شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: ڕەشەمە سەبارەت: مەهاباد - ١٩٤٦ دەک بەخێربێی قەدەمت خێرە چ خۆشی ڕەشەمە تاکوو تۆ هاتی نەما و تێپەڕی ڕۆژی ڕەشی مە ئیستەکە کوردە هەموو بێ هەم و بێ دەرد و خەمە شادە، ئازادە، دەکا گاڵتەوگەپ، کەیف و گەمە نیشتمانی هەموو ڕازایەوە، باخی ئیرەمە شین و ڕۆڕۆ بوو بەشی کورد و سەری نابوو لە هەش چون لە ئازادی بڕێک نەیبوو ئەویش بەهرە و بەش کوردەواری هەموو داگرتبوو هەور و تەمی ڕەش نەدەبینرا لە چ لا تیشکی گەلاوێژی گەش بەشنەبایەکی ڕەحمەت ڕەوی ئەو هەور و تەمە هاتە مەیدانێ کوڕی کوردی وەکوو فیلی دەمان هەوڵی ئازادی دەدا ئەو بەهەموو وەخت و دەمان دوژمنی کوردی ئەوەی دیت و ترووسکایی نەمان دەشەکێنێتەوە با ئێستەکە ئاڵایەکەمان سەر و ماڵ و کەس و کارم بەفیدای ئەو عەلەمە لاوی کوردی لە هەموو لاوە وەکوو شێری ژیان دێتە مەیدان و دەڵێ: من دەمەوێ مافی ژیان تازە هەڵناخەڵەتێ ئەو، بەقسەی نەرم و نیان دوژمنی میللەتی کوردی هەموو تووڕەن کە دییان ئەو بەسەربەستی دەژی، دوژمنی زۆر و ستەمە ++++++++++++++++++++++