شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: شەپۆڵی تۆڵە سەبارەت: ١٩٧٠ کوردە ئەی کوردی لە خۆشی بێ بەش! بەس نییە کۆیلەتی دێوەزمەی ڕەش؟ باژوێ ئەسپی هەوەسی خۆی هەروا بتگری بتکوژی وا بێ پەروا؟ ئەو «قزل قەلعە» کە بۆتە «باستیل» هەردەبێ پڕ بێ لە یەخسیر و دیل؟ تاکوو کەی نەشکێ کەلەپچە و دەسبەند؟ زەجر و ئازار و شکەنجە تا چەند؟ خوێنی لاوانی بەبیر و بڕوا هەر دەبێ بڕژێ، بەفیڕۆ بڕوا؟ هەڵوەرێ گەوهەری فرمێسکی هەتیو دەربەدەر بێ کوڕی ئازا و نەبەزیو؟ بێوەژن تەڕ بێ بەگریان چاوی کچ نەبینێتەوە شۆڕە لاوی؟ *** وەختی وەی هاتووە خۆت ڕاپسێنی تۆڵە وەرگریەوە، هەق بستێنی ڕاپەرە، هاتەوە دووبارە هەلت سەر و ماڵت بکە قوربانی گەلت کۆبەوە ڕێککەوە، لێک بەستە پشت ڕاکە مەیدانی خەبات گورج و گشت هاتەوە کاتی خەباتی شێلگیر هەڵبڕە بەندەک و کۆت و زنجیر کوڕبە، ئازابە، نەبەزبە، ڕۆڵە گژەبای ڕق بە، شەپۆڵی تۆڵە تووڕەبە، سووربەوە لێی وەک پۆلوو ئاگری دە وەکوو پووش و پووشوو *** ئەو لە خوێن مژتنی تۆ تێر نابێ تۆ دەبێ بۆ بەزەییت پێی دابێ لە هەموو لایەکەوە پێی دادە ڕاوی نێ، زوو لە وڵاتی ڕادە دەس و خەنجەر کوتوپڕ ڕاکە سەری وەدەری نێ وەدەری نێ وەدەری هەڵمەتی بۆ بەرە وەک شێری دڕ لەشکری لێ بکە دابڕدابڕ کۆستەکی خەنجەری تۆ بترازێ ئەو بەسەرنیزە کولەی نانازێ ویزە گوللەی چەکی تۆی بێتە گوێ ناپەڕێنێ لە سنووریشت سوێ بیتەزێنە بە پەلاماری توند بیبەزێنە لە چیاو شار و گوند بەندەن و دەشت و چڕی لێ بتەنە نەوەکوو دەرچی پڕی لێ بتەنە مەپرینگێوە لە ئاگر و ئاسن تێدەگەی چۆن بەگەلت ناناسن؟ تاکوو شۆڕش نەکرێ توند و تیژ تاکوو سەنگەر نەگرێ لاو و کیژ نادرێ مافی گەلی کوردی دلێر هەردەبی وا لە قەفەزدا بێ شێر ئەو ڕق و قین و بەگژداچوونە تاقە ڕێگایەکی ڕزگاربوونە ++++++++++++++++++++++