شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: فریشتەی پەڕیوە سەبارەت: ١٩٧٢ سەرنجم گەر دەبڕمە بەژن و باڵات کچی جوان! بۆچی ڕووگرژی چ قەیدی؟ منم ئەو شاعیرە جوانی پەرستە کە چاوی من جگە لە جوانی نەیدی بەمنداڵی کە پەروەردەی چیا بووم کەوم دی، پۆڕ و سوێسکە و ئاسکم دی بە لاوچاکی لە شاری کوردەواری کچم دی، نازەنین و ناسکم دی گەڕاوم چۆم و نواڵە و مێرگ و بژوێن بەماه و زەردی ئەستەم هەڵگەڕاوم تەماشای سوێسن و بەیبوون و شللێر بە دینی جوانی ڕاهێناوە چاوم لەبەر تاوێ لەسەر پشت ڕاکشاوم لەدەم جۆگە لەسەر فەرشی وەنەوشان لەسەر گوێسوانە کردم چاوەبڕکێن لەگەڵ گەورەکچی بەردەرکی حەوشان بەڕۆژی سارد و ساو دیومە بە زستان ترووسکەی بەفری بەرتیشکی هەتاوێ شەوی هاوین لەناو ئەستێرەکاندا گەلاوێژم دەدی پرشنگی داوێ لەناو گۆم و گەرمک و چۆم و قۆپی بەپۆلم دین قورینگ و سی و هەڵەتا! لەبەر بێر و لە هاویر و لە پاراو گەلێکم دیوە کیژی شۆخی کرما! لەمەیدان دیومە نێسکەی ئەسپی خۆشبەز لەگەڵ دەستوجلیتی شۆڕەسواران گەڕی شاییم لەپێش چاوی گەڕاوە لەرەی مەم، سووکە ڕەوتی گوێ بەگواران خوڕینی شوور و بازی مامزم دی شەپۆڵی گۆم و کەف هەڵدانی تاوگە بە مێڕۆژ و سیاسووتی بەهارێ گەلێک شەو ماومەوە تا ڕۆژ لە ڕاوگە لەسەر دوندی چیای سەربەرزی هەڵگورد ڕەوەی هەورم لەژێر پێمدا بەدی کرد تەماشای دیمەنی سەوزی وڵاتم منی سەرسام و شاگەشکە و خەنی کرد بەهەشتە کوردەواری من، بەهەشتە فریشتەم من، فریشتێکی پەریوە بە جوانی تۆ دەژیم لەم دوور وڵاتە وەرە لێم مەبڕە ئەو تەنیا بژیوە بەڵێ تۆ کیژی، نازداری، لەباری منیش پیرێکی زورهان و دزێوم بەڵام شیرنترە لەو شەکرەلێوە وشەی کوردی کە هەڵدەڕژێ لە لێوم ++++++++++++++++++++++