شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: ناسۆری تەشەنا سەبارەت: مەهاباد - ١٩٦٧ وەرە مەیگێڕ دەمەوێ ئەوشۆ خەمی دڵ کەم کەم لووزەوم بەردە سەرێ نامەوێ جورعەی کەم کەم تەشەنا بۆتەوە ناسۆری دەروونم دیسان زامی کۆنە و بەمەیی کۆنی دەبێ مەڵهەم کەم مشتوماڵی دەوێ ئاوێنەیی ژەنگاوی خەیاڵ مەست و گێژم کە، هەتا گاڵە بەجامی جەم کەم ئێستە بۆ چاری خەمم گۆشەیی مەیخانەیە جێم من کە ڕۆژێک دەمەویست میللەتەکەم بێ خەم کەم تا نەڕووخاوە، بڵا پڕ بێ لە خۆشی و مەستی تازە پێی ناوێ ئەمن هۆدەیی خۆم مەحکەم کەم چۆن نەبەم بۆ مەی و مەیخانە پەنا تێ گەییوم لەو وڵاتە هەموو شت زۆرە، بەنی ئادەم کەم پیر و زورهانم و ئێستاش دڵەکەم هەر دەیەوێ سەر و ماڵم بەفیدای خاڵ و خەت و پەرچەم کەم داستانی مەم و زین کۆنە، کچێکم گەرەکە شلکەڕانی بگوشم بۆنی لە سینگ و مەم کەم من لە جوانی دەگەڕێم، تێپەڕە زستانی دزێو کچ کە ڕووم نادەنێ، با سەیری گوڵ و شەونەم کەم شەڕەبایە لە چیاکان و هەوا تووشە دەنا وەکوو شێتان دەمەویست ڕوو لە چیای ئەستەم کەم ++++++++++++++++++++++