شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: بەهاری کوردستان سەبارەت: نێزە - خاکەلێوەی ١٣٢٦ شەماڵ هات بە گاڵەگاڵ هەور بوون گەواڵ گەواڵ پشکووت گوڵی گەش و ئاڵ بلبل کەوتە ناڵەناڵ *** بە لەنگێزە، بە باران بە شنەبای بەهاران توانەوە وەک جاران کەوی بەفری نیساران *** نەما مژ و سەرما و سۆڵ نە سیخوار ما نە سەهۆڵ تەرت و ڕژد و شیو و دۆڵ لێی هاتە دەر گیا و گۆڵ *** دەشت و چیمەن ڕازاوە کێو و بەندەن نەخشاوە زۆنگ و چێنکە ژیاوە گیا سەری پێوە ناوە *** لە هەوشین و گەدە و لەند لە کوێستانی دە سامرەند هەڵز و بیزا و گیابەند تێک چڕژا، بۆتە زەمەند *** مەندۆک و خاو و کەما لە نەرمان و ئەستەما بە سروە هاتنە سەما وەیشوومە و سەرما نەما *** وێستاوە زەنگوڵ زەنگوڵ ئاونگ لەسەر پەلکی گوڵ لەسەر چڵی سوورەگوڵ بلبل دەخوێنێ بەکوڵ *** دیسان لە چیا و لە ڕازان دێ سیڕەی سەقر و بازان پێم خۆشترن لە سازان لە ئاهەنگ و ئاوازان *** بژوێنە هەموو وڵات زیندوو بۆتەوە ماڵات جەنگەی بانەمەڕێ هات بەرەو کوێستان چوو خێڵات *** دیسان هات وەکو جاران هەوهەوی شۆڕەسواران ویڕەی جلیت و داران خرمەی ناڵ و بزماران *** هات خرینگەی زەنگ و قۆڕ لوشمەلوشم و هۆڕە هۆڕ هۆقە هۆق و بۆڕە بۆڕ حیلەی جانوو ئەسپی تۆڕ *** کار و کووری بزن و مەڕ لرفە لرفی لۆک و نەڕ کوڕژنی ئەسپی بەدفەڕ گوێچکەی پیاوی دەکا کەڕ *** وەنەوشەی جوانی خۆشبۆ هاتە دەر لە لێوی جۆ دار دەری کردووە چرۆ کەروێشکەی کرد گەنم و جۆ *** سوێسن و بەیبوون و شللێر ڕواون لە جێگای زەنوێر قەڵبەزی بەست ئاوهەڵدێر شەپۆلان دەدا ئەستێر *** بۆنی خۆشی هەڵاڵە پیاو مەست دەکا لە نواڵە وەک شەهیدە گوڵاڵە لە خوێناوا شەڵاڵە *** گرمەی هەوری بەهاران دێ بەیان و ئێواران خوناوەی وردە باران تەڕ دەکا گەڵای داران *** ئەو ترۆپک و نشیوە ئەو یاڵ و خڕ و شیوە لە گوێن بەهەشت خەمڵیوە کێ مەڵبەندی وای دیوە؟ *** تیرەگ و گەوە و لاپاڵ پێی دادرا تارای ئاڵ سەرچاوەی سارد و زوڵاڵ هەڵقوڵی وەک زیوی قاڵ *** هات لە ڕەوەز و زەردان قاسپەی کەوی سەر بەردان ورتەورتی هەوێردان دێ لەناو شیناوەردان *** لەکن کارژیلە و بەرخەل لەکن بزن و مەڕی شەل کە بۆیان هەڵکەوێ هەل کچ و کوڕ دەکەن هەمزەل *** کیژۆڵەی شۆخی جوان چاک شۆڕەژنی داوێن پاک ڕووهەڵماڵاو و بێ باک دەڕەتێنن زاو و ماک *** فیتەی شوان، ئۆحەی گاوان دێ لە مۆڵگە و دەراوان دێتە گوێ لاوکی لاوان بالۆرەی بەڵەک چاوان *** منداڵ لە ڕژد و هەڵدێر بەر دەدەنەوە تاوێر شوانە لەسەر بەردەبێر تێی تووڕاندووە لە بلوێر *** مەڕ لە گۆشتا بووە سوور خۆ هەڵداوێن شەک و کوور گەماڵ دەکەن چەق و لوور سەوەڕیان دەچێ بۆ دوور *** کچی لەباری ڕەوەند هەڵی کرد بەلەک و زەند کەزی هۆنیەوە وەک بەند کوڕان دەگرێ بە کەمەند *** لەبەر دەرکی ڕەشماڵان دەبینی چاو کەژاڵان دڵان دەبەن بە تاڵان کاس دەکەن کوڕ و کاڵان *** لێوئاڵن، دەم بچووکن خوێن شیرن، ڕەزا سووکن کوڵمەیان وەک گوڵووکن گەورە کچن، نۆبووکن *** شل و مل و لەبارن چاو بەکل، گوێ بە گوارن دەسماڵ پووڵەکەدارن شەدە و گێل گێلە لارن *** ناسک و نەرم و نۆڵن خاوێنن، سپی و سۆڵن بڵباسی و توند و تۆڵن بە مژۆڵ جەرگان دەکۆڵن *** هەڵیان ماڵیوە باسک باسکی قەڵەو و ناسک کە دەکەن تاسکە تاسک ڕەوەکترن لە ئاسک *** کیژی مەرزینگ و سەکرن بە لەنجەولار ڕادەبرن ناز دەکەن، چاو دادەگرن کوڕگەل دەبەریان دەمرن *** کابانی قۆڵ بەبازن شەنگەبێری کێل گەردن لەنێو مەڕ دێن و دەچن وەک پۆلی پۆڕان دەچن *** سوێسن و وەنەوش و هەمین کەژێ و خەندان و جەمین خاسێ، کەوێ، خاتووزین بەپۆل دەچنە مەڕدۆشین *** زێڕن و کابان و مێرێ دانیشتوون لەبەر بێرێ ئەستی دەکا هاوێرێ گوڵێ بەرخان دەژمێرێ *** خونچە و گوڵووک و گەوەر شەم و کەژاڵ و دڵبەر زین و مرۆت و ئەسمەر لە تاوڵی هاتوونە دەر *** مامز دایگرتووە شیری ناسک دەکوشێ پەنیری ناز دەشێلێ هەویری کاڵێ دەکا نان تیری *** ئامان چۆتە کوڵێنێ پەری مەشکەی دەژێنێ بەسێ لۆرکێ دەکوڵێنێ خەیاڵ ئاوردووی دێنێ *** (هێمن) لەسەرەخۆبە نەکەی بچی بۆ هۆبە دەنا دەشکێنی تۆبە ئاور دەگری وەک سۆبە *** ++++++++++++++++++++++