شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: مەتەرێزی شەرەف سەبارەت: ١٩٦٨ - چیا لێرەش لەنێو ئەو لێڕ و شاخ و بەردە لێرەش لەگەڵ ئەو هەموو داخ و دەردە لێرەش لەنێو شۆڕشی خوێناویدا لێرەش لە سەرکەوتن و تەنگاویدا لێرەش لەنێو زەبر و زەنگی زاڵمدا لەنێو ساچمە و دووکەڵی ناپاڵمدا لێرەش لەنێو گڕ و ئاگر و ئاسندا لە بەرامبەر تانک و تۆپی دوژمندا لێرەش لەنێو دەریای ڕقی بێ بەستێن لێرەش لەنێو کوڕانی تۆڵەئەستێن لێرەش لەنێو شەپۆڵی خوێن و کەفدا لێرەش لەنێو مەتەرێزی شەرەفدا خۆشەویستم لەبیرم ناچی تاوێ دەم فڕێنێ باڵی خەیاڵم تا وێ هەرچەند دوورم، بەڵام خۆش بێ خەیاڵم ئاوارە نیم وا دەزانم لە ماڵم *** هەر بینا دیت ڕمی کۆشکی زۆرداری گەیشتینە لووتکەی چیای ڕزگاری ڕەوی تەمی خەم و مژی پەژارە بووژانەوە ئەو هەتیوە هەژارە کوتکی کاوە و هێزی پێشمەرگەی دڵسۆز ڕۆژی ڕەشی کردە نەورۆزی پیرۆز مێشکی پژا ئەژدەهاکی مێشکخۆر جەللادەکەی ئەستۆی کەوتە بەر ساتۆر گیرا، ڕووخا، خاپوور بوو قەڵای سەختی وەبەر پێلاقان درا تاج و تەختی هەترەشی چوو ئەرتەش لە ترسی لاوان خوێڕی بەزین، هاتەوە ڕۆژی پیاوان نەترەی نەما دوژمن لەبەر پێشمەرگەم لەگشت لاوە هەڵات و نەیگرت بەرگەم زۆردارت دی هەڵاوەسرا سەرەوبن ئۆخژنی هات دڵی گەرمی بێوەژن خوێنڕێژت دی گەوزی لەنێو خاک و خوێن ڕازایەوە گڵکۆی شەهیدی بێ شوێن توانەوە دەسبەند، کەلەپچە، زنجیر کرانەوە دەرکی قەفەز لە یەخسیر ئەستڕاوە فرمێسکی ڕۆڵە کوژراو ئەستێنراوە تۆڵەی بێ کفن نێژراو بزەی هاتێ لێوی لە خۆشی بێ بەش جلکی گۆڕی سۆرانی شین، بەرگ ڕەش لە شینگایان گەڕا گەڕی ڕەشبەڵەک «شەم» و «شەمزین» گرتیانەوە دەستی یەک گەڕانەوە ئاوارە بۆ جێژوانان گرانەوە لە خەنە پەنجەی جوانان جا ئەو کاتە بە هەتوانی ئازادی ساڕێژ دەبێ برینی نامرادی ++++++++++++++++++++++