شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: شەنگەبێری سەبارەت: ١٩٦٨ - چیا شەنگەبێری! ساڵی ساڵان لە کوێستانی، لەناو مەڕی بۆ مەڕدۆشین هەڵت دەکرد ئەو باسکی سپی مەڕمەڕی لەبەر هاڕەی گۆبەرۆک و گوارە و کرمەک و ژێرچەنە نیوەڕۆیە لەبەر بێرێ کۆڕی مەڕی ڕادەپەڕی *** کە ئێواران کەزیت دەکردن سێ بەنگێ و چاوت دەڕشت بەو کەزی و چاوە نەرمانە بێ ڕەحمانە شوانت دەکوشت شەنگەبیزا بەسروەبا سوژدەی دەبردە بەر بەژنت ئاخر تۆش هەوای کوێستانی ئەو کوردستانەت هەڵدەمشت *** چێشتەنگاوان لە دەراوان کە خۆت لێ دەکرد پێ خاوس بە لەنجەولاری کیژانەت شەرمەزار دەبۆوە تاوس ئاهەنگی ژین و شادی بوو بەیانی کە تێکەڵ دەبوو شمشاڵی من، خرمەی بازن، گرم و هۆڕی مەشکەی گاوس *** شەنگەبێری گراوی خۆم وێنووسی جەماڵ و جوانی؟ ئێستاش پاڵێنێ وەک جاران لە شوان و مێگەل دەڕوانی؟ وا من پێشمەرگەم دەجەنگم بۆ وڵاتی لە تۆ شیرنتر نەم دەدا بەتەختی شایی دەنا بەردەبێری شوانی *** ڕاستە تۆ جوانی، لەباری، نازداری، شۆخی، نەشمیلی کوڵمت گەشترن لە گوڵ و خاڵت ڕەشترن لە زیلی جیابوونەوەت دەردە، بەڵام تۆش دەزانی تامی نییە ژوان و شەوڕاو و دڵداری، ڕاز و نیازی بە دیلی *** زۆری نەماوە بێتە بەر نەمامی هەوڵ و خەباتم لە داگیرکەر پاک بێتەوە خاکی پیرۆزی وڵاتم چەک دادەنێم، گۆچانەکەی جارانم هەڵدەگرمەوە تۆ هەر بێری بە، من هەر شوان، فریشتەی تاسە و ئاواتم ++++++++++++++++++++++