شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: شینی گۆران سەبارەت: مەهاباد - ١٩٦٢ هەر لە بۆتانەوە هەتا سۆران هەموو سۆرانی شینە بۆ گۆران هەر لە کوێستانەوە هەتا گەرمێن یەخەمان دادڕاوە تا دامێن لە جزیرە هەتاکوو بەحری ڕەش نییە کیژێ سەری نەنابێ لە هەش لە دیاربەکرەوە هەتا ورمێ سەر بەقوڕ، مل بەکوێنە نێر و مێ هەر لە کەرکووکەوە هەتاکوو سنە شین و ڕۆڕۆ و فغانی پیاو و ژنە لە مەریوانەوە هەتا زێبار وەک زرێبارە چاوی کوردی هەژار هەر لە زاخۆ هەتاکوو کرماشان پرسەیە، ماتەمە، بەخۆدادان لە مەهاباد هەتا سلێمانی ناڵە ناڵە لەباتی گۆرانی هەر لە بێجاڕەوە هەتا شەمزین کچ و کوڕ، لاو و پیری کورد شەمزین لە شنۆوە هەتاکوو سەنجابی تووشی کوردێکی بێ کەسەر نابی هەر لە هەولێرەوە هەتا پاوە نەتەوەی کورد پەشێوە، تاساوە جا چلۆن دڵ بەخەم نەبین، نەگرین جا چلۆن کۆڕی شینی بۆ نەگرین شاعیرێک بوو بەنرخ و بێ وێنە بیری ڕۆشن بوو، چەشنی ئاوێنە شاعیرێک بوو بەجەرگ و هەڵکەوتوو پێشڕەوی گەل بوو نەک لە گەل کەوتوو تاکی کەم بوو لە جوان پەرستیدا وەکوو مێو بوو وشە لە دەستیدا هەستی پاک، مێشکی تازە، بیری نوێ شێعری پڕ سۆز، قسەی بەتام و خوێ دڵتەڕ و خۆش خەیاڵ و ناسک بین بەهونەر، شارەزا، وشە ڕەنگین پێم پەری شێعر و مۆسیقا تۆران بۆیە بردیانەوە سەرێ گۆران یا خودای جوانی تووڕە بوو لێمان ئەو چرایەی ڕەوا نەدی پێمان ڕۆژگار گەوهەری وەبن گڵ دا داخی ئەو مایەوە لە ناو دڵدا داخەکەم ئەو بڵێسە دامرکا کە خەریک بوو وڵاتی ڕوونتر کا ڕۆیی گۆرانی خۆشەویست ڕۆیی شین و ڕۆڕۆی گەلی نەبیست ڕۆیی ڕۆیی بێ وەی گەلی بگا بەمراد ڕۆیی بێ وەی ببینێ کورد ئازاد ڕۆیی ئاواتی بردە بن گڵی ڕەش ڕۆیی کورد ماوە بێ کەس و بێ بەش حاجی، گۆران و پیرەمێرد مردن «داخەکەم کوردی ئێمە هەر کوردن» کوردن و تووشی ڕۆژی تەنگانەن مەردن و دیلی دەستی بێگانەن ++++++++++++++++++++++