دەترساین. پیرەکان نەقڵی بەدفەڕی و بێ ڕەحمی و دەستوەشێنی لەشکری تەزاریان لە شەڕی یەکەمدا بۆ گێڕابووینەوە. لە سەرتاسەری ڕۆژگاری حکوومەتی پەھلەویدا ڕۆژنامەکانی ئێران ھەر شتی خراپیان لە دژی شوورەوی نووسیبوو. باڵشویک لەو سەردەمەدا لە ئێران گەورەترین جنێو بوو. خۆ بەتایبەتی پاش ئەوەی شەڕ لەنێوان ئاڵمانی نازی و یەکێتی سووێتیدا ھەڵگیرسا، چاپەمەنی ئێران ھەموو نووسینەکانیان بە سوودی ئاڵمان و بە زیانی شوورەوی بوو. ماوەیەک بوو شارەوانی مەھاباد ڕادیۆیەکی ھێنابوو و بەرنامەکانی «بیڕلەنی» بە زمانی فارسی بڵاو دەکردەوە، کە سەرتاپا جنێو بە کۆمۆنیزم و باڵشوێزم بوو. بەڵام ئەوانە ھیچی بۆ من لەو وەختەدا گرنگ نەبوون. گرنگ ئەوە بوو کورد میللەتێکە دەوڵەتان دەیناسن و بەیاننامە بە زمانی ئەو بڵاو دەکەنەوە. نازانم چۆن خۆم گەیاندە ئەسپەکەم و سواربووم و پێم پێوەنا و لەسەر جڵەوان چوومەوە ماڵ، بەیاننامەکەم بۆ بابم خوێندەوە. بەڵام ئەو بە پێچەوانەی من ڕەنگی بزڕکا، شڵەژا و بە کاوەخۆ گوتی: ڕۆڵە قەوما، وا دیارە ڕووس ھاتوونە دەئێرانەوە. شەڕ و کێشە پەیدا دەبێ، وڵات دەشێوێ. کوڕی خۆم تۆ نەت دیون و نایانناسی. زۆر خراپن، زۆر پیاوکوژ و بێ بەزەیی و دەستڕەشن. من کوشتاری سابڵاخم بە چاوی خۆم دیوە و لە بیرمە چۆن خەڵکی بێ دەرەتان و لێقەوماویان بەشیران شەق و پەق دەکرد. دەبێ زوو خۆمان خڕ کەینەوە و خۆ بگەیەنینە قایمە. خودا بمانپارێزێ. ڕۆژی پیاوانە، بۆ ئەو ڕۆژە بوو دەمگوت فێری سواری و تفەنگ ھاویشتن بن. بۆی مات بوو و دوو سێ جار لەبەر خۆیەوە گوتی: «ھەرزن و بزن چیایە مەزن». بابم ھەقی بوو نیگەران بێ. چونکە ئەو لەشکری تەزاری دیبوو. ئەو کوشتاری بێ ڕەحمانەی ژەنەراڵە کۆنەپەرستەکانی ڕووسی لە کوردستاندا دیبوو. ئەو وەکو زۆربەی ئێرانییەکان ئاگای لە ئاڵوگۆڕی پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە یەکێتی سوویێتیدا نەبوو. نەیدەزانی لەشکری سوور چۆن عاملاوە؟ بۆ ئێوارێ چەند پیاوی ماقووڵی مەھاباد پەیدا بوون. ئەوانیش دۆست و ھاوتەمەنی بابم بوون. شەڕی یەکەمیان وەبیر دەھات. زۆر لە بابم پتر نیگەران بوون. یەکیان گێڕایەوە و گوتی نۆ کەس لە بنەماڵەی ئێمە بە ڕۆژێک بەدەستی ساڵداتی ڕووس کوژراون. ئەو قسانە منیشی بڕێک نیگەران کردبوو. بەڵام لە خۆشی بەیاننامەکە ھەر شاییم لە دڵدا دەگەڕا. خەریکی خزمەتی میوانەکان بووم. بەڵام ھەر دەمە نادەمێک بەیاننامەکەم دەردێنا و دەمخوێندەوە و سەرلەنوێ لە تەنکەی گیرفانم دەناوە. شەو کاکم و پیاوەکانمان چوون و ژن و منداڵی ئەو میوانانە و خزمەکانی خۆمانیان لە شار ھێنادەر. بەیانی دوو فڕۆکە ھاتن و چەند نارنجۆکی بچووکیان بەشار دادا، ئەرتەشی شاھەنشاھی، ئەو ئەرتەشەی لە کوشتنی میللەتی ئێراندا لاسای داگیرکەرانی مەغوول و نازی دەکردەوە، تاوێکی بەربەرەکانی نەکرد و پێش ئەوەی لەشکری سوور بگاتە مەھاباد چەکی فڕێ دا و وەک تۆوی ھەرزن بڵاو بوو. ھەژار لەو بارەوە ھەر ئەودەم چەند جوانی گوت: «بەبڵاوبوونی دوو پەڕ ئاگاھی» «بوو بڵاو ئەرتەشی شەھەنشاھی» تفەنگی بڕنۆیان دەدا بە نانێک. ئەویش ئەوی ئازایان، دەنا ئەوی ترسەنۆک بەرتیلی دەدا تفەنگەکەی لێ وەرگرن. بەشی زۆری خەڵکی مەھاباد ڕوویان لە گوندەکەی ئێمە کرد. بابم پێشوازێکی باشی لێ کردن و ھەرچی ھەمان بوو لە ئیختیاری نان. عەمباری گەنمی کردەوە و ئاشەکانی گوندەکەمانی دا بە خەڵک و ھەرکەس ھەرچەندی ئارد ویستبا دەیاندایە. ھەموو ڕۆژێ جاڕیان دەکێشا ھەر کەس ھەرچی پێویستە بێ لەڕوودامان و شەرمکردن داوا بکا. خەڵکی مەھاباد ئەو پیاوەتییەی بابمیان لەبیر نەچوو و تا ما زۆریان ئیحترام گرت. چوار پێنج ڕۆژ کەس بەسەر کەسەوە نەبوو. لەپێشدا لەشکری ئینگلیس گەیشتە سابڵاخ و دەستێکیان ڕەسەر بارخانە خست و چەکی قورسیان برد. دوایە لەشکری سوور ھات. بە پێچەوانەی ئەوەی چاوەنۆڕی دەکرا نە کەسیان کوشت، نە کەسیان تاڵان کرد، نە ئازاریان بە کەس گەیاند. ئەوەندە باش لەگەڵ خەڵک جوولانەوە کە کەس بە لەشکری داگیرکەری نەدەزانین. نەقڵێکی خۆشم وەبیرھاتەوە: لە زەمانی پەھلەویدا کابرایەکی دز و چەتە و پیاوکوژ و خراپ پەیدا بوو. بە تاقی تەنێ کەڵەگایی لە خەڵک دەکرد. کەتە پێنج تیرێکی کۆنی پێ بوو و لەو ناوەدا دەگەڕا و ھەرچی وازی لێ با دەیکرد. پۆلیسی ئێران بۆی نەدەگیرا. بەڵام زانیبای چۆتە ھەر ماڵێک خاوەن ماڵەکەی دەگرت. کابرایەکی پیریان بەو تاوانە گرتبوو کە شەوێک «سۆغرە» یانی ئەو چەتە پیاوخراپە نانی لە ماڵی خواردبوو، دوو ساڵ بوو لە ورمێ گیرابوو. کە ھاتەوە پێوەی چووم و گوتم مامە چۆنت نەجات بوو؟ گوتی چووزانم، فریشتێکی سووری چاوشین ھات و دەرکی لێ کردمەوە و گوتی بڕۆ. لەشکری تاران لە موکریان نەما. لەپێشدا عەشیرەتەکان تا ڕادەیەک ئاڵۆزییان کرد و یەکتریان کوشت. بەڵام وردە وردە وڵات ئارام بۆوە و وەزعێکی لەبار بۆ جوولانەوەی سیاسی پێک ھات. ئێمە یانی ئەو پۆلە لاوەی لە زەمانی پەھلەوییەوە یەکترمان گرتبوو و دۆستانە پێکەوە کارمان دەکرد. مەیدانمان بۆ ئاوەڵا بۆوە و چالاکی خۆمان پەرە پێدا. دەمانناردە عیراق ڕۆژنامە و گۆواری کوردییان بۆ دەھێناین و دەمانخوێندەوە. من شێعری خۆم و شێعری شاعیرەکانی ترم بە خەت بۆ لاوەکان دەنووسینەوە و بڵاوم دەکردنەوە. دڵشادی ڕەسووڵی لە عیراقەوە ھاتبۆوە. ئەو ئیملای کوردی لە ھی ئێمە باشتر بوو و خەتیشی خۆشتر بوو و زۆریشی شێعری بێکەس و پیرەمێرد و ئەحمەد موختاری جاف و حەمدی لەبەر بوون و بە خەت بڵاوی دەکردنەوە. گۆواری گەلاوێژ ڕۆڵێکی باشی یاری کرد و لاوەکانمان فێری کوردی خوێندنەوە بوون. ھەلومەرج بۆ پێکھاتنی حیزبێکی ناسیونالیستی کوردی لە مەھاباد پێک ھاتبوو. پاش دامەزراندنی حیزبی تودەی ئێران چاپەمەنییەکانی ئەو حیزبەش ئاڵوگۆڕێکی فیکرییان لەناو کۆمەڵی کوردەواریدا پێک ھێنابوو. تەنانەت چەند کەسی کورد و ئەرمەنی تێکۆشان لکی ئەو حیزبە لە موکریان دابمەزرێنن. بەڵام خەڵک پێشوازی لێ نەکردن. حیزبێکیش بە ناوی حیزبی ئازادی بە بەرنامەیەکی چەپییەوە سەری ھەڵدا و نەژیا. تا ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢١ - ١٦ی ئابی ١٩٤٢ کۆمەڵەی «ژ. ک» دامەزرا. ئەوانی ئەو کۆمەڵەیان دامەزراند دۆستانی پێشووی من بوون. من لەو سەروبەندیدا لە تەورێز بووم و لە ڕۆژی دامەزراندنی کۆمەڵەدا حوزوورم نەبوو. کە ھاتمەوە بەھۆی زەبیحی کە لەمێژ ساڵ بوو دۆست بووین بە کۆمەڵە ناسێندرام. لە ماڵی یەکێک لە دۆستەکانی خۆم کە پاشان زانیم ئەندامی ژمارە یەکی کۆمەڵەیە و بەڕاستی تێکۆشەرێکی بەجەرگ و ئازا و نەبەز و کۆڵنەدەر بوو، بە قورئان و بە ئاڵای کوردستان و بە شەرەفی خۆم و بە شمشێر سوێندیان دام کە بە زمان و بە قەڵەم و بە ئیشارە خەیانەت بە نەتەوەی کورد و ئەندامی کۆمەڵە نەکەم. ناوی نەھێنی حیزبیم «ھێمن» بوو و ژمارەی ئەندامەتیم «٥٥». من ھەقم نەبوو ھیچ لەوان بپرسم. بەڵام ئەوان ئەوەندەیان موتمانە بە من بوو، پێم بڵێن ھەژاریش ئەندامی کۆمەڵەیە و خۆت لەکن ئەو مەشارەوە ئەوەش بەو ڕادەگەیەنین. بەو جۆرە من لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەدەبیمدا پێم نایە قۆناخێکی نوێ. ئەندامەتی کۆمەڵەی «ژ. ک» گۆڕانێکی سەیری بەسەر مندا ھێنا. شەو و ڕۆژ لە بیری کۆمەڵەدا بووم کە ئەویش ئامانجی ڕزگارکردنی نەتەوەکەم بوو. ھەموو ئاوات و ئارەزووی تایبەتی خۆم وەلا نا. ئیتر نەتەنیا دەستم لە شەوداوەت و ھەڵپەڕین و ڕێبازگرتن و لەسەر سوانە وەستان ھەڵگرت، بەڵکو وەک سۆفی تۆبەکار تووشی ھەر کیژ و ژنێکی کورد دەھاتم سەرم دادەخست و چاوم لێ نەدەکرد. چونکە ئەوەشم بە خەیانەت دەزانی. بۆ خاتری کۆمەڵە من دەستم لە یارێک ھەڵگرت کە بە گەورەترین مەحروومییەتی ژیانمی دەزانم و ڕابردنی زەمانیش لەبیری نەبردوومەوە و ناسۆری لە دڵمدا ھەر ماوە. لەو ساڵانەی دواییدا دۆستێکم کە باش لە شێعر بەتایبەتی لە سەبکی شاعیری من دەگا، گوتی: تۆ بۆ گوتووتە: ئاشقی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ خاڵ نیم؟ گوتم کاکە من قەت درۆم لەگەڵ ئیحساسی دەروونی خۆم نەکردووە. ئەگەر تۆ دەتزانی من ئەو شێعرەم لە چ ھەلومەرجێکدا گوتووە، بڕوات دەکرد ھەستی دەروونی خۆم دەربڕیوە و بەڕاستی لەو کاتەدا من لە خەیاڵی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ خاڵدا نەبووم. «کۆمەڵە» بێجگە لەوەی کۆمەڵەیەکی سیاسی بوو کۆمەڵەیەکی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیش بوو. زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵە بڕوایان بەو سوێندە ھەبوو کە خواردبوویان و دەستیان لە ئاکاری دزێو ھەڵگرتبوو. دزی، خراپە و نێوان ناخۆشی لە کزی دابوو و دەتوانم بڵێم لە ھێندێک جێگایان ھەر نەما. ھێندەی پێ نەچوو کۆمەڵە سەرانسەری کوردستانی ئێرانی تەنیەوە و پەلی ھاویشت بۆ پارچەکانی تری کوردستان، بەتایبەتی لە کوردستانی عێراقدا لکی کۆمەڵە زۆر پەرەی گرت و بەھێز بوو. ئەندامانی کۆمەڵە لە ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری پێک ھاتبوون و جیاوازی بیروباوەڕی سیاسی و فەلسفەییان ھەبوو. ئەگەر چاوێک بە ئۆرگانی کۆمەڵەدا بخشێنن ئەو ڕاستییەتان بۆ دەردەکەوێ، کە من لێرەدا مەجالم نییە بۆتان شی بکەمەوە. بەڵام ھەموو لەسەر شتێک ڕێک کەوتبوون. ئەویش ڕزگاری کوردستان بوو. ئەندامی کۆمەڵە خاوەنی ھەر بیروبڕوایەک با و لە ھەر چین و توێژێک بایە بۆ فەرمانی لای سەروو نەک ئامادە بەڵکە بەڕاستی فیدایی بوو. داھاتی کۆمەڵە تەنیا و تەنیا مانگانەی ئەندامان و فرۆشی چاپەمەنییەکان و داھاتی تیئاتر و نومایشەکانی بوو. کەچی زۆر بە باشی بەڕێوە دەچوو. ھۆی ئەوە بوو ھەموو کەس بەو پەڕی دڵخۆشییەوە مانگانەی دەدا و چاپەمەنی کۆمەڵەی بە چەند ھێندەی نرخی دیاریکراو دەکڕی. من خۆم دیومە ژمارەی «نیشتمان» یان بە ٢٠٠ ئەوەندەی نرخەکەی کڕیوە، نیشتمان قەت دانەیەکی نەدەماوە. کۆمەڵە لەپێشدا کتێبێکی بچووکی شێعری بڵاو کردەوە بە ناوی دیاری کۆمەڵەی «ژ. ک» کە شێعرە نیشتمانییەکانی حاجی قادر و مەلای گەورەی کۆیە و ھەژار و شێخ ئەحمەدی حیسامی تێدا چاپکرابوون و دەسبەجێ تەواوبوو. دوایە گۆواری نیشتمانی وەک ئۆرگانی کۆمەڵە چاپ کرد. یەکەم شێعری من لە ژمارە دووی نیشتماندا بە ناوی م. ش. ھێمن بڵاو کرایەوە و ئیتر بوومە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ئەو گۆوارە و لە ھەموو ژمارەکانیدا شێعر و وتارم بڵاو کردەوە. زەبیحی سەرنووسەری نیشتمان بوو و بەڕاستی لە چاپکردنی ئەو گۆوارەدا زەحمەتی کێشا و وریایی نیشان دا. جگە لە زەبیحی و چەند کەسی باوەڕپێکراوی تر کەس دەستەی نووسەرانی نیشتمانی نەدەناسی و نەیدەزانی ئەو گۆوارە لە کوێ چاپ دەکرێ. ئەندامی کۆمەڵە وەک ئەندامی حیزبێکی نەھێنی و بە دیسپلینی توند ھەر ئەوەندەی دەزانی کە پێویست بوو بیزانێ. لەبیرمە نیشتمانم بۆ بابم دەخوێندەوە. بەتایبەتی شێعرەکانی خۆم و دەیگوت کوڕە ئەو ھێمنە کێیە؟ لەدڵی خۆمدا پێدەکەنیم، بەڵام نەدەکرا بڵێم ئەو کەسەیە کە تۆ دەفتەری شێعرەکانت لێ لە تەندووری بە کەمران ھاویشت. کۆمەڵە گۆواری ئاواتیشی چاپ کرد و من لەویشدا نووسیم. تیئاتری «دایکی نیشتمان» گەورەترین تەبلیغاتی بۆ کۆمەڵە کرد. ئەو تیئاترە کە زۆریش ساکار بوو و دەتوانم بڵێم لەباری ھونەری و تەنانەت فیکرەوە ناتەواویش بوو. سێ چوار مانگ لە مەھاباد و شارەکانی تری موکریان لەسەر شانۆ مایەوە. کەم کەس ھەبوو نەچووبێ و ھەر کەسیش چووبا دەگریا و ھەستی کوردایەتی دەبزووت. لە دێھاتی زۆر دوورەدەستەوە خەڵک بۆ دیتنی ئەو نومایشە دەھاتن. بێجگە لە تەبلیغاتی سیاسی لەباری ماددیشەوە داھاتێکی زۆری ھەبوو و کۆمەڵەی دەوڵەمەند کرد. کۆمەڵە ھەر بەو داھاتانە توانی چاپخانەیەکی دەستی بکڕێ و لە مەھاباد دای بمەزرێنێ. تا زیاتر لە کۆمەڵەدا کارم دەکرد پلەی زانیاریشم پتر دەچووە سەر و لە پیاوی زانا و ئەدیبی وەک پێشەوا قازی موحەمەد و کاکە ڕەحمانی موھتەدی نیزیکتر دەبوومەوە و شتیان لێ فێر دەبووم. ھیچ کام ئەو پیاوە گەورانەی کورد کە لە پارچەکانی تری کوردستانەوە دەھاتن لە من شاراوە نەبوون. ھەمزە عەبدوڵڵا، مستەفا خۆشناوی شەھید و میرحاج و قودسی شەھید و زۆری ترم لەو تێکۆشەرانە دیتن و ئاڵوگۆڕی فیکریم لەگەڵ کردن. چاپەمەنییەکانی ئێران پێشکەوتووانەتر بوون و شتی تازەیان تێدا بوو. بەتایبەتی چاپەمەنییەکانی حیزبی تودەی ئێران لە ڕوونکردنەوەی بیروڕای سیاسی مندا کاریان کرد. ڕەوابیتی فەرھەنگی ئێران و شوورەوی لقی لە مەھابادیش دامەزرا. منیش یەکێک لەوانە بووم کە لەوێدا کارم دەکرد. ھەرچەند بەداخەوە ئەو بنکە پێشنیارەکانی منی جێبەجێ نەکرد و ھیچی بە کوردی بڵاو نەکردەوە، بەڵام زۆر شتی بە نرخی بە فارسی بڵاو دەکردەوە و کەڵکم لێ وەردەگرتن. شێعر و نووسراوی کوردی بە ئازەری و ڕووسی تەرجەمە دەکران و ئەوەش دەسکەوتێکی باش بوو بۆ ئێمە. یەکێک لەو شتانەی تەرجەمە کران و منیش لە تەرجەمەکردنیدا بەشدار بووم ئاڵەکۆکی ھەژار بوو، کە لەلایەن ئینسانێکی واقیعی و شاعیرێکی باشی ئازەربایجانی شوورەوی مامۆستا جەعفەر خەندانەوە بە ئازەری و بە شێعر تەرجەمەکرا. شەڕی ماڵوێرانکەری دووەم بە تێکشکانی فاشیزم و نازیسم و شرت و گوم بوونی ھیتلەر و کوژرانی مۆسۆلینی و گیران و لەناوچوونی شەڕ ھەڵایسێنەکان تەواوبوو. ھیوا و ھومێدی گەلانی ژێردەست و زۆرلێکراو گەشەی پەیدا کرد. لەشکری ھاوپەیمانەکان لە ئێران چوونەدەر. لە حاڵێکدا کە جوولانەوەی ڕزگاریخوازی گەلانی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەی دەگرت. گەلی کورد یەکێک بوو لەو گەلانەی کە ھیوای بە دواڕۆژی گەشەداری خۆی دەم بە دەم پەرەگرتر دەبوو. دەستەیەک لە ڕووناکبیران و ئەندامانی کۆمەڵەی «ژ. ک» ھاتنە سەر ئەو بڕوایە، کە جێبەجێکردنی بەرنامەی کۆمەڵە لە ھەلومەرجی ئێستای جیھان و کوردستاندا ئیمکانی کەمە. بۆیە بەرنامەیەکی کورت و نوێیان کە لەگەڵ ھەلومەرجی ئەو سەردەمیدا دەگونجا گەڵاڵە کرد و لە ڕۆژی سێی خەزەڵوەری ١٣٢٤ - ١٩٤٥ یەکەم کۆنگرەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری مەھاباد گیرا و ئەو بەرنامە پەسندکرا و ڕێکخراوی حیزبی دیموکراتی کوردستان ھەر لەسەر بناخەی ڕێکخراوی کۆمەڵەی «ژ. ک» دامەزرا و تەنیا لە کادری ڕابەریدا ئاڵوگۆڕێک پێکھات و پێشەوا قازی موحەمەد کە ئەندامێکی سادەی کۆمەڵە بوو و ناوی نەھێنی «بینایی» بوو بە پێشەوای حیزب ھەڵبژێردرا و سەرۆکی کۆمەڵە کە پیاوێکی زۆر تێکۆشەر و ئازا و پاک بوو لە کادری ڕابەریدا نەما. ئەم ئاڵوگۆڕە ھیچ کاری نەکردە سەر ئەو پیاوە و لە ڕیزەکانی خوارەوەی حیزبدا درێژەی بە خەبات و کاری خۆی ھەر دا و ڕەنجێکی زۆری کێشا. لە کۆبوونەوەکانی کۆنگرەدا من بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا لە بەرامبەر خەڵکدا شێعرم خوێندەوە. کاتێک بەڕێوەبەری کۆبوونەوە گوتی: ئێستا «ئاغای ھێمن» شێعرتان بۆ دەخوێنێتەوە و من بۆ شێعر خوێندنەوە بە شەرمەوە چوومە سەر مینبەری مزگەوتی سووری مەھاباد، ھەموو کەس تەنانەت پێشەواش واقی وڕما و لە خۆیان دەپرسی: چۆن ھێمن شاعیر و نووسەری نیشتمان «سەید موحەمەد ئەمینی شێخەلیسلامی» بوو و ئێمە نەمان دەناسی؟ بابیشم کە ئەوەی بیستەوە لە گفتی خۆی پەشیمان بۆوە و گوتی ھێمن شاعیرێکی باش نییە. حیزبی دیموکراتی کوردستان کۆڕێکی بە ناوی «ھەیئەتی ڕەئیسەی میللی» ھەڵبژارد کە منیش یەکێک بووم لە ئەندامەکانی. لە ھەڵبژاردنی ناوخۆدا حاجی بابەشێخ کە پیرترین ئەندام بوو، بە سەرۆک و من کە لاوترین ئەندام بووم بە سکرتێر ھەڵبژێردراین. چەند مانگ لەو کۆڕەدا کارم کرد. کارێکی گران بوو. ھەر من بە تەنێ بە کارەکان ڕادەگەیشتم و حاجی بابەشێخی ڕەحمەتی ھەر ئەوەندەی لەسەر بوو ئەوی من دەینووسم ئیمزای بکا. ھەرچەند لەبارەی دەستەڵات و ناوبانگەوە کارێکی گرنگ بوو، بەڵام لەگەڵ زەوقی من ڕێک نەدەکەوت. بەتایبەتی بەڕێ چوون لەگەڵ حاجی بابەشێخی خۆبەزۆرگر و کەللەڕەق کارێکی ھاسان نەبوو. لێرەدا کە باسی حاجی بابەشێخ ھاتە گۆڕێ دەمەوێ شتێکی مێژوویی ڕوون بکەمەوە. لە نووسراوی چەند پیاوی بێ خەبەردا دیومە و لە خەڵکی ساکاریشم بیستووە تاوانی خەیانەت وەباڵ حاجی بابەشێخ دەدەن. من حاجی بابەشێخم خۆش نەدەویست. چونکە لەگەڵ ئەوەشدا دەیانگوت لە علوومی دینیدا زۆر شارەزایە و ڕیازیاتی کۆن زۆر دەزانێ، پیاوێکی زۆر کۆنەپەرست و کەللەڕەق و خۆپەرست و ناشارەزا بوو. بەڵام زۆر ڕاست و پاک و ئازا و بە بیر و باوەڕ بوو. بە ھیچ بارێک تاوانی خەیانەتی پێوە نانووسێ. لەکاتی وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتی مەرکەزیدا دوور نییە فریوی خواردبێ و بە ھەڵە چووبێ. بەڵام لە ڕێگای ڕاست لای نەداوە. بڵاوە پێدانی گەمارۆی دەوری سەقز و سەردەشت و خوڕخوڕە کە تاوانەکەی دەخەنە سەر حاجی بابەشێخ پێوەندی بە مەسەلەیەکی قووڵ و نەھێنی سیاسییەوە ھەیە کە لێرەدا جێگای باسکردن نییە و با جارێ دەرخۆنەی لەسەر دابنێین و زۆر لە دەستەڵاتی حاجی بابەشێخ بەرەژوورتر بوو. حاجی بابە شێخ ئەوەندەی دەستەڵات نەبوو فەرماندەیەکی دەوروبەری ئەم شارانە بە قسەی بکەن و بکشێنەوە. خۆ ئەو ھیچ مەسئوولییەتی لەشکری نەبوو، لەشکری کوردستانیش وەک لەشکرێکی ڕەسمی بە قسەی فەرماندەکانی خۆی دەکرد نە بە قسەی سەرەک وەزیرێکی بێ دەستەڵاتی غەیرە نیزامی. ھیوادارم بەم کورتە نووسینە خوێنەرەکانم ڕوون کردبێتەوە. من وازم لە سکرتێری ھەیئەتی ڕەئیسەی میللی ھێنا و لە کومیسیونی تەبلیغاتی حیزبدا دەستم بە کار کرد. لە ھەموو چاپەمەنییەکانی حیزبدا دەستم بە نووسین کرد. لە ڕۆژنامەی کوردستان و گۆواری کوردستان و ھاواری کورد و ھاواری نیشتمان و گڕوگاڵی منداڵان و گۆواری ھەڵاڵەدا شێعر و وتارم بڵاو دەکردنەوە و لە میتینگەکانی حیزبدا بەشدار دەبووم. لە دەستەیەکدا کە بۆ دانانی کتێبی کوردی بۆ فێرگەکانی کوردستان کاریان دەکرد، ئەندام بووم. ئەندامە ئەسڵیەکانی ئەو لیژنە وەک لەبیرم مابێ، زەبیحی و ھەژار و برایمی نادری و دلشادی ڕەسولی و من بووین. پێشەوا بۆ خۆی و چەند مامۆستای شارەزاش یارمەتیان دەداین. ھەرچەند ھیچمان لەو کارەدا پسپۆڕ نەبووین، بەڵام چونکە زۆر بە دڵسۆزییەوە کارمان دەکرد پێم وایە کتێبەکان کە بەداخەوە چاپ نەکران خراپ نەبوون. ڕۆژی بیست و شەشی سەرماوەز ئاڵای کوردستان لە مەھاباد ھەڵکرا و ڕۆژی دووی ڕێبەندانی ١٣٢٤ کۆماری کوردستان دامەزرا. من نامەوێ لەو بارەوە بدوێم چونکە زۆری باس کراوە و تەنیا دەڵێم من لەو ڕۆژە پیرۆزانەدا بەشداربووم و شێعرم خوێندەوە. لەو ماوەدا من و ھەژار یەکماڵ بووین، شەو و ڕۆژ پێکەوە دەگەڕاین. ماوەیەکیش قزڵجیمان لەگەڵ بوو. کاتی بێکاری و سانەوەمان زۆر خۆش ڕادەبوارد. من کە پایەی خوێندەواری و زانیاریم زۆر لەوان کەمتر بوو، لە ھاونشینی ئەوان کەڵکم وەردەگرت و شت فێر دەبووم. چونکە من و ھەژار بۆ ھەموو جێگایەک پێکەوە بووین و لێک ھەڵنەدەبڕاین، زۆر کەس نەیدەزانی کاممان ھەژارە و کاممان ھێمن و ئەگەر یەکمان بە تەنێ گەڕاباین دەیانگوت کوا ئەوی تر؟ پاش دووی ڕێبەندان و پێکھاتنی کۆماری کوردستان کوردەکانی پارچەکانی تری کوردستان ڕوویان لە مەھاباد کرد و من و ھەژار لەگەڵ ھەموو پیاوە بەناوبانگەکان پێوەندی دۆستایەتیمان دامەزراند. مامۆستا قانیعیشم ناسی و لە ئەزموونی ئەدەبی ئەویش کەڵکم وەرگرت. زۆرم بیرەوەری خۆش لە ھاونشینی مامۆستا قانیع ھەیە کە بەداخەوە لێرەدا مەجالی گێڕانەوەیان نییە. دایکم لەمێژ بوو دەیویست ژنم بۆ بێنێ و تا نەمردووە من بە زاوایی ببینێ. بەڵام من ملم ڕانەدەکێشا و نەدەچوومە ژێر بار. خۆم بە خوێندەوار دەزانی و پێم وابوو ھەق نییە دایک و بابم ژنم بۆ بێنن. بۆ خۆشم لە ھەڵبژاردنی دەزگیراندا دڕدۆنگ بووم و ھەتا گەورەتر دەبووم ئەو دڕدۆنگییەم زیادی دەکرد. لەو ئاخیرانەدا ھاتبوومە سەر ئەو خەیاڵە کە ئەسڵەن ژن نەھێنم و بە ڕەبەنی بمێنمەوە. ھیچ کچێک تەبعی جوانی پەرستی منی ڕازی نەدەکرد و ڕەنگ بێ ئەگەر دایکم نەبووبا ئێستاش بوخچەی نەکراوە بووبام. بەڵام دایکم ئەو ساڵی پێی لێ لە کەوشان کردم و گوتی: ئیللا بیللا، پێت خۆش بێ و پێت ناخۆش بێ ژنت بۆ دێنم. لەولاشەوە ھەژاری لێ دنە دابووم و شەو و ڕۆژ لەبن ھەنگڵمدا بوو. ھەژار بەتەمەن چی وا لە من گەورەتر نەبوو. بەڵام سارد و گەرمی ڕۆژگاری لە من زۆر پتر چێشتبوو. دوو جاری ژن ھێنابوو و ئەزموونی لەو بارەوە زۆر بوو. توندی و سەرەڕۆیی دایکم و نەرمە نەرمە و دنەدانی ھەژار دڵیان نەرم کردم. دایکم برازایەکی خۆی کە کچی پیاوێکی بەدەستەڵات و دەوڵەمەند بوو بۆ خواستم کە نە دیبووم و نە دەمناسی. درۆ نەبێ جارێکی دووربەدوور لەبەر مانگادۆشین دیبووم. ئەویش ڕوخسارم نەدیبوو. بەڵام دەمزانی کورتە باڵایە. ئەوەش سەیر بوو من ئەو خۆوێژە نەبووم کە گوتوویەتی: «سەد نەحلەت لە حاڵەتم ھەر ئیی کورتم خۆش دەوێن» من لە ژندا ئەوی لە ھەموو شت پتر سەرنجم ڕادەکێشێ بەژن و باڵای ڕێکوپێک و بەرزە. ئەوەشم بە دایکم گوت. گوتی: ڕۆڵە ئەو قسانە چن؟ زێڕیش بچووکە. دایکم ژنێکی دنیادیدە و بەئەزموون و کارامە و زۆر بەدەستەڵات بوو. خزم و کەسوکار و دۆست و ئاشناشمان زۆر بوون، لەناو ئەو ھەمووانەدا ئەو برازایەی ھەڵبژاردبوو. دیارە ئەو بەدوای کچی شۆخ و شەنگ و جوان و چەلەنگدا نەگەڕابوو. ئەو دەیویست بووکێکی ئاکارباش و ڕەفتارچاک و وریا و بەمشوور و ماڵداریکەری ھەبێ. شایی ھێمن دەست پێکرا، ھەژار ھەڵبەزی، سەرچۆپی کێشا، دەستی دۆی ناسک و نازداری گوشی، چاوی لە کیژۆڵان داگرت و شەوانەش بەو قسە قۆڕانەی خۆی کۆڕی دیوەخانی وەپێکەنین دەخست. بەڵام ھێمن نیگەران بوو، نیگەرانی دواڕۆژی خۆی و بیری لەوە دەکردەوە چۆن لەگەڵ ژنێک کە ھەڵبژاردەی دایکیەتی و بۆ خۆی نەیدیوە و نایناسێ، دەتوانێ ژیان بەرێتە سەر. نەیدەزانی تۆقی لەعنەتی بۆ دێنن یا فریشتەی ڕەحمەت. ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٢٥ بووکیان بۆ دابەزاندم. دیارە ئەو پەری ناسک و نازدار و شۆخ و شەنگ و جوان و چەلەنگە نەبوو کە خەیاڵی شاعیرانەی من بەشوێنیدا دەگەڕا و ھێشتاش تووشی نەبووە. بەڵام زۆر زوو توانی خۆی لە دڵی مندا جێ بکاتەوە و وا لە خۆی بکا کە لە قووڵایی دڵمەوە خۆشم بوێ و ببێ بە یاری ھەمیشەیی و خەمڕەوێنی ڕۆژانی تاڵ و تفتی ژیانم. بیست و سێ ساڵ پێکەوە ژیاین و لە پەنا ئەودا ھەستم بەسانەوە دەکرد. قەتی ئەوەندە دڵ نەشکاندم ڕۆژێک تا ئێوارە لێی زیزبم و دەنگی لێ بگۆڕم. زۆر لە ژیانی ژن و مێردایەتیم ڕازیم. ئیقرار دەکەم ژیانی خۆشی ژن و مێردایەتیمان زیاتر ئەو پێکی ھێنابوو. چونکە من دەزانم حەساس و تووڕە و تەنانەت بیانووگر و جینگنۆکەم، بەڵام ئەو ھێدی و ئارام و ژیر بوو و بیانووی نەدەدا دەستم. تاقە کوڕێکمان بوو ناوی نا «سەلاح»، ئەوە ماوەیەکی زۆرە لە دیداریان بێ بەشم و دەردی دووری دەچێژم. یادیان بە خێر. ++++++++++++++++++++++