شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: ڕێبەندان و شاعیر سەبارەت: هەواری کرماویلە - ١٣٢٥ ڕێبەندان! دیسان هاتیەوە سەرمان ڕەقمان هەڵێنی دیسان لە سەرمان بەسۆزەی زریان پیاوی دەکەی سڕ بە کڕێوە و باکوت ئاژەڵ دەکەی قڕ ڕێ و بان دەبەستی بە بەفر هەموو لەبەر پەساران هەڵدەنێی ڕنوو پڕووشە و مژ و کەڕەسیسەکەت تەپ و تومان و هەوا پیسەکەت پێیەوە هەزار ئازار و ئاهۆ کۆخە و هەڵامەت، لەرز و چەق و چۆ کە تۆ تەشریفی ناشەریف دێنی دڵی گەلی کورد دادەخورپێنی ماشین و ڕێگای ئیسفاڵتی نییە بەو سارد و سۆڵە عیلاجی چییە بە هەچەهەچی کەرێ چۆن باری لادێیی کوردی دەگاتە شاری؟ هەژار لێی دەبڕێ ئاوردوو و زمهەڕ کورووژمەی دەکا فەقیر، ماڵانگەڕ سەر دەنێنەوە پیر و نۆجوان بێ پەرستار و بێ داو و دەرمان بەخێر نەهاتی مانگی مژ و تەم دێنی بۆ ئێمە گەلێک دەرد و خەم ڕێبەندان: شاعیر ماڵ شێواو بۆ دژ داماوی گێژی، خەوئاڵووی، شێتی خەرفاوی؟ بۆچی تۆ ئاگات لە دنیا نییە؟ بۆچی نازانی دەنگوباس چییە؟ بۆ بەمن دەڵێی قسەی سوێر و تاڵ بۆچی نازانی بێ خەبەر! ئەو ساڵ زریانم هێنای بۆ کورد ئازادی شەماڵم هێنای بۆ ئێوە شادی مژی من هات و مژی هەژاری ڕەواند یەکجاری لە کوردەواری بەکەڕەسیسە و پڕووشە و سیخوار ئاواتی کۆنی کوردم هێنا خوار لە ڕۆژی مندا کورد بەڕووسووری هەڵی بژاردووە ڕەئیس جەمهووری جا ئەو جار باوی کوردی دێتەوە ئاسوودە دەبێ، دەحەسێتەوە شاعیر: گیانی شاعیرت دەکەم بەقوربان وا هاتووی ئەوساڵ مانگی ڕێبەندان! دەک بەخێرهاتی قەدەمت پیرۆز بەقوربانت بێ جێژنەکەی نەورۆز ڕۆژی تۆ جێژنی گەورەی کوردانە ناوت دەرمانی ژان و دەردانە ئەوساڵ بەهارە بۆ ئێمە زستان بمرێ دوژمنی کورد و کوردستان ++++++++++++++++++++++