شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: موو ناپسێنم ئەمن دەمگوت لە دنیا تا بمێنم لەبەر کەس ئەستەمە سەر دانوێنم کەچی ئێستا لە داوی بسکی تۆدا گرفتارم گوڵم موو ناپسێنم *** ژیانم پڕ لە ڕەنجە و نامرادی بە هەڵکەوتیش نەهاتم تووشی شادی دڵم هێند تەنگە هەر جێی تۆ دەبێ و بەس ئەتۆش مەحکوومی حەپسی ئینفیرادی *** قەرار بوو بێی لەگەڵ خۆت شادی بێنی نەهاتی، گەرچی پێت دابووم بەڵێنی لەناو کوردا نەبوو پەیمان شکاندن لە کوێ فێر بووی گوڵم پەیمان شکێنی؟ *** ئەگەرچی ڕۆیی، قەت ناچی لە یادم دەکەم یادت، بەیادی تۆوە شادم کە بارگەت بۆ هەوار تێک نا عەزیزم شکا ئەستووندەکی تاوڵی مرادم *** شەوانە هاونیشینی جامی بادەم بە بادە با پەژارە و غەم بە با دەم کە دەستی ڕۆژگار بای دا سەری من سەری شووشەی شەراب وا چاکە بادەم *** ++++++++++++++++++++++