شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: ڕۆژی شادی سەبارەت: مەهاباد - ١٣٢٤ ڕۆژی خۆشی و پێکەنین و داوەتە هەی چ ڕۆژێکی بەقەدر و قیمەتە جێژنی سەربەستی و دەمی ئازادییە کاتی عەیش و نۆش و شایی و شادییە بەرگی ڕەش ئیتر لەبەرمان دادڕا بەندەکی دیلی و ئەسارەت هەڵبڕا سەر بڵیندین چونکە وا ئاڵاکەمان هەڵکراوە گەیییە تەشقی ئاسمان پەرچەمی سوور و سپی و سەوزی ئەمە شادیهێنە لابەری دەرد و خەمە سوورەکەی یانی ئەوەی بێتە بنم خوێن دەبێ بڕژێنێ بۆ پاراستنم سپیەکەی یانی کەسێکە ڕوو سپی هیچ شتێک نەیکردبێ مات و کپی سەوزەکەی دێنێتە بەرچاوان وڵات ئەو دەمەی فەسڵی بەهاری جوانی هات تیشکی ڕۆژی کورد لەژێر هەوری سیا هاتە دەر ئەنگاوتی وا لووتکەی چیا دوو گوڵی گەنمیش دەڵێ هەر کشتوکاڵ زۆر بکەن مشتی بکەن عەمبار و چاڵ پێت دەڵێ نووکی قەڵەم؛ نووکی قەڵەم زۆر لە شیر باشتر دەپارێزێ عەلەم ++++++++++++++++++++++