شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: ماچی شیرین سەبارەت: تەورێز - ١٣٣٨ بە منداڵی لە لێوی ئاڵی تۆم ئەستاندووە ماچێ بە پیریش لەززەتی ئەو ماچە شیرینەم لەبیر ناچێ بەسەد دکتۆر و دەرمان و پەرستار ناکرێ چارەی کەسێک تیری مژۆڵی ئەو کچە کوردەی لە دڵ ڕاچێ دەکا گیرۆدەتر پیرانی دڵتەڕ ئەو کچە کوردەی بچێتە مەکتەب و بسکی بە مۆدەی تازە هەڵپاچێ خەم و دەردی زەمانە پیری کردم وشک و بێ زەوقم کە شاعیر وشک و بێ شۆر بوو لەناو خەڵکی دەبێ لاچێ لە گۆشەی بێکەسیدا ئێستە وا دڵتەنگ و خەمبارم نییە باکم ئەگەر ماڵم بە جارێکی بە قوڕدا چێ بەشی کوردێکی زانا لەم وڵاتە مەینەت و دەردە ئەوەی نەتویست بڵێ ڕەببی بە دەردی کوردی زانا چێ لەناو بازاڕی ئەوڕۆکەی ئەدەبدا شێعری تۆ (هێمن) وەکوو پووڵی چرووکە، هیچ ڕەواجێکی نییە، ناچێ ++++++++++++++++++++++