شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: بۆسەی ڕۆژگار سەبارەت: ١٣٣٨ نیمە ئاواڵێ لە گۆشەی بێکەسیدا غەم نەبێ چاکە ئەو لێرەش وەفای هەر ماوە، سایەی کەم نەبێ لاپەڕەی ژینم هەموو هەڵدەیتەوە تێیدا نییە باسی فرمێسک و هەناسە و شیوەن و ماتەم نەبێ ڕۆژگاری سپڵە بۆ من بۆسەیەکی نایەوە نەمدی هەر تیرێکی دەیهاوێ بەرەو سینەم نەبێ ڕەنجی دووری دڵبەرم بۆ کوشتنی من کافییە گەر لە دنیادا ئەمن هیچ مەینەتی دیکەم نەبێ کوا دەزانێ چەند پەرێشان و پەشێوە حاڵی من؟ ئەو کەسەی گیرۆدەیی ئەگریجەو و پەرچەم نەبێ ڕەمزی دڵداری لە زینێ فێر نەبوو یارم دەنا کوا ئەوینداری وەفاداری وەکو من، مەم نەبێ؟ کیژی شاریمان لەخۆی وەرگرتووە چارشێوی ڕەش داخەکەم نەمدی لەوێ مانگێکی دەورەی تەم نەبێ شادی جارێکی بەمیوانی نەهاتۆتە دڵم ڕەنگە خەڵوەتخانەیی خەم شوێنی نامەحرەم نەبێ خۆم دەسووتێنم هەتا بەزمی خەڵک ڕۆشن بکەم کێ لەڕێی خەڵکا وەکو شاعیر دەسووتێ شەم نەبێ ++++++++++++++++++++++