شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: دایکی نیشتمان سەبارەت: مەهاباد - ١٩٤٦ لە کاتی نیوەشەودا بوو شەوێ دی ژنێکی پیر و ڕەشپۆشم لە خەو دی بەپارێز چوومە پێش لێی و گوتم پێی چکارەی دایەپیرە، پێم بڵێ کێی؟ لەبەر چی وا دژ و داماوی دایە چ قەوماوە کە وا شێواوی دایە؟ چییە؟ چۆنە لەبەر تۆدا جلی ڕەش؟ سەر و شان و ملت بۆ ناوەتە هەش؟ گوتی نازانی ڕۆڵەی هیچ نەزانم ئەمن کێم؟ ، ڕۆڵە دایکی نیشتمانم لە تاوی ئێوەیە وا مات و گرژم لە سوێی ئێوە دەسووتێم و دەبرژم دەبینم ئێوە داماو و هەژارن کز و خەمبار و زار و لێو بەبارن منیش بۆیە پەرێشان و پەشێوم دەبینی باری خەم نیشتووە لە لێوم؟ نەخۆشن ئێوە، بۆیە من نەخۆشم ئەسیرن ئێوە، بۆیە ڕەش دەپۆشم بەقوربانت دەبم ئەی دایکی دڵسۆز مەبە چیدیکە تۆ دڵتەنگ و ئاڵۆز تەماشاکە کوڕی تۆ شادن ئێستا هەموو سەربەستن و ئازادن ئێستا دەزانم ڕۆڵەگیان خەڵکی مەهاباد لەژێر دەستی کران ڕزگار و ئازاد بەڵام ڕۆڵەم برای ئێوە لە سەقز تەماشاتان دەکەن داماو و سەرکز چ شەرمە کاری ئێوە پێکەنین بێ بەڵام کاری ئەوان گریان و شین بێ ئەگەر پێت خۆشە جلکی ڕەش نەپۆشم بکەن ئازاد کوڕانی دیم و خۆشم لەبەر خۆت داڕنە دایە جلی ڕەش دڵت ڕوون بێتەوە کوڵمەت ببێ گەش هەنیسکان بەس بدە چیدی مەکە شین ببینە بەیرەقی سوور و سپی و شین ببینە «پێشەوا»ی مەشهووری ئێمە ببینە تۆ ڕەئیس جەمهووری ئێمە ببینە هێزی پێشمەرگە و بزانە کە نووکی نێزە شمشێری ئەوانە لەژێر دەستی دەکا ڕزگار و ئازاد تەواوی کوردەواری وەک مەهاباد ++++++++++++++++++++++