شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: ئامێزی ژن سەبارەت: ١٩٧٠ جاران پەناگای شەوانم ئامێزی ئاوەڵای ژن بوو گەرمی و نەرمی ئەو ئامێزە مایەی حەسانەوەی من بوو دەردی ژیان، ڕەنجی خەبات ماندووبوونی ڕۆژی ناخۆش بەشەو لە ئامێزی ئەودا هەمووم دەکردن فەرامۆش نیگای چاوی، بزەی لێوی برینی دەکردم ساڕێژ برینی ئەو دڵەی دوژمن بەتیر دەیکرد دابێژ دابێژ نازی، تۆرانی، زیزبوونی لاواندنەوەی، ئاشت بوونەوەی هەموو لە جێی خۆی شیرین بوون زۆر سەختە لە بیرچوونەوەی بەڵێ سەختە، یەکجار سەختە دووری لە ژن، نامرادی بەڵام لە ژن خۆشەویستتر لە لای من ئەتۆی ئازادی ++++++++++++++++++++++