شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: فرمێسکی گەش سەبارەت: شیلان ئاوی - ١٣٢٧ قەت لە دنیا دا نەبوو بێجگە لە ناخۆشی بەشم مات و داماو و پەشێو و بێکەس و چارەڕەشم سەردەمێک ئاوارە بووم و ماوەیێکیش دەسبەسەر نەمدی ڕووی ئاسوودەیی، هەر تووشی گێرە و قەڕقەشم دابی کوردی وایە، کەس لاگیری لێ قەوماو نییە بۆچی سەرکۆنەی بکەم لێم زیزە یاری مەهوەشم؟ تیغی بێ مەیلی و جەفای ئەو نازەنینە دڵڕەقە جەرگی لەت کردم بە جارێک ئەنجنیویە سینەشم کوشتمی و شەش خانی ئوممێدی لە من گرتن حەریف مۆرە هەڵداوێم و بێهوودە بە هیوای دوو شەشم نابینی زەردە لەسەر لێوی کەسێ لەم شارەدا گەر خەم و دەردی دڵی خۆمیان بەسەردا دابەشم خۆشەویستی گۆشەکەی تەنیایی هەر ئەژنۆکەمە بۆیە ڕۆژ و شەو وەها گرتوومەتە نێو باوەشم نایەڵێ دوژمن بەڕەنگە زەردەکەی من پێکەنێ تا دەمی مردن ئەمن مەمنوونی فرمێسکی گەشم شاعیرێکی ڕاست و یەکڕووم و فیداکار و نەبەز کوردە موحتاجی محەک نیم زێڕی بێ غەلل و غەشم ++++++++++++++++++++++