شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: ڕۆژی خۆشی سەبارەت: مەهاباد - ڕێبەندانی ١٣٢٤ ڕۆژی جێژن و خۆشییە تێپەڕ بوو ڕۆژی دەرد و خەم هات شنەی ڕەحمەت بە جارێک ڕای ڕفاند و بردی تەم دێ لە هەر لایێکی قاقای پێکەنینی کیژ و کوڕ دێ لە هەر سووچێکی نەغمەی ساز و تار و زیل و بەم گەرچی زستانە بەفر دایپۆشی ئەوڕۆ گشت وڵات خاکی پاکی ئێمە خەمڵیوە وەکو باخی ئیرەم جێژنی ئیستیقلالی کوردستانە، ڕۆژی شادییە جێژنە پیرۆزە لە لاوی هاووڵاتی خۆم دەکەم نۆجوانان! دەی بەقوربانتان دەبم کارێ بکەن بۆ تەرەققی کورد و بۆ پاراستنی خاک و عەلەم بۆ نەجاتی نیشتمانی خۆشەویست کارێ بکەن زوو دەری بێنن لە چەنگی دوژمن و دەستی ستەم هەر کەسێ بۆ لای سنووری نیشتمانی ئێوە بێ بیکوژن، وردی بکەن، بینێرنە موڵکی عەدەم لاوەکان! دڵپاکەکان! چالاکەکان! پێشمەرگەکان! ئێوە شیری لێ بسوون و ئێمە پڕدەینە قەڵەم هەر بەیەکگرتن لە دەست بێگانە دێنینە دەرێ خاکی پاکی کوردەواری، نایەڵین بۆ کەس ئەلەم جێژنە پیرۆزە دەکەم لێت و دەڵێم خۆش بی، بژی ئەی ڕەئیس جەمهووری کورد و پیاوی زانا و موحتەرەم تۆم بەخوا ئەسپارد و ئەسپاردم بەتۆ ئەی (پێشەوا) میللەتی دڵپاک و چاک و نیشتمانە جوانەکەم ++++++++++++++++++++++